ئەمڕۆ پاڵەوانی ئینگلتەڕا و ئەڵمانیا یاریی دەكەن

:: AM:11:29:25/07/2017 ‌

ئەمڕۆ سێشەم لەچوارچێوەی یارییەكانی پاڵەوانیەتیی جامی پاڵەوانان لە وڵاتی سەنگافورا هەردوو یانەی چێڵسی پاڵەوانی خولی نایابی ئینگلیزی و یانەی بایرن میونشنی پاڵەوانی خولی پلە یەكی ئەڵمانیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

یارییەكە سەعات 2:35ی دوای نیوەڕۆ بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی نیشتمانی لە وڵاتی سەنگافورا بەڕێوە دەچێت.

یانەی چێڵسی ئەمە یەكەمین یاریی ئامادەكارییە لە پاڵەوانیەتییەكەدا ئەنجامی دەدات، بەڵام یانەی بایرن میونشن دوو یاری تری ئەنجامداوە و لە هەردوو یارییەكەشدا شكستی خواردووە، هەفتەی رابردوو بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە و بەئەنجامی 2-3 گۆڵ بەرامبەر یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی دۆڕا بوو، شەمووی رابردووش بە ئەنجامێكی گەورە و بە 4 گۆڵی بێ بەرامبەر بە یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی دۆڕابوو.

هەر لە چوارچێوەی پاڵەوانیەتییەكەدا بەرەبەیانی سبەی چوارشەم سەعات 3ی شەو هەردوو یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی و رۆمای ئیتاڵی لە ئەمەریكا یاریی دەكەن.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەمیش چەندان یاریی گرینگ بەڕێوە دەچێت، لە یاریی یەكەمدا یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی سەعات 2:30ی شەو رووبەڕووی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دەبێتەوە، سەعات 4 یانەكانی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی یاریی دەكەن، سەعات 6 یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی رووبەڕووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەبێتەوە، دواتریش لە سەعات 1ی دوای نیوەڕۆ یانەی بایرن میونشن بەرامبەر یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی یاریی دەكات.

لە رۆژی یەكشەمیشی هەفتەی داهاتووشدا سەعات 1ی بەرەبەیان هەردوو یانەی ئینگلیزی مانچستەر سیتی و تۆتنهام یاریی دەكەن، سەعات 2:30ی شەو گەورەترین یاریی جامی پاڵەوانان بەڕێوە دەچێت ئەویش یاریی كلاسیكۆی ئیسپانیا لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە، دواتریش سەعات 11ی شەو هەردوو گەورە یانەی ئیتاڵی رۆما و یۆڤانتۆس رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م