مۆرینۆ هۆكاری گرێبەست نەكردنی لەگەڵ گاریس بێڵی ئاشكرا كردووە

:: PM:12:37:25/07/2017 ‌

جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی هۆكاری هەوڵی گرێبەست نەكردنی یانەكەی بۆ گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی روون دەكاتەوە.

هەفتەی رابردوو هەردوو یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و ریال مەدریدی ئیسپانی لە چوارچێوەی یارییە ئامادەكارییەكانیاندا لە پاڵەوانیەتیی جامی پاڵەوانان لە وڵاتی ئەمەریكا رووبەڕووی یەكتر ببوونەوە، یارییەكەش بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە بۆ یانە ئینگلیزییەكە بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ كۆتایی هاتبوو.

لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكەدا مۆرینۆ لە رێڕەوی تێپەڕینی یاریزاناندا چاوی بە بێڵ كەوتبوو و چەند قسەیەكی بەگوێیدا چرپاندبوو.

تەلەفزیۆنی (لا سیكستا)ی ئیسپانی بەشێك لە قسەكانی نێوان راهێنەر و یاریزانەكەی گواستەوە و رایگەیاند كە مۆرینۆ هۆكاری هەوڵ نەدانی گرێبەستكردنی یانەی مانچستەر یونایتدی بۆ بێڵ ئاشكرا كردووە.

مۆرینۆ بە بێڵی گوتووە كە بەهۆی ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ بە هاندەران و دەزگاكانی راگەیاندنی نەگوتووە ئارەزووی جێهێشتنی لە یانەی ریال مەدرید هەیە، وەك یانەی مانچستەر یونایتد هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ نەداوە.

بێڵ هەفتەی رابردو لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا هەموو دەنگۆكانی ئەم دواییەی رەت كردبووەوە كە سەبارەت بە جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید بڵاو كرابوونەوە.

بێڵ رایگەیاندبوو: هەرچەندە وەرزی رابردوو بەهۆی ئەنگاوتنەوە دۆخم باش نەبوو، بەڵام تا ئێستاش بەردەوامم لە یاریكردن و دەتوانم باشترین ئاست پێشكەش بكەم.

زیاتر گوتبووی: هاندەرانی یانەی ریال مەدرید دڵنیا دەكەمەوە بۆ وەرزی داهاتوو بە باشترین ئاست دەگەڕێمەوە، هەروەها ریزی یانەی شاهانە جێناهێڵم و گرێبەستێكی ماوە درێژم لەگەڵ یانەكەدا هەیە.

لای خۆشییەوە ماڵپەڕی (سكای سپۆڕتس نیوز)ی ئینگلیزی بڵاوی كردبووەوە: نە بێڵ و نە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید هیچ نیەتێكیان نییە كۆتایی بە گرێبەستەكەی نێوانیان بێنن، تەنانەت ئەگەر یانەكە ئەستێرەی تریش بهێنێتە ریزی تیپەكەیانەوە.

دەنگۆی ئەوە هەبوو كە بێڵ بۆ وەرزی داهاتوو لە رێگەی یانەی مانچستەر یونایتد پەیوەندی بە خولی نایابی ئینگلیزیییەوە بكاتەوە دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بەهۆی پێكان و كێشەكانی توانای جەستەوە لە بەشێكی زۆری یارییەكانی یانەی ریال مەدرید دابڕابوو.

بێڵ بەو هیوایەیە وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە نێو پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسییەوە و هەروەها ركابەری سەرجەم ناوە گەورەكانی یانەی ریال مەدرید بكاتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م