له كۆتای جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهان و له دابه‌شكردنى میراتى پیاوه نه‌خۆشه‌كه له ڕێككه‌وتننامه‌ى سایكس-پیكۆت، باشوورى كوردستان وه‌ك به‌شێك له باكورى خاكى عێراق دیارى كرا، ئه‌م به‌شه به‌درێژایى مێژوو ئارامى به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌میشه له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌كانى عێراق جه‌نگ هه‌بووه و ڕێككه‌وتن كراوه و ده‌ستوور داڕێژراوه، هه‌موو جارێك مافى كورد پێشێل كراوه، ئه‌مه‌ش واى كردووه تا ئێسته ئه‌م ڕێككه‌وتنانه هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بێت كه له ماوه‌ى 99 ساڵدا بوونیان هه‌یه.
له ساڵى 1918 به له‌به‌رچاوگرتنى هیوا و ئاواتى كه‌مینه‌كانى ده‌وڵه‌تى عوسمانى له ماده‌ى 12ى سه‌رۆك "ودرۆ ویلسن" ئاماژه‌ى پێ كرا، به‌شێوه‌یه‌ك "كه‌مینه‌كانى ناو ئیمپراتۆریى عوسمانى خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان پێ ده‌درێت به‌بێ هه‌راسانكردنیان، ئه‌مه‌ش له ماده‌ى 22 كۆمكارى نه‌ته‌وه‌كان جێگیر كرا.
له ساڵى 1920 له ڕێككه‌وتنامه‌ى سیڤه‌ر، ده‌وڵه‌ته سه‌ركه‌وتووه‌كانى جه‌نگ به‌سه‌ر سوڵتانى عوسمانییان سه‌پاند به پێدانى مافى نه‌ته‌وه‌كانى تر و پاشماوه‌ى ئیمپراتۆرییه‌ته‌كه‌یان دابه‌ش كرد به‌سه‌ر سێ به‌ش كه بریتى بوون له عێراق و سووریا و حیجاز، هه‌روه‌ها ماف به كورده‌كانى ویلایه‌تى مووسڵ و ئه‌رمه‌نه‌كانى توركیا درا، به‌ڵام به هاتنه ده‌سه‌ڵاتى مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، جێبه‌جێكردنى ئه‌م ڕێككه‌وتنه بڕیارى له‌سه‌ر نه‌درا و ڕێككه‌وتننامه‌ى لۆزان له ساڵى 1923 واژوو كرا و هیچ مافێك بۆ كورد و ئه‌رمه‌ن باس نه‌كرا.
مێژوونووسێكى كورد ده‌ڵێت، به‌قه‌د ته‌مه‌نى ده‌وڵه‌تى عێراق ڕێككه‌وتنمان هه‌یه له‌گه‌ڵیان، به‌ڵام به‌قه‌د ئه‌م مێژووه درۆیان له‌گه‌ڵ كردووین و ڕێككه‌وتننامه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كردووه.
سامان قادر به‌زاز هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دكتۆرا له مێژووى ناوه‌ڕاستى كورد، ده‌ڵێت، "كێشه‌ى ڕێككه‌وتنه‌كانى كورد و به‌غدا له‌یه‌ك خاڵ كۆ بووه‌ته‌وه، ئه‌ویش پابه‌ندنه‌بوونى به‌غدایه، ئه‌مه‌ش خاڵى لاوازى سه‌رجه‌م ڕێككه‌وتنامه‌كان بووه له مێژوودا".
ئه‌و ده‌ڵێ، "پرسه‌كه ئێسته ڕووه و لیژنه‌ى ڕیفراندۆمى كوردستانه، كاتێك ده‌چنه به‌غدا، نابێت مه‌رجیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت، به‌ڵكو ده‌بێت مه‌رج دابنێن به‌سه‌ر به‌غدا، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هه‌نگاوه‌كان ڕووه‌و به‌رژه‌وه‌ندى كورد بێت".
له ساڵى 1931 عێراقى پادشایى داواى ئه‌ندامیه‌تى له كۆمكارى نه‌ته‌وه‌كان كرد و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند بڕیارێكى كارگێڕى ده‌ركرد و یاساى زمانه فه‌رمییه‌كانى ده‌ركرد به‌زمانى كوردیشه‌وه.
له ساڵى 1932 عێراق له‌ژێر چاودێریى به‌ریتانیا ده‌رچوو و بوو به‌ئه‌ندام له كۆمكارى نه‌ته‌وه‌كان و ڕاگه‌یه‌ندراوێكى فه‌رمى بڵاو كرده‌وه كه هاوشێوه‌ى ده‌ستوور بوو، به‌ڵام هیچ مافێكى نه‌دابوو به كورد، ئه‌مه‌ش واى كرد جارێكى تر كێشه‌كان دروست ببنه‌وه و دروشمى ماف له به‌غدا به‌رز بكرێته‌وه.
له ساڵى 1958 دواى چه‌ند ڕۆژێك له ڕووخانى پادشایه‌تى و هاتنى حوكمى كۆمارى، ده‌ستوورێكى كاتى ده‌رچوو به‌سه‌رپه‌رشتى عه‌بدولكه‌ریم قاسم و له ماده‌ى سێى ده‌ستووره‌كه‌دا هاتووه، "كورده‌كان هاوبه‌شن له یه‌كێتى عێراق و دابینكردنى مافه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان"، ئه‌م خاڵه واى كرد كورد له شۆڕشه‌كه‌ى كه‌ریم جێگیر بن.
ساڵى 1961 له ئه‌نجامى جێبه‌جێنه‌كردنى به‌ڵێنه‌كانى ئه‌م ده‌ستووره كاتییه شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا و حكوومه‌تى عێراق شكستى هێنا و په‌ناى بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورد برد.
دواى كوشتنى عه‌بدولكه‌ریم قاسم و هاتنى ڕ‌ژێمى به‌عس له ساڵى 1963، ڕێككه‌وتنێك كرا كه كۆمه‌ڵه سه‌ربازێك و چه‌ند ئه‌ندامێكى ڕژیمى به‌عسى سووریا به‌شدار بوون به فه‌رمانده‌یى جه‌نه‌ڕاڵ تاهیر یه‌حیا سه‌رپه‌رشتیارى گشتى بوو كه عه‌بدولسه‌لام عارفى كرد به سه‌رۆك كۆمار و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر بۆ سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌رزوو ده‌ستیان كرد به له‌ناوبردنى ئه‌ندامانى نه‌یار و به‌شێكى زۆریان ڕوویان كرده لاى كورده‌كان و مافى مانه‌وه‌یان به‌ده‌ست هێنا و جارێكى تر شه‌ڕ ده‌ستى پێ كرده‌وه.
له كۆتاكانى ساڵى 1963 كۆنگره‌ى 165 ئه‌ندامیه‌تى عێراقى نه‌ته‌وه‌یى به‌ڕێوه چوو، كورده‌كان 24 ئه‌ندامیان بۆ كۆنگره‌كه نارد، به‌ڵام له 10ى نیسان سه‌رجه‌میان له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه گیران و دا‌واشیان كرد ده‌بێت مسته‌فا بارزانى له ماوه‌ى 24 سه‌عات چه‌ك دابنێت.
سازان كامه‌ران شاره‌زاى بوارى مێژوو، به"وشه" ده‌ڵێ، "مێژوو پێمان ده‌ڵێت ده‌نووسین له‌سه‌ر كاغه‌ز، به‌ڵام جێبه‌جێى ناكه‌ین له واقیعدا، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به لایه‌نى نه‌ته‌وه‌یییه‌وه لێك نه‌درێته‌وه، به‌غدا هۆى شكسته‌كانى ڕێككه‌وتنه‌كانه نه‌ك كورد".
ئه‌و ده‌ڵێ، "ڕێككه‌وتنه‌كان هه‌ندێكیان كورد كردوویانن و به‌زیانى خۆیان بووه، به‌ڵام له كۆتایدا ئه‌وه‌ى جێبه‌جێى نه‌كردووه به‌غدا بووه نه‌ك كورد".
له شوباتى ساڵى 1964دا گفتوگۆ له نێوان عه‌بدولسه‌لام عارف و مسته‌فا بارزانی كرا، به‌ڵام سه‌ركه‌توو نه‌بوو، چونكه به‌عسییه‌كان هه‌رزوو ده‌ستوورێكیان بڵاو كرده‌وه زۆر به‌شێوه‌یه‌كى زبر باسى كوردى ده‌كرد.
بارزانی چه‌ند داواكارییه‌كى نارد بۆ حكوومه‌تى عێراق تا ئاستێك ماوه‌ى چوار مانگ پێكدادانه‌كان خاو بووبوونه‌وه، به‌ڵام ساڵى 1965 جارێكى تر حكوومه‌تى عێراق دواى به‌هێزبوونه‌وه‌ى به‌هێزێكى زۆره‌وه هێرشى كرده سه‌ر كورد.
له نۆى ئه‌یلوولى ساڵى 1965 ماده‌ى 19 له ده‌ستوورى عێراق هه‌موار كرایه‌وه كه به‌م شێوه‌یه باسى كوردى ده‌كرد، "ئه‌م ده‌ستووره دووپات له مافه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى كوردان ده‌كاته‌وه له چوارچێوه‌ى یه‌كێتیى نیشتمانى برایانه‌ى نه‌ته‌وه‌یى عێراق"، ئه‌مه‌ش دواى چه‌ند شكستێكى به‌غدا به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
دواتر ڕێككه‌وتنی 11ی ئاداری 1970 له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانی رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان واژوو كرا كه "حوكمی زاتی" بۆ كورد و خوێندن به زمانی دایك و هاوكات زمانی كوردی ببێته زمانی دووه‌م، ساڵی 1977 دیاری كرا بۆ سه‌رژمێری له كه‌ركووك، ئه‌گه‌ر كورد زۆرینه بوو، شاره‌كه بێته‌وه سه‌ر ناوچه‌ی حوكمی زاتی، به‌ڵام عێراق پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و واده‌یه بێت، جارێكی تر ڕێككه‌وتنه‌كانی تێك دا، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی بارزانی گوتی: كورد مافی خۆی هه‌یه له نه‌وتی كه‌ركووك.
دوای چوار ساڵ له ئاداری ساڵی 1974، عێراق تاكلایه‌نه حوكمی زاتی ڕاگه‌یاند كه سه‌ركردایه‌تی كورد له‌گه‌ڵیدا نه‌بوون، چونكه سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ركووك، خانه‌قین و شنگال سه‌ربه ناوچه‌ی حوكمی زاتی بن، عێراقیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداریان نه‌ده‌بوو، ئه‌م سووربوونه‌ی كوردیان به ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ زانی و هه‌ڵمه‌تێكی توندیان له دژی كورد ئه‌نجام دا. به‌شێك له هه‌ڵمه‌ته‌كه بریتی بوو له رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ شای ئێران به ده‌ستبه‌رداربوونی "به‌نداوی عه‌ره‌ب"، له به‌رامبه‌ردا هاوكارییه‌كانی بۆ شۆڕشی كورد رابگرێ، ئه‌م ڕێككه‌وتنه بوو نسكۆی به‌دوای خۆیدا هێنا.
دكتۆره سامیه عه‌ڵایى له‌باره‌ى شكستى ئه‌م ڕێككه‌وتنانه ده‌ڵێ، "سنووره‌كان و جیۆگرافیایى سیاسى هۆكار بوون بۆ شكستهێنانى ڕێككه‌وتنى 11ى ئادار، نه‌بوونى سنووره‌كان له چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنه‌كه و بڕگه ئابوورییه‌كان هۆكار بوون بۆ شكستى 11 ئادارى 1970".
ئه‌م شاره‌زایه‌ى مێژوو، بۆ "وشه" ئاماژه به‌وه ده‌كات، "به‌غدا چۆن ده‌ستبه‌ردارى خاكێك ده‌بێت كه 50%ی ئابوورییه‌كه‌ى و سامانه‌كه‌ى بۆ دابین ده‌كات، بۆیه پێویسته كورد هه‌ڵه مێژووه‌كه‌ى دووباره نه‌كاته‌وه و بۆ ئه‌م جاره كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تى ببات بۆ ڕێككه‌وتن و كات و سنوور و ئابوورییه‌كه دیارى بكرێت، ئاسایییه كورد شه‌راكه‌ت به به‌غدا بدات بۆ نموونه له نه‌وتى كه‌ركووك بۆ 10 ساڵ تا ده‌ستبه‌ردارى بێت".
هاتنى سه‌دام و سه‌رده‌مى شه‌ڕ
به درێژایی ته‌مه‌نی سه‌دام حوسێن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات كه له 1979 ده‌ستی پێ كرد، هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵی نه‌گه‌یشته ئه‌نجام، ته‌نانه‌ت نیسانی 1991 كاتێك به‌ره‌ی كوردستانی به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی ویستیان له‌گه‌ڵ ڕژێمی عێراق ئه‌و خاڵانه‌ی حوكمی زاتی ئاداری 1970 نوێ بكه‌نه‌وه، نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام تا ڕووخانی سه‌دام، به‌ڵام له دوای راپه‌ڕینه‌وه تا هێڵی 36 به‌ده‌ست كورد بوو كه كه‌ركووكی تێدا نه‌بوو.
23 ساڵ حوكمى سه‌دام
كورد مێژوویه‌كى تاڵى هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانى عێراق ئه‌ویش سه‌دام حوسێن كه خاوه‌نى زۆرترین مانه‌وه‌یه له ده‌سه‌ڵاتى عێراق، له ساڵى 1979 تا ساڵى 1991 زیاتر له هه‌شت ڕێككه‌وتن كراوه و هه‌رجاره و به‌جۆرێك له جۆره‌كان ئامانجى له‌ناوبردنى كورده‌كان بووه. وه‌ك سامان قادر به‌زاز ده‌یڵێت.
له دوای ڕووخانی عێراق كه وڵاته‌كه بۆ یه‌كه‌م جار له ده‌ست ده‌سه‌ڵاتێكی تاكڕه‌وی سوننه ڕزگاری بوو، هه‌لێك ره‌خسا كورد و شیعه ناوچه‌ی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه و خاكی سوننه‌ش به‌ده‌ست خۆیانه‌وه بمێنێته‌وه. به‌ڵام كورد جارێكی تر ڕێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غدا و عێراقێكی داڕووخاوى خسته‌وه سه‌رپێ، به مه‌رجی ئه‌وه‌ی كوردستان ناوچه‌یه‌كی نیمچه سه‌ربه‌خۆ بێت.
ده‌ستووری عێراق گه‌ره‌نتیی مافه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و ئابوورییه‌كانی كرد و كه‌ركووكیش به ماده‌ی 140 كه له ده‌ستووره‌كه‌دا هاتووه، دوای سه‌رژمێری و ڕاپرسی، چاره‌نووسی یه‌كلا بكرێته‌وه، به‌ڵام دیسان ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، ئه‌گه‌رچی جاران سوننه بوون و ئێسته شیعه‌ن كه كورد زۆر متمانه‌ی پێ كردبوون، له ماوه‌ی 14 ساڵی ڕابردوودا نه كه‌ركووكیان یه‌كلا كرده‌وه نه هه‌نگاویان به‌ره‌و ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه نا كه كورد وه‌ك گه‌ره‌نتیی مانه‌وه له عێراق له ده‌ستووردا جێگیری كردبوو، به‌ڵكو له ڕووی ئابووری و سیاسییه‌وه، كوردستانیان به ته‌واوی به‌سته‌وه و له هه‌موو لایه‌كه‌وه ڕێگه‌یان له گه‌شه‌كردنی گرت، دواى ساڵى 2010 كورد شه‌ش په‌یمان و ڕێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى به‌غدا واژوو كردووه.
ئێسته كورد بڕیارى ڕیفراندۆمى بۆ سه‌ربه‌خۆیى داوه، ئه‌وه‌ش وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌كى دیموكراتییانه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا.