ژنێک لەهەولێر خاوەنی شەش منداڵە و لەلایەن خەسوویەوە بە تۆمەتی خیانەتکردن لە هاوسەرەکەی تەڵاق دەدرێت، ئێستا ئەو ژنە دوور لە منداڵەکانی دەژی، هەرچەندە بە بڕیاری دادگا دەبێ لە مانگێکدا دووجار منداڵەکانی ببینێت، بەڵام خەسووی ڕیگەنادات، ماوەی چوار ساڵە ئەو ژنە بەو هیوایە دەژی بۆ یەک ڕۆژیش بێ منداڵەکانی ببینێتەوە.
کەژاڵ ئەوژنەیە کە دوای 20 ساڵ لە ژیانی هاوبەشی لە گەڵ ئازاد بە تاوانی ئەوەی پێوەندی لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا هەیە تەڵاق دەدرێت و لە منداڵەکانی بێبەری دەکرێت، چاوەڕوانی کەژاڵ بۆ گەڕانەوەی نییە بۆلای هاوسەرەکەی نەبۆ ئەوەش کە بێتاوانی بسەلمێنرێت، بەڵکو هەموو هیوایەکی ئەوەیە بتوانێ بۆ یەکجاریش بێت منداڵەکانی ببینێت. کەژاڵ بەم شێوەیە چیرۆکی ژیانی بۆ "وشە" باس دەکات.
هەر لە سەرەتای هاوسەرگیریمانەوە، خەسووم وازی لێ نەدەهێناین، هەموو شتێک بە ویستی خەسووم بوو، چێشت لێنان و خەوتن وهەستان و هەموو بڕیاری ماڵ، من و مێردەکەم وەک ئامێربووین لە بەردەستی ئەودا، هەرکاتێک هەرشتێکی بەدڵ نەبوایە هەزار قسەی ناشرینی پێدەگوتم ودواتریش بە ئازادی مێردمی بە لێدان دەدام، زۆرجار بۆخۆی و کوڕەکەشی ئەوەندە لێیان داوم تا بوراومەتەوە.
زیاتر دەڵێت، ماڵی باوکم دەیانزانی حاڵم چۆنە، بۆیە پارچە زەوییەکیان بۆکڕیم و منیش هەموو ئاڵتونەکانم فرۆشت و خانوومان پێ دروستکرد، خەسووم بەومەرجە ڕێگەیدا ماڵ جیا بکەینەوە کە ئەو خانووە بفرۆشین و لە نزیک ئەو خانوو بکڕین و بیشیکەین بە ناوی ئازادی مێردمەوە هەرچەندە هیچ پارەیەکی ئەوی تێدا نەبوو، بەڵام تەنیا لەبەر ئەوی ڕازی ببێت ماڵمان جیابکەنەوە کردمان.
کەژاڵ و ئازاد ماڵیان جیا دەکەنەوە و دەچنە خانویەکی نزیکی ماڵی خەسووی، کەژاڵ باس لەوەدەکات کە خەسووی هەر کۆڵی لێنەداون، بەڵام هەرنا توانیویانە بە ئارەزووی خۆیان بخۆن و بخۆنەوە و لەگەڵ منداڵەکانیان بە ئاسودەیی چەند سەعاتێک لەڕۆژدا بەتەنیا بن، دوای چەند ساڵێک ئیدی ئەوەی کەژاڵ چاوەڕانی نەدەکرد ڕوودەدات.
ئازاد کارێک لە دەرەوەی شار دەدۆزێتەوە، بەهۆی کارەکەیەوە 10 ڕۆژ لە ماڵەوە دەبێت و 10 ڕۆژ لەکار دەبێت، لەماوەی ئەو 10 شەوەدا خەسووی ڕیگە نادات کەژاڵ لەگەڵ منداڵەکانیدا بەتەنیا بن و ئەو دەچێتە لایان، کەژاڵ و منداڵەکانی بە مانەوەی دایکی ئازاد زۆر دڵگران بوونە، وەک خۆی باسی دەکات چونکە هەموو ئازادییەکی لێ زەوت کردوون، شەوان وەک پاسەوان بەدیاریانەوە بووە و پێی گوتوون ئەوان شایەنی ئەوە نین بڕوایان پێبکرێت بۆیە ئەو بۆ پاراستنی شەرەفی کوڕەکەی ماوەتەوە.
ئەوشەوەی کەژاڵ بە خەیاڵیشیدا نەهاتووە بە هەموو بەسەرهاتەکانیەوە دێت و ژیانی بە یەکجاری لەگەل خێزانەکەیدا تێک دەچێت، کەژاڵ ئاوا باسی ئەو شەوە دەکات، ئەو ڕۆژە دوو تەشت نانم کردبوو، هەموو ماڵم پاک کردبویەوە چونکە بۆ بەیانی ئازاد دەگەڕایەوە، بۆیە هەموو مالم ڕێک خستبوو، هەر زوو ئەوشەوە خەوتم، کوڕە بچوکەکەم کە ئەوکات تەمەنی سێ ساڵ بوو شەو خەبەری کردمەوە تاوەکو بیبەم بۆ دەست شۆر، خەسووم لەوکاتەدا لەسەربان دەرکەوت لەگەڵ کوڕێک هاواری کردوو هەزار قسەی ناشرینی بەمن گووت گوایە ئەو کوڕە بۆلای من هاتووە.
زیاتر دەڵێ، هەرئەو شەوە هەموو شوبراکانمی بانگ کرد و مێردەکەمی هێنایەوە، بە هەموویان لێیان دام و منیان لەناو گەرماوەکەدا بەندکرد، چەند پاڕامە و هاوارمکرد بێ تاوانم، بەڵام هیچ حسابێکیان بۆ نەکردم، دوای سێ ڕۆژ منیان لە گەرماو دەرهێناو گوتیان دەتکوژین، کچە گەورەکەم بەدزی ئەوانەوە هەواڵی بە ماڵی باوکم دا و ئەوان فریام کەوتن دەنا هەر ئەو ڕۆژە دەیانکوشتم.
ماڵی باوکی کەژاڵ کچەکەیان دەبەنەوە و لێکۆڵینەوەش لەو ڕوداوە دەکەن کە بەسەر کچەکەیان هاتووە، دواتر بۆیان دەر دەکەوێت، ئەو کوڕە لەگەڵ کچێکی دراوسێیاندا ژوانیان هەبووە و لە سەربانی ماڵی ئەوانەوە ویستویەتی رابکات، بەڵام خەسووی کەژاڵ گرتویەتی و نەیهێشتووە ڕابکات، ئەو کوڕە لە دادگا شایەتی نادات و خۆی ون دەکات، بۆیە هەموو شتێک لە دادگا لە دژی کەژاڵ دەبێت.
کەژاڵ نایشارێتەوە کە بەهەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوەی داوە لەگەل مێردەکەیدا قسەبکات و بڕوای پێ بهێنێت، بەڵام مێردەکەی لەترسی دایکی قسەی لەگەڵ ناکات، کەژاڵ و ئازاد جیادبنەوە و دادگا منداڵەکان دەدات بە ئازاد، بەپێی بڕیاری دادگا دەبێت لە مانگێکدا دووجار کەژاڵ منداڵەکانی ببینێت، بەڵام خەسووی گوتویەتی هەتا ئەو بمێنێت نابێت بۆ یەک خولەکیش یەکتری ببینن، کەژاڵ ئێستا هەموو هیوایەکی ئەوەیە دووبارە منداڵەکانی ببینێت.
هەولێر/ئیڤان عەبدولڕەحمان