عومه‌ر سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە یەکەم وتاری دوای بوون بە رێکخەر راى گه‌یاند، دووپاتى یه‌كڕیزی گه‌له‌كه‌مان به هه‌موو پێكهاته و لایه‌نه سیاسیی و ئاینیی و نهتهوهییهكانییهوه ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئەوەی به له یه‌كتر تێگه‌یشتن و یه‌كتر قبوڵ كردن بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت فه‌راهه‌م بكه‌ین.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 25ى تهمووز، عومه‌ر سه‌ید عه‌لى دواى دیارى كردنى وه‌ك رێكخه‌رى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، وتارێكى پێشكه‌ش كرد و راى گه‌یاند، به ڕوونی و ئاشكرا له زۆر بۆنه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه كه هه‌رێمى كوردستان به ته‌نگژه‌ى سیاسیی و ئابووری و یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی قورس‌دا تێ ده‌په‌ڕێ، بۆیه به‌رپرسیارێتیمان گه‌وره‌تر بووه به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان له‌ڕووی ئه‌ركه نیشتمانیی و نهتهوایهتییهكانمان.
زیاتر گوتى، گۆڕان دووپاتى یه‌كڕیزی گه‌له‌كه‌مان به هه‌موو پێكهاته و لایه‌نه سیاسیی و ئاینیی و نهتهوهییهكانییهوه له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ئارامیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دەکاتەوە.
"له‌سه‌ر مووچه‌ی خه‌ڵك و ئازادی و شه‌فافیه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا و پاراستنی چه‌مكی هاووڵاتیبوون و به‌نیشتمانی كردنی هه‌موو داموده‌زگه‌كانی وڵات پێداگرى ده‌كه‌ین و ئەوانهش به وتووێژ و له‌یه‌كتر تێگه‌یشتن و یه‌كتر قبوڵكردن ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت تا بتوانین به هه‌موو لایه‌ك بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت فه‌راهه‌م بكه‌ین" رێكخه‌رى گشتیی گۆڕان واى گوت.
عومه‌ر سه‌ید عه‌لى ئه‌مڕۆ به‌كۆی ده‌نگى 38 ئه‌ندامى جڤات به‌بێ هیچ ركابه‌رێك كرا به رێكخه‌رى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و هاوكات پێنج كه‌سى تر بۆ خانه‌ى راپه‌راندن هه‌ڵبژێردران.