قوتابییەكی نابینا نمرەكەی لەسەرووی 97ە و ناوی نەخراوەتە لیستی یەكەمەكان

:: PM:05:42:25/07/2017 ‌

قوتابییەكی نابینای شاری هەولێر لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی، نمرەیەكی بەرزی هێناوە و باوكیشی نیگەرانە لەوەی بۆچی تا ئێستە ناوی لە 10 یەكەمەكەی كوردستان تۆمار نەكراوە.

هیوا حامد باوكی "ئاكار" لەبارەی ناو نەهێنانی كوڕەكەی لە ریزی 10 یەكەمەكانی كوردستان بۆ "وشە" دەڵێت، ئاكار نابینایە و لە ماڵەوە دایكی وانەی پێ دەگوت، واتا ئەو وانەكانی بۆ دەخوێندەوە و ئەویش گوێی دەگرت، منیش وانەی ئینگلیزی و عەرەبیم پێ دەگوت.

زیاتر روونی دەكاتەوە، پێمان سەیرە نمرەی زیاتر لە 97 لە ڕیزبەندەكەدا نەبێت، بەڵام 96 لە ڕیزبەندەكە ناوی هاتووە، لەبارەی وانەی بیركاریش كە بە بەخشراو نووسراوە دەڵێت، ئەم نمرەیە بەگوێرەی یاسا بەكۆی گشتیی نمرەكانی تر دیاری دەكرێت.

ئاكار تەمەنی 18 ساڵە و لە قوتابخانەی كوردایەتی شاری هەولێر دەیخوێند، زۆر دڵی بەخوێندن خۆشە و هیوادارم ڕوونكردنەوەمان بۆ بدەن كە بۆچی نابینایەك لە 10 یەكەمەكەی كوردستان ناوی نەهاتووە كە مافی خۆیەتی، حامد وای گوت.

ئاكار هیوا لە لێدوانێكدا بۆ "وشە"دەڵێ، زۆر نیگەران بووم بەتایبەتی كاتێك زانیم نمرەی خوار نمرەی من لە لیستی 10 یەكەمەكانی كوردستان تۆمار كراوە و من نەهاتووە، چەندان جاری پێوەندیمان بە وەزیر كرد، بەڵام وەڵامی نەداینەوە.

ئاكار دووپاتی دەكاتەوە، دوێنێ‌ كاتێك نمرەكان درانەوە لەماڵ نەبووم، دوای وەرگرتنەوەی نمرەكان ئەوەی زۆر نیگەرانی كردم ئەوەبوو نمرەی 96 لە لیستی 10 یەكەمەكەی كوردستان ناوی هاتبوو من 97.3 هەبوو ناوم نەهاتبوو.

ئەم قوتابییە خاوەن پێداویستی تایبەتە و كۆمەڵێك هیوا و ئاواتی هەیە، وەك ئاماژەی پێ دەدات، چەندان جار پێوەندیمان بە وەزیری پەروەردە كرد، بەڵام وەڵامی نەداینەوە، ڕەنگە ئەوكاتە لەبەر نمرەكان كاتی نەبووبێت، بەڵام باوكم دەڵێ پێوەندیم پێوە كردووە و بەڵێنی چارەسەری داوە.

ئاكار دووپاتی دەكاتەوە، لە قوتابخانەیەكی ئاسایی خوێندوومە كە تایبەتیش نییە بە نابینایان و هەر خۆم هەموو بابەتەكانم لەبەر كردووە و ماندووبونێكی زۆرم كێشاوە بەڵكو لە شوێنێكی باش و بە دەرەجەیەكی باش لە خوێندنی پۆلی 12 دەربچم.

نەوزاد عەبدلرەحمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەروەردەی هەولێر بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت، تەواوی پڕۆسەكە وەزارەتی پەروەردە سەرپەرشتی كردووە، ئێمە ئاگەدار نین چۆنە و چۆن كراوە، بۆیە ئەوەی هەیە لای وەزارەتی پەروەدەیە.

لە شاری هەولێر ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا و ئەو قوتابییانەی یەكەم بوون، لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەڵات كران.










وشە - رامیار جەواد