ماسی رۆماتیزم چارەسەر دەكات

:: AM:09:11:26/07/2017 ‌

ڕۆماتیزم بە نەخۆشییەكی درێژخایەن دادەنرێت كە هۆكارە لە دروستبوونی ئازار و هەڵئاوسان و رەقبوونی جومگەكان، بە جۆرێك زۆرترین كات نیشانەكانی ڕۆماتیزم لە جومگەكانی دەست و مەچەك و پێ، بە روونی بەدیار دەكەوێت و لە زۆرینەی تووشبووانی بێ هێزی جەسته ‌و لەدەستدانی كێش له ئاستە پێشكەوتووەكانی نەخۆشییەكە دەبێت.

هۆكاری تووشبوون بە ڕۆماتیزم دەخرێتە ئەستۆی دەزگەی بەرگری لەشی مرۆڤ بە جۆرێك كە خانەكانی پەیوەست بە بەرگریكردن لە جەستە هێرش دەكەنە سەر خانەكانی جومگە و لە ئەنجامدا هۆكار دەبن لە تێكشكانی خانەكانی جومگە و داخورانی كركڕاگە و هەڵئاوسان و هەوكردن، بەو شێوەیە گرفتی درێژخایەن بۆ جومگەكان دروست دەبن.

لە دۆزینەوەیەكدا توێژەران دەگەن بە ئەنجامی ئەوەی كە خواردنی "ماسی" وەك چارەسەر دەكرێت بدرێت بە تووشبووانی نەخۆشی ڕۆماتیزم بە مەبەستی كەمكردنەوە و نەهێشتنی نیشانەكانی هەڵئاوسان و ئازاری جومگەكان. پوختەی توێژینەوەكە بە بەشداری پێكردنی ژمارەیەكی بەرچاوی تووشبوو (176 كەس) بە نەخۆشیی ڕۆماتیزم دەستی پێ كرد كە بە شێوازێك پۆلێن كرابوون بۆ چەند گرووپێك بەپێی كەمترین بۆ زۆرترین رێژەی خواردنی ماسی لە ماوەی مانگێكدا، هەروەها پێوەرەكانی دیاریكردنی تووشبوون بە نەخۆشی ڕۆماتیزم، بە وردی پێوانەی بۆ كراوە لە تاقیكردنەوەی جەستەیی و جووڵە ‌و پێكهاتەی جومگەكان، هاوكات پێوەرە تایبەتەكانی هەوكردن لە ڕێگەی وەرگرتنی خوێن وەرگیرابوون.

سارە تیدیچ پزیشك و توێژەری سەرەكی پڕۆژە زانستییەكە لە نەخۆشخانەی بریهام لە شاری بۆستنی ئەمەریكی، دۆزینەوەكەیان بە هەنگاوێكی گرنگە وەسف دەكات لە هەوڵی كەمكردنەوە و نەهێشتنی هەڵئاوسان و ئازاری جومگەكان لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی ڕۆماتیزم، بە جۆرێك جیاوازییەكی زۆر بەرچاو بەدی دەكرێت لە كەمبوونەوەی نیشانە ترسناكەكانی ڕۆماتیزم لە كەسانی تووشبوو لەگەڵ خواردنی ماسی بە زیاتر لە جارێك لە هەفتەیەكدا بە بەراورد لەگەڵ كەسانی تووشبوو كە كەمتر لە جارێك لە مانگێكدا ماسی دەخۆن، بەڵام لە هەمان كات ناتوانرێت وەك هۆكار بە تووشبوون بە نەخۆشیی ڕۆماتیزم یا هەڵئاوسانی جومگەكان هەژمار بكرێت.

بە پێی توێژینەوەكان، ڕەگەزی مێ زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە بە نەخۆشی ڕۆماتیزم و كەسانێك كە بە شێوەیەكی بۆماوەیی لە باوانەوە ئەو نەخۆشییەیە‌یان بۆ گوازراوەتەوە و هەروەها كەسانی جگەرەكێش.

نەخۆشیی ڕۆماتیزم زۆر جار لە ئاستە پێشكەوتووەكانی هۆكارە لە زیاتر ئاڵۆزكردنی كێشە تەندروستییەكان و دەركەوتنی نیشانەی تری وەك بەربڵاوی هەوكردن لە سییەكان و دڵ و چاودا، تا دەگاتە ڕادەی كوشندەیی و سەرهەڵدانی نیشانەكانی جەڵتەی دڵ و ئیفلیجی مێشك.

چارەسەر بۆ بنبڕكردنی نەخۆشی ڕۆماتیزم بوونی نییە، هەرچەندە خێرا دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە زۆر گرنگە بە مەبەستی ڕێگریكردن لە گەیشتنی نەخۆشییەكە بە ئاستە مەترسیدارەكانی، چارەسەر بە كەسی تووشبوو دەدرێت بەمەبەستی كەمكردنەوەی نیشانەكانی ڕۆماتیزم لە ئازاری جومگەكان و هەڵئاوسان و هەوكردن، هەروەها بە ئەنجامدانی چارەسەری سروشتی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ كەسانێك كە دەست و پێیەكان تەواو شێواو بووبوون و چارەسەرە سەرەتایییەكان هیچ ئەنجامێكی نەبێت.
 
تۆڵە فەرەج / بەریتانیا
* سەرچاوە (دەزگای تەندروستی NHSی بەریتانی و سەنتەری Arthritis Care & Research)



وشە - باز ئه‌حمه‌د