رۆژنامەیەك: ریال مەدرید مباپێی كڕیوە.. مۆناكۆش رەتی دەكاتەوە

:: AM:09:38:26/07/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كردووە كە یانەی ریال مەدرید كڕینی هێرشبەری لاوی فڕەنسی كیلیان مباپێی كڕیوە و لای خۆشییەوە یانەی مۆناكۆی پاڵەوانی فڕەنسا هەواڵەكە رەت دەكاتەوە.

رۆژنامەی (ماركا) دوێنێ سێشەم بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید لەگەڵ یانەی مۆناكۆ رێككەوتووە لەسەر كڕینی مباپێ بەبەهای 180 ملیۆن یۆرۆ.

ئاماژەی بەوەشدا كە گرێبەستەكەی مباپێ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بۆ ماوەی 6 ساڵە و بە مووچەی ساڵانەی 7 ملیۆن یۆرۆ، یانەی شاهانە لەسەرەتادا راستەوخۆ 160 ملیۆن یۆرۆ دەدات بە یانەی مۆناكۆ و دواتریش 20 ملیۆن یۆرۆی تر وەك پاداشت و خەڵات بەیانەكە و یاریزانەكە دەدات.

لای خۆشییەوە یانەی مۆناكۆ ئەو دەنگۆیەی رەت كردەوە و جەختی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید لەسەر فرۆشتنی مباپێ رێك نەكەوتوون.

یانەی مۆناكۆ جەختیشی كردەوە كە بەنیازن داوا لە یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) بكەن رێگە لە یانە گەورەكانی ئەوروپا بگرن بەبێ رەزامەندی ئەوان لەگەڵ یاریزانەكانیان رێككەون.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لەناو یانەی مۆناكۆ بە تۆڕی هەواڵی (سكای سپۆڕت)ی فڕەنسی راگەیاندووە كە ئەو هەواڵانەی لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید سەبارەت بەو هێرشبەرە تەمەن 18 ساڵە دوورن لە راستییەوە و تەنیا دەنگۆی رۆژنامەكانن.

جێی باسە ئەگەر ئەگەر ئەو هەواڵە راست بێت و یانەی ریال مەدرید بە 180 ملیۆن یۆرۆ مباپێی كڕیبێ، ئەو ئەو هێرشبەرە لاوە خاوەن ناسناوی گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێیدا لە پۆڵ پۆگبای هاونیشتمانی لە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دەستێنێتەوە كە نرخەكەی 120 ملیۆن یۆرۆ بووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م