مۆرینۆ ئاشكرای دەكات.. پێویستی بەچەند یاریزانی تر هەیە؟

:: AM:10:10:26/07/2017 ‌

جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی پێویستییەكانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لە هێنانی یاریزانانی نوێ لە ماوەی گواستنەوەی ئێستای یاریزاناندا ئاشكرا كرد.

مۆرینۆ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: لە ماوەی میركاتۆی ئێستادا بۆ یانەی مانچستەر یونایتد لە وەرزی داهاتوودا پێویستیم بە 2 یاریزانی تر هەیە كە یەكێكیان یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە و ئەوی تریش بەرگریكارێكە.

یانەی مانچستەر یونایتدی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئەوروپا لەم هاوینەدا تا ئێستا گرێبەستی لەگەڵ 2 یاریزانی نوێ كردووە بەبەهای زیاتر لە 100 ملیۆن پاوەن، یەكێكیان ڤیكتۆر لیندیلۆفی بەریگریكار بووە و ئەوی تریش رۆمیلۆ لۆكاكۆی هێرشبەر.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان یانەی مانچستەر یونایتد لە ئێستادا هەوڵی رێككەوتن لەگەڵ 3 یاریزانی تر دەدات ئەوانیش برێتین لە نیمانیا ماتیچ، ئیریك دێر و ئیڤان بیریسیچ.

راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد لە چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند: لەم هاوینەدا پێویستیم بە 2 یاریزانی ترە و كارەكانشم بۆ ئێد ودوارد بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یانەی مانچستەر یونایتد جێهێشتووە.

زیاتر گوتی: دەزانم گرێبەستكردن لەگەڵ یاریزانانی نوێ كارێكی زەحمەتە، بۆیە ئەگەر یانەكەم نەتوانێ گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێكی تریش بكات كێشەم نابێت و بەو یاریزانانەی كە ئێستا هەمانە بۆ وەرزی داهاتوو كێشەمان نابێت.

جێی باسە یانەی مانچستەر یونایتد لە دووەم یاریی ئامادەكاریدا لە چوارچێوەی یارییەكانی جامی پاڵەوانان لە وڵاتی ئەمەریكا سبەی پێنجشەم گرینگترین یاریی بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دەبێت، یارییەكەش سەعات 2:30ی بەرەبەیان بەڕێوە دەچێت.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م