ئەمەریكا سزای نوێی بەسەر سێ وڵاتدا سەپاند

:: AM:10:13:26/07/2017 ‌

شەوی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە زۆرینەی دەنگ، سزای بەسەر ئێران، رووسیا و كۆریای باكوردا سەپاند.

٤١٩ نوێنەر بە بەڵێ دەنگیان دا و سێ كەسیش بە نەخێر دەنگی بە پڕۆژەی سزادانەكە دا و بەمەش پڕۆژەكە پەسند كرا، ئەم پڕۆژەیە هەمان پڕۆژەیە كە مانگی رابردوو، لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكاوە بە ٩٨ دەنگ پەسند كرابوو.

بەگوێرەی ئاسۆشێتدپرێس، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لەسەر ئەو باوەڕە بووە كە دەبوو پڕۆژەكە پێشتر لە لایەن ئەوانەوە پەسند بكرێت، دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی پیران بكرێت. هەردوو ئەنجوومەنی ئەمەریكا لە رێی دانوستان و لێكتێگەیشتن پڕۆژەكەیان تێپەڕاند.

سەرەتا پڕۆژەكە تایبەت كرابوو بە سزاكانی سەر ئێران و دواتر وڵاتی تریشی پێوە زیاد كرا. سزاكانی رووسیاش پێوەندیدارن بە پرسی كریمیا، پاڵپشتی لە حكوومەتی بەشار ئەسەد و دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا.

هاوكات كۆریای باكوریش بە هۆی درێژەدان بە چالاكی ناوكیی و مووشەكی دوورهاوێژ، سزای نوێی بەسەردا سەپێنراوە.

سەرچاوە/رادیۆ فەردا





وشە - سلێمان تاشان