دوای مباپێ.. ریال مەدرید ئەستێرەیەكی تریش دەباتە یانەكەیەوە
رۆژنامەكانی ئیسپانیا دوێنێ سێشەم بڵاویان كردەوە، یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی ئیسپانیا و ئەوروپا توانیویانە گرێبەستی كیلیان مباپێی هێرشبەری لاوی یانەی مۆناكۆی فڕەنسی بەكۆتا بێنن.
رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید بڵاوی كردەوە گرێبەستەكەی مباپێ 180 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەی شاهانە كەوتووە و بەمەش ئەو هێرشبەرە تەمەن 18 ساڵییە ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی وەك گرانترین یاریزانی جیهان لە مێژووی تۆپی پێدا تۆمار كرد.
تەلەفزیۆنی (لاسیكستا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید جگە لە مباپێ، بەنیازە هەر لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەیەكی لاوی تریش ئیمزا بكات ئەویش عوسمان دێمبلێی یاریزانی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانییە.
ئەم هەوڵەی یانەی ریال مەدرید دوای ئەوە دێت كە یانەی بەرشەلۆنە لەماوەی رابردوودا هەوڵێكی زۆری دابوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە لاوە، بەڵام ئەنجامەكەی نەپێكابوو.
یانەی ریال مەدرید دەیەوێ سوود لە پەیوەندییە باشەكانی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند ببینێ تا گرێبەستی دێمبلی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكۆتا بێنێ.
بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان بەهای دێمبلێ لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نزیكەی 90 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم