لایەنەكانی لیبیا ئاگربەستیان راگەیاند

:: AM:11:35:26/07/2017 ‌

دوو لایەنی دژبەری لیبیا لە فڕەنسا كۆ بوونەوە و بە مەرج رێككەوتن لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست و بۆ ماوەیەك شەڕ و پێكدادانەكان رادەگرن، سەرۆكی فڕەنسایش دەڵێ، بەم زووانە ئەو دوو لایەنە دەبن بە هێمای ئاشتی لە وڵاتەكەیاندا.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی تەمووز، ئاژانسی هەواڵی BBC ئاشكرای كردووە، فایز سەراج سەرۆك وەزیرانی لیبیا كە لە لایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە فەرمی دانی پێدا نراوە لەگەڵ خەلیفە حەفتەر، ئۆپۆزسیۆن و فەرماندەی سەربازی كە رۆژهەڵاتی لیبیای خستووەتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە، لەسەر دەستپێشخەری حكوومەتی فڕەنسا لە پاریس كۆ بوونەوە.

ئامانجی ئەو دانوستانە كۆتاهێنانە بە ركابەرێتی نێوانیان كە لەدوای لەكارلادانی موعەمەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا لە ساڵی 2011 بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە دەستی پێ كردووە.

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فڕەنسا دەستپێشخەری كردووە بۆ ئەو گفتوگۆیە و وەك بە میدیاكانی راگەیاندووە، لەوانەیە ئەو دوو ركابەرە سەرسەختەی لیبیا، لە داهاتوویەكی نزیكدا ببن بە هێمای ئاشتی و بەیەكەوە ژیان لە وڵاتەكەیاندا.

بەیاننامەیەكی 10 خاڵی ئەنجامی ئەو رێككەوتنە مەرجدارەی نێوان دوو لایەنەكەی لیبیا بوو و لە یەكێك لە خاڵەكاندا ئاماژە دراوە، ئێمە بەڵێن دەدەین پابەندی ئاگربەست بین و خۆمان بەدوور بگرین لە بەكارهێنانی هێزی چەكدار و تەنیا ئەو هێزانەمان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆریستان دەخەینە كار.

هەردوو لایەن بەڵێنیان داوە یاسا بگەڕێننەوە بۆ وڵات و ئامادەكارییەكان دەست پێ بكەن بۆ ئەوەی لە ساڵی 2018 هەڵبژاردن لە لیبیا بەڕێوە بچێت.

ژەنەڕاڵ حەفتەر سەرۆكایەتیی سوپای نەتەوەیی لیبیا دەكات و ماوەی شەش ساڵە بەردەوام بەرەنگاری ئیسلامی سیاسیی و هێزە تەندڕەوەكان بووەتەوە و سەرەتای ئەو مانگە لە شاری بنغازی كە دووەم گەورەشاری لیبیایە، سەركەوتنی بەسەر توندڕەوە ئاینییەكاندا راگەیاند.

سەرچاوە/BBC



وشە - هیدایه‌ت جان