ئیمارات لە ئەمەریكاوە نەوت هاوردە دەكات

:: AM:11:35:26/07/2017 ‌


ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی لە بەرهەمەكانی نەوت، رووی لە ئەمەریكا كرد. پێشتر ئەو وڵاتە لە قەتەرەوە پێداویستییەكانی دابین دەكرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێوەندییەكانیان تێكچووە، چیتر هیچ بەرهەمێك لە قەتەر هاوردە ناكات.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، یەكەم بار لە بەرهەمەكانی نەوت لە كۆمپانیای ئیگڵ فۆردی ئەمەریكا كڕاوە و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بارەكە رادەستی ئیمارات بكرێت.

بارە نەوتەكە بەو جۆرە كەشتییە دەگوازرێتەوە كە توانای هەڵگرتنی دوو تا سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە. بەگوێرەی گرێبەستەكە لەمەودوا هەموو مانگێك یەك تا ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە بەرهەمەكانی نەوت رادەستی ئیمارات دەكرێت.

حكوومەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پێویستی بە گازی سروشتی و نەوت و بەرهەمەكانی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستییەكانی ناوخۆ بە وزە و بە بەرهەمی خاوی پێترۆ كیمیایی پڕ بكاتەوە.

ئیمارات ناكۆكی قووڵی لەگەڵ قەتەڕدا هەیە و دیار نییە پێوەندییەكانی قەتەڕ لەگەڵ ئیمارات و سعوودیە و چەند وڵاتێكی تری عەرەبی كەی ئاسایی دەبێتەوە.





وشە - سلێمان تاشان