ئێران هەشت ملیار دۆلاری بۆ كۆنترۆڵی رووبارەكانی سنوور تەرخان كردووە

:: PM:12:16:26/07/2017 ‌

عەلیرەزا دائیمی جێگری وەزیری وزەی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی ئاشكرای كرد، لە سێ ساڵی رابردوودا هەشت ملیار دۆلار بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاوی ئەو رووبارانە تەرخان كراوە كە لە سنوورەكانی ئێرانەوە دەردەچن.

ئاماژەی بەوە كرد كە ٦٠ ساڵە ئەو ئاوانە بێ ئەوەی هیچ سوودێكیان لێ وەربگیرێت، دەڕژێنە خاكی وڵاتانی دەرەوە، بۆیە بڕیاریان دا دەست بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاو و سەرچاوەكانی ناوخۆ بكەن.

بەگوێرەی "ئیرنا" ئەو پێی وایە توانای ئێران لە دروستكردنی بەنداو گەشەی سەندووە و جگە لە ناوخۆ، لە وڵاتانی دراوسێش خەریكی چالاكی و دروستكردنی بەنداو و راكێشانی كارەبایە.

جێگەی باسە بەشێك لەو بەنداوانەی ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا دروستی كردوون، كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە و ئاوی هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخانی كەم كردووەتەوە.

ماوەی چەند ساڵیكە ئێران تووشی كێشەی كەمبارانی بووە، بۆیە ئەو وڵاتە دەیەوێ بە كۆنترۆڵكردنی رووبارەكان، زۆرترین ئاو گل بداتەوە و لە بەرهەمهێنانی كارەبا و پەرەپێدانی كشتوكاڵ، سوودیان لێ وەربگرێت.




وشە - سلێمان تاشان