ئه‌م به‌رده گه‌وره‌یه‌ى له وێنه‌كه‌دا دیاره، پێی ده‌ڵێن "به‌ردى ته‌شیى كچی گاور"، ده‌كه‌وێته گوندێكى بنارى چیاى گاره له ده‌ڤه‌رى ئامێدى سه‌ربه پارێزگاى دهۆك و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ر له هاتنی ئیسلام.
محه‌مه‌د به‌رگاره‌یى هاووڵاتییه‌كى گوندى دێره‌شى سه‌ربه شارۆكه‌ى ئامێدى به"وشه"ى راگه‌یاند، ناوهاتنى ئه‌و به‌رده به ناوى ته‌شیى كچى گاور، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژووی پێش ئیسلام و تا ئێسته ئه‌و به‌رده هه‌ر به‌و ناوه ده‌ناسرێ.
ئه‌و هاووڵاتییه كه به‌دواداچوونی بۆ مێژووی ئه‌و به‌رده كردووه، ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه "چیرۆكه‌كه وایه كه ده‌گوترێ كچی گاور له ماڵباتێكی گاور بووه، زۆر جوان و شۆخ و شه‌نگ و سه‌رنجڕاكێش بووه، هه‌موو رۆژێك چووه‌ته ژێر ئه‌و به‌رده و كاری رستن و چنینى خووریى مه‌ڕی كردووه به دارێك كه ئێمه پێی ده‌ڵێین (ته‌شى)، بۆیه ئه‌و چیرۆكه ده‌ماوده‌م هاتووه و به‌و به‌رده ده‌گوترێ به‌ردى ته‌شیى كچى گاور".
به‌ردى ته‌شیى كچى گاور ده‌كه‌وێته گوندى دێره‌ش به دووریى 10كم له سه‌نته‌رى شارۆكه‌ى ئامێدى و به‌هۆى جوانییه‌كه‌یه‌وه ساڵانه ژماره‌یه‌كى زورى گه‌شتیار سه‌ردانى ده‌كه‌ن و وێنه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌گرن، به‌رده‌كه به شێوه‌یه‌ك هه‌ڵكه‌وتووه وه‌ك سه‌رى مرۆڤێك وایه، به‌ڵام زیاتر له‌سه‌ر شێوه‌ى ئافره‌ته نه‌ك پیاو.
"كچی گاور و ته‌شی رێسان" له رووی كولتووری و هونه‌رییه‌وه چووه‌ته ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردییه‌وه و له ده‌یان شیعر و گۆرانیدا له‌باره‌ی جوانییه‌كه‌یه‌وه گوزارشت كراوه.
محه‌مه‌د هاووڵاتى گونده‌ى دێره‌ش، ئه‌و گونده‌ى به‌رده‌كه‌ی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "به‌ردى ته‌شیى كچى گاور زیاتر له 25 مه‌تر به‌رزه و چوارده‌ورى به‌رده‌كه 36 مه‌تره، به‌هایه‌كی گه‌وره و گرنگی هه‌یه بۆ كوردستان له ڕووی شوێنه‌وارییه‌وه، بۆیه پێویسته لایه‌نى پێوه‌ندار ئه‌و به‌رده وه‌ك پێگه‌یه‌كی كولتوورى بپارێزن و گرنگی پێ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر بناسرێت".
دێره‌ش، یه‌كێكه له گونده‌كانى ده‌ڤه‌رى به‌رى گاره و نێزیكه‌ى 50 ماڵ تیایدا نیشته‌جێن و به كاری كشتوكاڵی و به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵه‌وه خه‌ریكن. به‌ناوبانگترین ده‌رامه‌تى كشتوكاڵ له ده‌ڤه‌رى به‌رێ گارێ تووتنه، به‌ڵام كارگه‌كانی دروستكردنی جگه‌ره له كوردستان له‌كار خراون.
وشه/ ئامێدى- نه‌وزاد هلۆرى