توێژینەوەیەكی ئەمەریكی: كوردستان لە پێنجەم پلەی گرنگییەكانی ئەمەریكادایە


بەگوێرەی توێژینەوە و بەدواداچوونی گۆڤارێكی ئەمەریكی، 10 وڵات و شوێنی دنیا سوودی تەواویان لە سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو وەرگرتووە، كورد لەو 10 وڵات و شوێنە ڕیزبەندی پێنجەمی وەرگرتووە و لە ناوەڕۆكی بابەتەكە هێما بۆ ئەوە كراوە، ترەمپ پشتیوانی كوردەكانی عێراق و سووریا دەكات و لە هەوڵەكانی سەربەخۆیی كوردەكانی عێراقیش بەشێوەیەكی ڕۆتینی، نیگەرانی بەرامبەر دەردەبڕن و ئەمەریكا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی عێراق هاوپەیمانی ئێرانە و دەبێ كوردستان سەربەخۆ بێ و نەچێتە ژێر سیاسەت و هەژموونی ئێران كە بەسەر عێراقی سەپاندووە.

گۆڤاری "پۆلەتیكۆ"ی ئەمەریكی لە توێژینەوە و بەدواداچوونێكی وردی شەش مانگیدا، سیاسەتی دەرەوەی حكوومەتی دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو دەخاتە ڕوو كە ترەمپ بە دروشمی "ئەمەریكا یەكەم" ئامانجمان دەبێ، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانەوە دەستی پێ كرد و ئێستەش شرۆڤەی دۆخەكەی كردووە كە كام وڵات لەم شێوازەی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ سوودمەند و سەركەوتوو دەبن.

گۆڤارەكە دەڵێ، كاتێك دۆناڵد ترەمپ هاتە ناو خەڵك و دروشمی "ئەمەریكا یەكەم ئامانجمان دەبێ" گورزێكی لە شادەماری سیاسیی ئەمەریكا وەشاند، چونكە زۆرێك لە خەڵكی ئەمەریكا ناڕەزایی بوون لەوەی ئەمەریكا داهات و خێروبێرەكانی زۆربەی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی خەرج دەكات و ناوخۆی وڵات هێندە گرنگی پێ نادرێت، ئەوان هیوایان بە ترەمپ هەڵچنی تا جۆرێكی تر لە پێوەندی لەگەڵ دنیا بنیات بنێتەوە، بەڵام دوای 70 ساڵ لە جەنگی دووەمی جیهان، ئەمەریكا تا ئێستەش ناتوانێ دەستبەرداری ئاسایشی ئەڵمانیا و ژاپۆن بێ و ناتوانێ دەست لە بەرهەمی مەكسیكی هەڵگری كە لە ڕێی ڕێككەوتنی بازرگانی ئازاد لە كیشوەری ئەمەریكای باكور دەستی بكەوێ،  23 لە كۆی 28 دەوڵەتی ناتۆ هیچ خەرجییەكی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی نادەن و ئەمەریكا زۆرینەی ڕەهای بودجەی بەرگریی ناتۆ دابین دەكات، بۆچی لەسەر ئەمەریكا پێویستە زیاتر ببەخشێ لە وڵاتانی تر؟ دوای شەش مانگ لە سەرۆكایەتیی ترەمپ، لە پرۆگرامێكی چاودێری ورد، هەڵسەنگاندن بۆ وەفا و بەڵێنەكانی ترەمپ دەكەین، ئایا ئەو بە كردەیی دەیەوێ ئەمەریكا ئامانجی یەكەمی بێت. 
هەروەها ئاماژە دراوە، ترەمپ بە دڵنیایییەوە هەژانێكی لە پێوەندییە كۆنەكانی دنیا دروست كرد، بەڵام خێرەكەی بۆ كێ دەبێ؟ تا ئێستە ڕوون نییە كە بۆردمانكردنی هێزەكانی ئەسەد لە ڕووسیا چ بەرژەوەندییەكی ستراتیجی بۆ ئەمەریكا دەبێ، تا ئێستە هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستانن هۆكەی چییە؟ كەمكردنەوەی پشتیوانییەكان بۆ ناتۆ ئەمە بەو شێوەیە بوو كە ترەمپ بانگەشەی بۆ دەكرد، ئەگەر تۆ ڕێككەوتنی پاریس بۆ پاراستنی ژینگەی زەوی بە خراپ دەبینی، كەوایە دڵخۆشی بەكشانەوەی ئەمەریكا لە ڕێككەوتنەكە، ئەگەر تۆ لەو بڕوایەی ئەمانە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەن، دەبێ ئاماژە بەوەش بكرێ كە خزمەت بە هاوپەیمانە ئەوروپییەكان زیاتر دەكرێ، كەوایە ئەگەر سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا ناكات، كەوایە خزمەتی كام وڵات دەكات، ئایان برێمەر نووسەر و سەرۆكی كۆمپانیای شیكردنەوەی مەترسییە سیاسییەكان لە گرووپی ئۆراسیا، ماوەی شەش مانگی دەسەڵاتی ترەمپ ورد دەكاتەوە و چۆنیەتیی كاركردنی ترەمپ بۆ بەدیهێنانی ئامانجی "ئەمەریكا یەكەم" ئامانجی حكوومەتەكەی دەبێ ڕوون دەكاتەوە، 10 وڵات وەك سوودمەنترین شوێن لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ دیاری دەكات كە بریتین لەمانەی خوارەوە.

یەكەم: شازادەكانی سعوودیە و دۆستە كۆنەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دۆست و هاوپەیمانی ئاسایی و كۆنی زۆرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە سەرۆك و شازادەكانی سعوودیە ریزبەندی یەكەمیان گرتووە لە گفتوگۆ و بڕیارەكانی ئەمەریكا، ئیسرائیل گەورەترین سوودمەندە لە هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمەریكا، پاشان وڵاتی میسر دێ، كە ئەمەریكا دەیەوێ هاوسەنگی نوێ لە ناوچەكە دروست بكات، پێشتر باراك ئۆباما پێوەندییەكانی لەگەڵ میسر هەڵپەسارد، بەڵام ترەمپ پێچەوانەی ئەمە هەنگاو دەنێت، شۆڕشی بەرهەمهێنانی وزە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وای كردووە بۆ سعوودیە زۆر كارێكی ئاسان بێ، سكاڵا لای ئەمەریكییەكان لەسەر ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران تۆمار بكات، بە بەراورد لەگەڵ پێوەندییەكانی ئۆباما و نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش كە گەیشتبووە دۆخی سڕكردن و هەڵپەساردن، ئێستە بە تەواوی جیاوازە، ترەمپ هەموو ئەوانەی گۆڕی، تا ئێستە واژووی لەسەر ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نەكردووە و دۆخی سعوودیەیشی هێندە بە قورسی وەرنەگرتووە، بەتایبەت لە پرسی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، بە ڕژدیش هەڕەشە لە تاران دەكات،  جگەلەوە ترەمپ پێوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئیمارات و میسریش بە تەواوی پەرە پێ داوە، بە گشتی سعوودیە و میسر و ئیمارات و ئیسرائیل بوونەتە چوار وڵاتی بەهێزی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكا، هەرچوار وڵاتیش بەو پێوەندییە لەگەڵ ئەمەریكا دڵخۆشن، چونكە بەو شێوەیە ئەمەریكا یارمەتیشیان دەدا بۆ گەمارۆدان و گۆشەگیركردنی دوژمنەكانی ئەو چوار وڵاتە.

دووەم: مێركل و ماكرۆن
سەرۆكی ئەڵمانیا و فڕەنسا فرمێسك لە چاوەكانیان نەهاتە خوارەوە، كاتێك ترەمپ كاری كرد و بڕیاری لاوازكردنی هاوپەیمانی بازرگانیكردنی لە ڕێی زەریای ئەتڵەسی دەركرد، بەپێچەوانەوە ئەو هەنگاوانەی ترەمپ سوودی زۆری پێگەیاندن و پشتیوانییەكی بەهێزی بەو دوو سەركردەیە بەخشی، هەردوو حكوومەتی فڕەنسا و ئەڵمانیا دەستیان بە چاكسازی لە یەكێتیی ئەوروپا و ناوچەی یۆرۆ كردووە، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێركل نزیك دەبێتەوە لە هەڵبژاردنی وڵاتەكەی، ماكرۆنیش ماوەیەكی كەمە سەرۆكایەتیی فڕەنسای وەرگرتووە، هەردوولا هاوڕان كە ئەو سیاسەتەی ترەمپ پێڕەوی دەكات، سوودی زۆری بۆ ئەوان دەبێ، وا دەكات ئەوروپا بەرپرسیاریەتی و پێگەی زیاتری هەبێ لە ناوچەكەدا، جگەلەوەش جەماوەر و وڵاتانی ئەوروپاش سۆزیان بۆ ئەو دوو سەرۆكە و حكوومەتەكانیان زیاتر دەبێ، بۆیە هەردوو سەرۆك براوەی سەرەكین لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ، لەسەر ئاستی وڵاتەكانی خۆیان و ئەوروپا و دنیایش، ئەگەر ترەمپ بیری نەتەوەیی و زاڵبوونی بەسەر نەتەوەكانی تر قووڵ نەكردایەوە، ئەستەم بوو ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكایەتیی فڕەنسا بباتەوە، هاوكات دوای هاتنە سەر حوكمی ترەمپیش ئەنجێلا مێركل زۆر بەهێزتر لە جاران دەردەكەوێ و لە واشنتن لەسەر پێیەكانی خۆی دەوەستێ و چیتر ئەو مەترسییەیان لە ئەمەریكا نەماوە، بەتایبەت ئەمەریكا نەیتوانی سیاسەتێكی گۆشەگیری تەواوی پێڕەو بكات، بەڵكو بە هەنگاوی نەرم دەستی پێ كرد، ئەمەش وای كرد سەنگ و پێگەی ئەوان زۆر زیاتر بێت.

سێیەم: ئۆپۆزسیۆنی مەكسیك
هاتنە سەر حوكمی دۆناڵد ترەمپ و هەڕەشەكردن بە دروستكردنی دیوار لە نێوان هەردوو وڵات و هەڵوێستی ترسنۆكانەی سەرۆكی مەكسیك، دەرفەتێكی زۆر باش و گونجاوی بۆ پارتی سەوزی چەپی مەكسیك ڕەخساندووە كە ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی وڵاتەكەیە، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو لە ساڵی 2018 سەرۆكایەتیی وڵات ببەنەوە. ئەندرێس مانوێل لۆپێز سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی مەكسیك كە كەسێكی كاریزما و لێهاتووە، بە وردی و بە تەواوی ئەو دەرفەتەی قۆستووەتەوە و سەرسەختانە دژایەتی ترەمپ و سیاسەتەكەی بە دروستكردنی دیوار لە نێوان هەردوولا وڵات دەكات، بێدەنگی و لاوازی هەڵوێستی سەرۆكی ئێستەی مەكسیكیش هانی خەڵكی وڵاتەكەی داوە بە تەواوی لە دەوری ئۆپۆزسیۆن كۆ ببنەوە، بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان بە ئاسایش و بەهێزی بهێڵێتەوە و ئەو تێچووە زۆرە نەچێتە سەر داهاتەكانیان بۆ دروستكردنی دیوار لە نێوان ئەمەریكا و مەكسیك.

چوارەم: هیندستان
هیندستان یەكێكە لە گەورەترین وڵاتە دیموكراتییەكانی دنیا و بەهای هاوبەشی زۆریان لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، بەڵام ئەمەریكییەكان زۆر پێوەندییەكی تۆكمە و بەهێزیان لەگەڵ سەرۆكەكانی هیندستان نەبووە، هیلاری كلینتن لە سەردەمی پۆستی وەزیری دەرەوەدا مەودایەكی دووری لە نێوان خۆی و نارندرا مۆدی هێشتبووەوە، بەهۆی سووربوونی مۆدی لەسەر نەتەوەپەرستی و ئاسایشی نەتەوەیی هیندستان، بەڵام كەسایەتیی ترەمپ و مۆدی زۆر لەیەكەوە نزیكە و هەردوولا لەسەر یەك ئاراستە هەنگاو دەنێن، بۆیە پێوەندییەكانیان زۆر بەهێز بووە و هیندستانیش سوودی یەكجار زۆری لەمە بینیوە. هەردوولا سوورن لەسەر شەڕی تیرۆر و ئەو هاوسەنگییەی پێشتر ئەمەریكا دەیویست لە نێوان هیند و پاكستان هەیبێ و بەیەك مەودا لە هەردووكیانەوە نزیك بێتەوە یاخود دوور بێ، لە سەردەمی ترەمپ بۆ بەرژەوەندی هیندستان لاسەنگ بووە.
ترەمپ و مۆدی لەسەر هەموو شتەكان كۆك نین، بەڵام بۆچوونیان و هزریان لە سیاسەتكردن لە یەكەوە نزیكە، جگەلەوەش ئێستە ڤیزای كاركردنی دەستی كار لە ئەمەریكا دوای هاتنە سەر حوكمی ترەمپ، 47% بۆ هیندستان تەرخان كراوە، ئەمەش كارێكی زۆر سوودبەخش و بەهێزە بۆ هیندستان. جگەلەوە ترەمپ لەگەڵ مۆدی لەسەر پرسی پاوانخوازییەكانی چین و گرووپە چەكدارەكانی پاكستان گفتوگۆی كردووە، ئەو دوو بابەتەش ئامانجی سەرەكیی هیندستانن و دەمێكە كۆشش دەكات تا ئەمەریكا و زلهێزانی ڕۆژئاوا بێنێتە سەر ئەو باوەڕە.

پێنجەم: كوردەكانی عێراق و سووریا
گەلی كورد هەمیشە مەترسی و دەرفەتی زۆریان بۆ واشنتن ڕەخساندووە، دەیان هەزار لە خەڵكی بەهێزی ئەوان چەكدارن و بە باشی دەجەنگن لە پێناوی دامەزراندنی نیشتمانێكی سەربەخۆی خۆیان، هاوكات ئەوان هاوپەیمانێكی بەهێز و متمانە پێكراون بۆ لەناوبردنی دیكتاتۆرەكانی وەك سەدام حوسێن و بەشار ئەسەد، بەڵام هەڵگەڕانەوەی كورد و توندوتیژی لەگەڵ توركیای هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمەریكا، هەڕەشەیە لەسەر ئەمەریكا، هاوكات پچڕاندنی پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا كارێكی پێشوازی لێكراو نییە لەلایەن ئێران و ڕووسیا و جیهادییەكانەوە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەمەریكا دەستوەردان لە ناوچەكە ئەنجام بداتەوە.
دێڤید ئەگناتیۆس دەڵێ لە میانەی سەردانم بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی كوردەكان لە سووریا، لەگەڵ هەر كۆبوونەوەیەكی جەماوەری دروشمی خەڵك بە دەنگی بەرزەوە بەردەوام بۆ پشتیوانی و خۆشەویستی خۆیان بۆ دۆناڵد ترەمپ دووپات دەكردەوە، گرووپە كوردییەكان لە عێراق و سووریا زۆر دڵخۆش بەوەی چەك و پشتیوانییان لەلایەن حكوومەتی ترەمپەوە پێ دەگات، كوردەكان چەكێكی زۆر بەهێزن دژ بە داعش، ئەو چەكانەی ئەمەریكا دەیاننێرێ لە تەك ئەوە بووەتە هۆی ئەوە ببنە خاوەنی پێگەیەكی سیاسیی بەهێز دوای لەناوچوونی داعش لە سووریا، لە عێراق ترەمپ كەمترین نیگەرانی هەیە كە جارێكی تر ئیسلامییەكان ناوچەكە تێك بدەنەوە، كاتێك كوردەكانی عێراق كار دەكەن بۆ سەربەخۆیی، ئەوان بەشێوەیەكی ڕۆتینی دژی دەوەستنەوە، چونكە ترەمپ بە تەواوی ئەو ویستەی سعوودیەی قبووڵ كردووە كە بەغدا هاوپەیمانی ستراتیجی ئێرانە لەبەر ئەوەی دژی كوردەكان ناوەستێتەوە، هاوكات ترەمپ بەهۆی نیگەرانییە زۆرەكانی توركیا و تووڕەییەكانیشی زۆر پێوەست نییە، كوردەكان پلانی گەورەیان هەیە و ترەمپیش كەمترین گریمانەی بۆ دژایەتیكردنیان داناوە و ئەوانیش بەردەوام لەسەر ڕێگەكەیانن.

شەشەم: شار و ویلایەتەكانی ئەمەریكا
سیستەمی فیدراڵی ئەمەریكا وای كردووە ویلایەتەكان و شارەكان دەسەڵاتی ڕاستەقینە و تەواویان هەبێ، بەشێك لە حاكمی ویلایەتەكان و سەرۆكی شارەوانییەكان ئەو دەسەڵاتە بەكار دەهێنن بۆ بواری سیاسەتی دەرەوە، لە هەندێ حاڵەتدا بە ئاشكرا ئەوان بەرنامەی كارەكانی دۆناڵد ترەمپ تێك دەدەن، وەك چۆن ترەمپ هەوڵی دا ڕێگە لە كۆچكردنی خەڵكی وڵاتانی زۆرینە مسوڵمان بگرێ، بەڵام حكوومەتە ناوخۆیییەكان دژی وەستانەوە و ئەو بڕیارەیان ڕەت كردەوە، جگەلەوە لەو ڕۆژەی ترەمپ بڕیاری دا لە ڕێككەوتننامەی پاریس بۆ ژینگەی زەوی بكشێتەوە، حاكمی شاری پیتسبرگ كە یەكێكە لە شارەكانی ویلایەتی پەنسلڤانیا، لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی كەنەدا كۆ بووەوە و گفتوگۆیان لەسەر سیاسەتی ژینگە و كەشوهەوای زەوی كرد، حكوومەتی فیدراڵیی كەنەدا دەستی كردووە بە دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ بەرپرسە هەڵبژێردراوەكانی شارەكانی نێو ویلایەتەكانی فلۆریدا و تەكساس و مێشیگان و نیویۆرك و ویلایەتەكانی تر، جێری براون حاكمی ویلایەتی كالیفۆرنیا لەگەڵ  سەرۆكی چین لە میانەی گفتوگۆكاندا، باسی سیاسەتی كەشوهەوای گۆی زەوی و چۆنیەتیی كاركردن بۆ ڕێگری لە گەرمتربوونی گۆی زەوییان كرد. ئەمەش وای كردووە هەم ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەدا سەركەوتوو نەبێ، هەم ویلایەتەكانیش جۆرێك لە فرە بڕیاری لە ئەمەریكاوە بەرامبەر دەرەوە پێشان بدەن.

حەوتەم: ئەفریقییەكان كە دژی تیرۆر دەجەنگن
ئەمە لایەنێكی ترە كە دۆناڵد ترەمپ كاری لەسەر دەكات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونەوەی تیرۆریستان، ئەو سوور نییە و خۆی پابەند نەكردووە بە دۆستە كۆنەكانی ئەمەریكا، بەڵكو دۆستی نوێشی دروست كردووە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات، بەگوێرەی ئەو بودجەیەی بۆ هاوكاری ئەمەریكا لە خزمەتگوزاری مرۆیی و كۆمەڵایەتی و ئاسایش خەرجی دەكات، وڵاتە كەناراوییەكانی وەك نەیجیریا و ئەسیوبیا لە ناوەڕاستی ئەفریقا و كینیا كە هەماهەنگی باشیان هەیە و دژی گرووپە چەكدارەكان دەجەنگن لە سۆماڵ، لەلایەن ئەمەریكاوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان دەكرێت، ئەوە دەرخەری ئەوەیە كە ترەمپ هۆشیارە بەرامبەر بە تیرۆر و هەست بە گەورەترین بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە پاراستنی مافی مرۆڤ دەكات، بۆیە هەموو ئەو وڵاتانە سوپاسگوزارن.

هەشتەم: رۆدریگۆ دوتێرتی سەرۆكی فلیپین
سەرۆكی فلیپین لە ماوەی ڕابردوودا دەستی بە هەڵمەتێكی گەورە كردووە بۆ لەناوبردنی ئالوودەبووان و بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە وڵاتەكەدا، دوتێرتی خاوەنی قسە بە ناوبانگەكەیە كە لە وڵاتانی دنیا و میدیاكان زۆر دەنگی داوەتەوە، كە دەڵێ، ئەگەر ئەڵمانیا هیتلەری هەیە و سێ ملیۆن جوولەكەی كوشتووە، ئەوا فلیپینیش منی هەیە و سێ ملیۆن ئالوودەبووی مادە هۆشبەرەكان دەكوژن، دڵخۆشم بەوەی دەیانكەم بە قوربانی.
ترەمپ سەرسامە بە كەسایەتیی رۆدریگۆ دوتێرتی سەرۆكی فلیپین و ستایشی توانا و هەوڵەكانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە سنووری وڵاتەكەی دەكات، لە مانگی نیسان/ئەپریلی ئەمساڵ لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا، ترەمپ نەیتوانی سەرسامی خۆی بۆ دوتێرتی بشارێتەوە و گوتی، تۆ كەم دەخەویت، ڕێك هاوشێوەی منیت، دەمەوێ پیرۆزباییت لێ بكەم، لەبەر ئەوەی بیستم كە كاری زۆر مەزن بۆ لەناوبردنی كێشەی مادە هۆشبەرەكان دەكەیت.

نۆیەم: جەنەراڵ خەلیفە حەفتەر
ئەو پیاوە بەهێزەی لیبیا كە ڕۆڵێكی یەكجار گرنگی لە ئاڵۆزییەكانی لیبیا هەیە تا بۆ بەرژەوەندی ڕۆژئاوا ئاراستەیان بكات، چونكە وڵاتەكەی سەرچاوەی نەوت و پەنابەرانە كە ڕوو لە ئەوروپا دەكەن، ئێستە لیبیا خاوەنی دوو حكوومەتە، یەكیان لە تەرابلووسی ڕۆژئاوا و ئەوەی تر لە تەبرەقی ڕۆژهەڵاتە كە خەلیفە حەفتەر سەرۆكایەتیی دەكات، 50 ساڵ پێش ئێستە ئەو پیاوە بەهێزە یارمەتی موعەمەر قەزافی دا تا دەسەڵاتی ڕەهای لیبیا بگرێتە دەست، لە بەرامبەر ئەو هاوكارییەی قەزافی تەواوی سوپای وڵاتەكەی خستە ژێر دەستی حەفتەر، بەڵام بەهۆی شكستی لە شەڕی دژی چاد لە ساڵانی هەشتادا، قەزافی لەكاری دوور خستەوە و ئەویش ڕووی لە ئەمەریكا كرد و لە ویلایەتی ڤیرجینیا نیشتەجێ بوو، حەفتەر ساڵانێكی زۆر كۆششی كرد تا قەزافی لەكار دوور بخاتەوە، تا لە بەهاری عەرەبی گەڕایەوە لیبیا و دوژمنە كۆنەكەی خۆی بە كوشتن بینی و سەركردایەتیی گرووپە چەكدارەكانی گرتە دەست.
ئێستە جەنەراڵ حەفتەر گرنگترین و گەورەترین كێڵگە نەوتییەكانی لیبیای لەژێر دەستە و حكوومەتی تەرابلووس ناتوانێ هیچ هەنگاوێكی بەرامبەر بهاوێژێت، چونكە حكوومەتی ترەمپ پشتیوانی دەكات و میسر و ئیمارات و سعوودیەش دوای ئەوەی حەفتەر سەردانێكی قەتەری كرد، پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاگەیاند تا لە قەتەر دووری بخەنەوە، ئێستەش ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی پشتیوانی حەفتەر دەكەن، بۆیە ئەستەمە دەسەڵاتەكەی لەسەر كانە نەوتەكان پەكی بكەوێت.

دەیەم: گرووپی ڤیسگراد
ترەمپ لە گەشتەكەی ئەم دواییەی بۆ پۆڵەندا لە ڕێی بەشداربوون لە كۆبوونەوەی 20 وڵاتە پیشەسازییەكە لە هامبۆرگ، پێشبینی دەكرد پێشوازییەكی زیاتر لەوەی لێ بكرێ، بەڵام ئەوەی بۆ نەكرا، بۆیە ترەمپ هەوڵی نزیكبوونەوە لە وڵاتانی ڤیسگراد دەدا كە لە وڵاتانی پۆڵەندا و هەنگاریا و چیك و سلۆڤاكیا پێك دێن، نەتەوەی جیاجیان و مێژوویەكی قووڵیان لەگەڵ كۆچبەرە مسوڵمانەكان هەیە.
ترەمپ ناتوانێ ئەو گرووپە بپارێزی لە فشارەكانی یەكێتیی ئەوروپا، بەڵام هەوڵ دەدا ڕێگری لە كۆچی مسوڵمانان لەو وڵاتانەش بۆ ئەوروپا بكات و سیاسەتی خۆی بەرامبەر كۆچبەران و مسوڵمان بكات بە سیاسەتێكی جیهانی و وڵاتانی تریش پێڕەوی بكەن، ئەمەش جۆرێكی نوێی پێگە و دەسەڵاتی نوێیە كە ئەمەریكا لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات خەریكی بنیاتنانیەتی.

سەرچاوە/پۆلەتیكۆ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:01:30:26/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 12218 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌