دادگای کەلار چەکدارێک و شانەیەکی نوستوی داعشی سزادا

:: PM:02:00:26/07/2017 ‌

ئاسایشی گەرمیان گرتن و زیندانی كردنی هاوكارێكی داعش و چەكدارێكی هەمان رێكخراوی تیرۆریستی راگەیاندو ئاشکراشی کرد دادگە سزای بەسەردا سەپاندن.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی تەمووز، عوسمان عەبدولكەریم بەرپرسی راگەیاندن و پێوەندییەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی گەرمیانەوە تۆمەتبارێك بەناوی "ئیدریس قاسم محەمەد" لە ناوچەی دۆمبیزی كەركوك بەتۆمەتی كۆكردنەوە و ناردنی پارە بۆ چەكدارانی داعش گیرا، ئەو تۆمەتبارە دانی بەتاوانەكەیدا نا بەوەی، كاری كردووە بۆ ناردنی پارە بۆ چەكدارانی داعش.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بەو هۆیەوە ئەمڕۆ چوارشەم، بەپێی مادەی 3ی تیرۆر دادگای تاوانەكانی كەركوك/ گەرمیان ، ماوەی پێنج ساڵ زیندانی بۆ ئەو تاوانبارە دەكرد.

بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی گەرمیان، ئەوەشی خستە روو، پاش ئەوەی تۆمەتبارێك بەناوی "بیلال عەبدوڵا" بە چەكەوە لە سنووری گوڵاڵە لە لایەن هێزەكانی ئاسایشەوە گیرا، لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا کراو ددانی بەوە داناوە چەكداری داعشە، بۆیە لە لایەن هەمان دادگاوە هەر ئەمڕۆ بە پێنج ساڵ زیندانیكردنسزا درا.

بە گووتەی بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەكانی ئاسایشی گەرمیان، هەردوو تاوانبارەكە بۆ بەسەربردنی ماوەی سزاكەیان رەوانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی كران.

گەرمیان/سەبری هۆرینی



وشە - هیدایه‌ت جان