وڵاتی سوید بە یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكان دادەنرێ و لە ڕیزبەندی یەكەمین وڵاتەكانە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و دابینكردنی خۆشبەختی تەواو بۆ هاووڵاتییانی، ئەو وڵاتە زۆرترین پەنابەر ساڵانە وەردەگرێ، بەڵام ڕێوشوێن و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتەبەر بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێ ڕەگەزنامە و مافی مانەوە لە سوید وەربگرن.
ڕۆژنامەی "ئیندیپێندت"ی بەریتانی هەنگاوەكان و ڕێوشێنە پێویستەكانی بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی سویدی بڵاو كردووەتەوە كە لەم خاڵانەی خوارەوە پێك دێت.
یەكەم: پێویستە لە 18 ساڵ زیاتر بیت، بۆ وەرگرتنی ڕەگەنامەی سویدی بە شێوەی تاكەكەسی و دوور لە خێزان و كەسانی تری بنەماڵەكەت، پێویستە تەمەنت لە سەرووی 18 ساڵەوە بێ، ئەوانەیشی لە خوار 18 ساڵەوەن پێویستە لەگەڵ باوك و دایك و كەسانی لە خۆیان گەورەتر داوای وەرگرتنی ڕەگەزنامە پێشكەش بكەن.
دووەم: ناسنامەیەكی جێگیرت هەبێت، پێویستە ناسنامەیەكی هەمیشەیی و جێگیرت هەبێ لەوكاتەی داوای وەرگرتنی ڕەگەزنامەی سوید دەكەیت، وەك پاسپۆرتی وڵاتی یەكەم، یان هەر ناسنامەیەكی تر كە هەمیشەیی و باوەڕ پێكراو بێت.
سێیەم: مافی مانەوەی هەمیشەیی لە سوید، پێویستە سەرەتا داوا بۆ وەرگرتنی مافی مانەوەی هەمیشەییت لە سوید پێشكەش كردبێ، دواتر داوا بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی سویدی دەنێردرێت.
چوارەم: بەسەرچوونی ماوەی پێویست، دوای وەرگرتنی مافی مانەوەی هەمیشەیی لە سوید پاش پێنج ساڵ، ئەوكات دەتوانیت ببیتە خاوەنی ڕەگەزنامەی سویدی.
پێنجەم: یاساكان مەشكێنە، وەزارەتی كۆچبەرانی سوید ئاشكرای كرد، هەر پەنابەرێك لە ڕەوشت دەكۆڵرێتەوە لەو ماوەیەی لە سوید بووە، ئەمەش بنەمایەكی سەرەكی دەبێ بۆ ئەوەی ڕەگەزنامەی سویدی پێ بدرێت.
شەشەم: فێربوونی زمانی سویدی، زانینی زمانی سویدی و خۆفێركردن لە ماوەیەكی كەمدا، یارمەتیدەرێكی بەهێز و ڕاستەقینە دەبێ بۆ تێكەڵبوون بە كولتووری گەلی سوید، هەرچەندە یاسا پەنابەرانی ناچار نەكردووە فێری سویدی بن، بەڵام ئەمە یارمەتیدەرێكی بەهێز دەبێت.
حەوتەم: بەرگەی تاریكی بگرە، هاوینی سوید 20 سەعات تیشكی خۆر بە دەرەوەیە، بەڵام زستانی سارد و زۆرینەی ڕۆژەكان تاریكییە و تەنیا چوار سەعات ڕووناكی دەبێ كاتەكانی تر بەردەوام تاریك و شەوە.
هەشتەم: فێری جل پۆشین بە، پێویستە زۆرینەی جلەكانت زستانە بن، چونكە زستان درێژترین وەرزە و سەرما و سۆڵەیەكی زۆر سەخت و قورسە، بەڵام لە كاتی كاركردن سویدییەكان جلی فەرمی لەبەر ناكەن، بەڵكو وەك ئەمەریكا پشت بەو بنەمایە دەبەستن كە جلی فرەوان و نا فەرمی، وا دەكات لە كار ئاسوودەتر بن.