ئەنیمەیشنێكی كوردی كێبەركێی خەڵاتی فێستیڤاڵێكی سینەمایی ئەمەریكا دەكات

:: PM:02:22:26/07/2017 ‌
 
فیلمێكی ئەنیمەیشنی كوردی بەناوی (بێدەنگی ئاسمان) لە دەرهێنانی جبرائیل ئەبوبەكر، لە فێستیڤاڵێكی نێونەتەوەیی سینەمایی ئەمەریكادا، بەشداری كێبەركێی بردنەوەی خەڵات دەكات. 

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی بەشداریی فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵەدا رای گەیاند، "فیلمەكە لە فێستیڤاڵی سینەمایی خەڵاتی بینەران لە ئەمەریكا بەشداری دەكات ‌و كێبەركێی بردنەوەی خەڵات دەكات". 

ئەوەشی گوت، "فێستیڤاڵەكە لە رۆژی شەشی ئەیلوولی 2017 لەئەمەریكا ‌و لە باكوری هۆڵیوود ئەنجام دەدرێت". 

جوبرائیل ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەش دا كە خەڵاتی فێستیڤاڵەكە بەدەنگی بینەرانی فێستیڤاڵەكە دەدرێتە فیلمەكان.

 فیلمەكە نوێترین بەرهەمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكرە و بەسپۆنسەری عەباس فازڵ عەبدوڕەحمان خاوەنی زانكۆی نۆلج بەرهەم هێنراوە، لە ئێستەدا فیلمەكە لە چەندان فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی وەرگیراوە و بەشداری لە پێشبڕكێ و بردنەوەی خەڵاتدا دەكات ‌و دوایەمین بەشداری ‌و خەڵاتیش كە درایە ئەم فیلمە، پێدانی خەڵاتی باشترین سیناریۆ بوو لە خولی چوارەمی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەمایی زانكۆی بابل ‌و پێدانی خەڵاتی برۆنزی لە بەشی فیلمە ئەنیمەیشنەكانی فێستیڤاڵی سینەمایی باشووری جۆرجیا كە لە كەنەدا ئەنجام درا.

(بێدەنگی ئاسمان) كورتە فیلمێكی ئەنیمەیشنە ‌و لەبارەی خەونەكانی مرۆڤە بۆ ئازادی. لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەشەوە جبرائیل ئەبوبەكر دەڵێت، "فیلمەكە باس لە خەونی مرۆڤ دەكات بۆ ئازادی، بەو پێیەی كە هیچ كەسێك ناتوانێت رێگە لە ئازادی بگرێت ‌و بەربەستی بۆ دروست بكات". 

هەروەها گوتی، "ماوەی فیلمەكە 100 چركەیە و بەرهەمی ساڵی 2017یە".

جبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لە دایكبووی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لە ساڵی 2001ەوە دەستی داوەتە كاری سینەمایی و لە نزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بووە، لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بووە و لە ساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات و تا ئێستە چوار كورتە فیلمی بەرهەم هێناوە و نزیكەی 20 خەڵاتی نێوخۆیی و جیهانیشی بەدەست هێناوە.
 


وشە - تایبه‌ت