داوا دەكرێت بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان دهۆك كەم ببێتەوە، كەرتی تەندروستیی شنگال ئاوەدان بكرێتەوە و هەر چی زووە نەخۆشخانەیەكی گەورەیان بۆ دروست بكرێت.
دكتۆر نزار عیسمەت بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی ، راگەیاند، كار بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێلە بۆ شنگال دەكەن.
ئەو گوتی، لەو كاتەوە پێشمەرگە شارۆكەكەی رزگار كردووە، پزیشكان هەر لە سەنگەرەكان خەڵك چارەسەر دەكەن و ژمارەیەكی زۆری منداڵ و پیر و پەككەوتە لە رێی تیمەكانی فریاكەوتن و گەڕۆك چارەسەر كراون.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دهۆك رای گەیاند كە خزمەتگوزارییەكی زۆری تەندروستی لە ناوچە تازە رزگاركراوەكانی وەك زومار، رەبیعە، سنوون بە هەماهەنگی رێكخراوە تەندروستییەكانی دنیا دەكرێت. بەهۆی خاپووربوونی نەخۆشخانەی شنگال و لەكاركەوتنی تەواوی كەرتی تەندروستی لە ناوچەكەدا، كاری نوژەنكردنەوە بە كەڵك نایەت و دەبێت جارێكی تر سەرلەنوێ كەرتی تەندروستی دروست بكرێتەوە. لە ئێستەدا بنكەی تەندروستیی سنوون و هۆڵی منداڵبوون بۆ ماوەی 24 سەعات لە ناوچەكەدا خزمەت بە نەخۆشانی ناوچەكە دەكەن، تەنانەت ئێستە لە سنوون نەشتەرگەری دەكرێت، بەڵام ئەمە لە ئاستی پێویست نییە و پێویستی بە دەرمان و پزیشك و خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە.
نەخۆشخانەكە پێویستی بە سەرووی 44 ملیار دینار هەیە بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت و جگە لەمە بە گوتەی بەڕێوەبەرەكە، 200 ملیار دیناری تر پێویستە بۆ دابینكردنی ستاف و كەلوپەل و پێداویستی تەندروستی و دروستكردنی ژێرخانێكی تەندروستی تۆكمە بە شێوازێكی سەردەمییانە.
نزیكەی ٦٠%ی ئاوارەكانی شنگال و دەوروبەری، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی، سەردانی بنكە و نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای دهۆك دەكەن و تا كۆتای ٢٠١٦ سەرووی دوو ملیۆن ئاوارە لە دهۆك چارەسەریان وەرگرتووە. بەرپرسەكە داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە ئاوڕی رژد لە كەرتی تەندروستی شنگال بداتەوە و دووبارە بنیاتی بنێتەوە.
شارۆكەی شنگال یەكێكە لە شارۆكە گەورەكانی سەر بە پارێزگای نەینەوا و بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەژمار دەكرێت. شارەكە لە سالێ 2014 كەوتە دەست داعش و بە رێژەی 80% ی وێران كرا، بەڵام دوای ئەوەی لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگە رزگار كرا، جارێكی تر خەڵك روویان لە زێدی خۆیان كردەوە.
دهۆك/ نەوزاد هلۆرێ: