بەریتانیا پەنابەری كورد و عێراقی و فەلەستینی وەردەگرێت

:: PM:02:30:26/07/2017 ‌

بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەم ئاشكرای كرد، بازنەی پرۆگرامی دووبارە ڕەگەزنامەی بەخشینەوە فرەوان دەكات، دوای ئەوەی مافی مانەوە بەخشین بە سوورییەكان زۆر كەم بووەتەوە، بۆیە بڕیاری داوە مافی مانەوە و دووبارە نیشتەجێكردن بە كورد و عێراقی و فەلەستینییەكانیش بدات، كە لە سووریا نیشتەجێبوون بەهۆی ململانێ و شەڕەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون.

ناوەندی ڕاگەیاندن و پێوەندییە هەرێمییەكانی سەر حكوومەتی بەریتانیا كە بارەگاكەی لە شاری دوبەی ئیماراتە، لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، بڕیاری مافی مانەوە و دووبارە نیشتەجێكردنەوە بە هاووڵاتییانی سووریا، گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و هەموار كراوەتەوە، بەجۆرێك ڕێك خراوەتەوە كە هەمەڕەنگی لە خەڵكی ناوچەكە تێدا بێ و دووبارە نیشتەجێ بكرێت، ئامانجی سەرەكی بەرنامەكەیش وەرگرتنی 20 هەزار پەنابەرە لە ڕێی ئەو پرۆگرامەوە.

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوە نەداوە كە چەند كەسی سووری لەو بەرنامەیە وەردەگیرێن، بەڵام دووپاتی لەوە كردووە كە ژمارەیەكی زۆری سوورییەكان دووبارە لە بەریتانیا نیشتەجێ كراون و پێشبینی دەكرێ لەو 20 هەزار ژمارەیەكی كەمی سوورییەكانی تێدا بێت.

بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سووریاوە، ژمارەیەكی یەكجار زۆری خەڵكی سووریا بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كۆچیان كرد و تا ئێستەش 1.6 ملیۆن سووری وەك پەنابەر گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا لە ماوەی ساڵی 2014 تا 2016.

حكوومەتی بەریتانیا لە ساڵی 2015 بڕیاری دا 20 هەزار پەنابەری سووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقاوە بگەیەنێتە بەریتانیا و مافی مانەوەی هەمیشەیییان پێ ببەخشێت، ئەم پرۆگرامەش تا ساڵی 2020 بەردەوامی دەبێت، تا ئێستە زیاتر لە حەوت هەزار سووری گەیشتوونەتە بەریتانیا و لە پرۆگرامی دووبارە نیشتەجێكردن سوودیان وەرگرتووە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەریتانیا بەردەوام دەبێ لە وەرگرتنی پەنابەران و پشت دەبەستین بە وەرگرتنی عێراقی و فەڵەستینییەكانیش كە لە سووریا بەهۆی شەڕەوە هەڵاتوون، هاوكات ئەو كوردانەیش لە سووریا بوون و تا ئێستە خاوەنی ڕەگەزنامەی سووری نین، لەلایەن بەریتانیاوە ژمارەیەكیان لێ وەردەگیرێت.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د