هەڵەبجە:
ژنێک مێردەکەی بە چەقۆ دەکوژێت و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت

:: PM:03:15:26/07/2017 ‌


ژنێکی تەمەن 45 ساڵ لە هەڵەبجە لەماڵەکەی خۆیدا مێردەکەی دەکوژێت، لەدادگاش دانی بەتاوانەکیدا ناوە و دەڵێت ئەگەر دووبارە زیندوو ببێتەوە دەیکوژێتەوە، سزای لە سێدارە دانی بەسەردا سەپێنراوە و لەبەر ئەوەی لە کوردستان سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناکریت، ئێستا لە گرتوخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی بۆ هەتا هەتایە بەندە.

حەلیمە ئەو ژنەیە کە مێردەکەی خۆی بە چەقۆ کوشتوە، ژنێکی ڕوخسا وردیلانەی باڵا مامناوەندە، ئازارەکانی گرتوخانە و هاوسەرەکەی گەورەتر نیشانی دەدەن لەتەمەنی خۆی، پرچی سپی بووە و دەڵێ، هەر تاڵێکی هەزاران ئازری هەڵگرتووە، حەلیمە پێی وایە ئەو پیاوانەی وەک هاوسەرەکەی ئەون شایەنی ئەوەن بکوژرێن و ئاوا باسی بەسەرهاتی خۆی بۆ "وشە" دەکات.

من لە خێزانێکی گەورە و دەوڵەمند بووم، باوکم تەنایا دەیویست بماندات بە پیاوێک وەک خۆی دەوڵەمەند بێت، بۆی گرنگ نەبوو ئەو کەسە کێیە و چۆنە و ئێمە بەدڵمان دەبێت یاخود نا، ئەوەی ئەو دەیویست تەنیا دەوڵەمەندی بوو، بۆیە منی دا بە پیاواێکی هاوڕێی خۆی کە خاوەن ژنێک و چوار منداڵ بوو، منیش نەمتوانی هیچ قسەیەک بکەم و بەناچاری ڕازی بووم.

دوای ئەوەی حەلیمە هاوسەرگیری لەگەل ئەحمەد دەکات کە 15 ساڵ لەخۆی گەورەترە و خاوەنی چەند منداڵە، داوای لێدەکات بە باوکی بڵێ خانویان بۆ بکڕێت و دواتر هانی دەدات بۆ هێنانی پارەی باوکی، حەلیمە باس لەوە دەکات، ئەحمەد حەلیمەی بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی پارە لە باوکی دواتریش پێی گوتوە دەبێت نەک تەنیا باوکی خۆی لە شەریکەکانی نزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەکاتی کارکردنیان ژنەکەی بەکار بهێنێت.

حەلیمە زیاتر دەڵێت، ئەحمەد پیاوێكی پارە پەرست بوو، ئاسایی بوو بەلایەوە هەموومان بفرۆشێت بۆ یەک دینار، پێوەندی لەگەڵ ژنی شەریکەکانیدا دروست دەکرد، ئاڵتونی من و ژنی پێشوی بۆ ئەو ژنانە دەبرد وەک هەدیە تاوەکو سودیان لێبینێت لەکاتی مامەڵەکردندا، دووجار پەیوەندی لەگەڵ ژنی شەریکەکانیدا ئاشکرابوو، هەردوو جارەکە خۆی ون کردوو من و ژنەکەی دیەی بۆمان چارەسەر دەکرد، دووجار ماڵ و خانووم فرۆشت بۆ کڕینەوەی ژیانی، بەڵام هەر خراپتر دەبوو.

ئەحمەد پێوەندی لەگەڵ براژنی حەلیمە دا دادەنێت و حەلیمەش پێیان دەزانێت و لە ژووری نوستنەکەی خۆی بەسەریاندا دەچیت، بۆ ئەوەی حەلیمە بێدەنگ ببێت، ئەحمەد هەڕەشەی کوشتنی کچە تاقانەکەی لە حەلیمە دەکات، حەلیمە جەخت لەوە دەکاتەوە چەند جار ماڵی باوکی لە هەڵسوکەوتی خراپی مێردەکەی ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام پشتگوێیان خستووە و پێیان گوتوە مێردتە و دەبێ بەرگە بگری.

حەلیمە نایشارێتەوە کە هەمیشە هەولێداوە خراپییەکانی مێردەکەی بە شێوەیەک ئاشکرا ببێت،نەتوانێ جارێکی دیکە بەلای خراپیدا بچێتەوە، بێ ئاگایە لەوەی ئەحمەد بۆسەی بۆ ناوەتەوە، ئەحمەد بۆ ئەوەی پێوەندی خۆی لەگەڵ براژنی حەلیمەدا بشارێتەوە، پلانی داناوە دوو پیاو بنێرێتە ماڵەوە و دەستدرێژی بکەنە سەر حەلیمە بۆ ئەوەی حەلیمە ئیدی نەتوانێ هەڕەشەی لێ بکات.

حەلیمە لەڕێگەی پێوەندیەکی تەلەفۆنی کە ئەحمەدی مێردی لەگەل یەکێک لە پیاوەکاندا گومان دەکات بۆیە بەوریاییەوە مامەڵە دەکات، تاوەکو تەواوی پلانەکە دەزانێت. حەلیمە ئاوا باسی کوشتنی مێردەکەی دەکات، وابڕیاربوو بەپێی پلانەکەیان ئەو شەوە مێردەکەم لەماڵ بە بیانوی کارێکی پەلە بچێتە دەرەوە و ئەو دوو پیاوەش بێنە لای من دواتر ئەحمەد بگەڕێتەوەو من بە خیانەتکار و داوێن پیس تاوانبار بکات.

زیاتر دەلێت، ئەو شەوە هیچ نەخەوتم، دوای سەعات دووی شەو ئەحمەد بە بێدەنگی هەساتاو چۆ دەرەوە، بەڵام پێش دەرچونی کارەبای ماڵەوەی هەمووی کوژاندەوە، منیش بە بێدەنگی دوای کەوتم، ئاگام لێبوو لە حەوشە تەلەفۆنی کرد و پێ گوتن دە خولەکیتر وەرن، منیش کە چەقۆکەم ئامادە کردبوو هاوارم بۆی کردوو سەرەتا چەقۆیەکم لە سکیدا، دواتر تا توانیم و گیانی دەرچوو چەقۆم لێدا.

ئەوشەوە ئەحمەد دەمرێت و حەلیمەش دەگیرێت، ماڵی باوکی حەلیمە حاشایان لە کچەکەیان کردووە، ماڵی باوکی ئەحمەدیش کچەکەی حەلیمەیان بردۆتە لای خۆیان و ڕێگە نادەن دایکی ببینێت، حەلیمەش نایشارێتەوە کە ئەو ئەوکارەی کردووە و هیچ پەشیمانیش نیە، دەلێت مانەوە لە زیندان بە تاوانی کوشتنی نامەردەکان مەرد ترە لەوەی داوێنپیسی قبوڵ بکەی و ببیت بە ئامرازێک و پیاو داوێنپیسی خۆییت پێ پاک بکاتەوە.

هەولێر/ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - هیدایه‌ت جان