هۆكارى گرانبوونى نرخى به‌نزین له‌ هه‌ولێر ئاشكرا بوو

:: PM:03:28:26/07/2017 ‌
قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر، هۆكارى گرانبوونى نرخى به‌نزین له‌ هه‌ندێك به‌نزینخانه‌ى شارى هه‌ولێر ئاشكرا ده‌كات و راى گه‌یاند كه‌ ئه‌و گرانكردنه‌ كاتییه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 26ى ته‌مووز، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر به‌ وه‌كاله‌ت به‌"وشه‌"ى راگه‌یاند، به‌ڕێژه‌یه‌كى كه‌م له‌ هه‌ندێك به‌نزینخانه‌ى شارى هه‌ولێر به‌نزین گران كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و گرانكردنه‌ كاتییه‌ و چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

زیاتر گوتى، هۆكارى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى به‌نزین پێوه‌ندى به‌ كێشه‌یه‌كى ته‌كنیكى ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌نزین دێنێته‌ كورستان.

روونى كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێكى تر له‌ هۆكاره‌كان توندكردنى رێنوێنى و پشكنینى به‌نزینه‌ له‌ مه‌رزه‌كانى كوردستان و ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ كه‌ به‌شێك له‌ بازرگانه‌كان به‌نزین نه‌هێنن بۆ كوردستان.

قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر ره‌تى كرده‌وه‌ هیچ كێشه‌ و كه‌مییه‌كى به‌نزین له‌ عه‌مباره‌كان هه‌بێت و راى گه‌یاند، "دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتییان هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ كه‌مى به‌نزین نییه‌ و زیادبوونى ئه‌و نرخه‌ش كاتییه‌".

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر نرخى به‌نزین به‌ 600 دینار بوو بۆ هه‌ر لیترێك و له‌ ئێسته‌دا له‌ شارى هه‌ولێر بووه‌ به‌ 625 یان زیاتر بۆ هه‌ر لیترێك.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم