شارێكی كوردستان بووەتە دووەم ناوچەی بازرگانیی ئازاد لە دنیادا

:: PM:03:34:26/07/2017 ‌



لە رووی رووبەری جیۆگرافییەوە ناوچەی بازرگانیی ئازادی ماكۆ كە كەوتووەتە باكووری رۆژئاوای پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە گەورەترین ناوچەی بازرگانیی ئازادی ئێران و دووەم ناوچەی ئازادی دنیا لە دوای شانگهای چین هەژمار دەكرێت.


ئەم ناوچەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ هەردوو وڵاتی توركیا و ئەرمنیا هاوسنوورە. ئێران جگە لەم ناوچەیە شەش ناوچەی تری هەیە كە بازرگانیی لێیان ئازادە.


ناوچە بازرگانییەكە هەریەك لە شارەكانی ماكۆ، شووت، پۆلدەشت و بازرگان دەگرێتەوە و رووبەری ئەو ناوچە بازرگانییە ٧٥%ی هەموو ناوچە بازرگانییەكانی ئێرانە كە بازرگانیكردن لێیان ئازادە. ژمارەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ٢٢٠ هەزار كەس دەبێت.


پێنج ساڵە لە بڕیاری كردنی ئەم ناوچەیە بە ناوچەی بازرگانیی ئازاد تێدەپەڕێت و خەریكە ژێرخانە بازرگانییەكە لە رووی رێگە، فڕۆكەخانە، كارەبا و گەیاندن تەواو دەبێت كە سوودی بە تایبەتی بۆ پارێزگای ورمێ و بە گشتی بۆ سەرجەم پارێزگاكانی ئێران هەیە.


فڕۆكەخانەكە ئەمساڵ تەواو كرا و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا بكرێت بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی، دەروازەكە نزیكترین شوێنی ئێرانە بە كیشوەری ئەوروپا و دەتوانێت رۆڵێكی گرنگی بازرگانیی هەبێت لە ناوچەكەدا.


بەگوێرەی "ئیرنا" عەلیرەزا جەمشیدی بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی ماكۆ ئاشكرای كرد، رووبەری فڕۆكەخانەی ماكۆ هەزار و ٦٠٠ دۆنمە. ئێستە رۆژانە لە فڕۆكەخانەكەوە فڕۆكە گەشتیاران بۆ شارەكانی تری ئێران دەگوازێتەوە و بڕیارە شەوانەش چالاكییەكانی دەست پێ بكات. هەروەها بڕیارە هەر لە تەنیشت فڕۆكەخانەكە زانكۆ، هوتێل، شوێنی گەشتیاری و بازاڕگە بنیات بنرێت.


فڕۆكەخانەكە بە شێوەیەك دیزاین كراوە كە دەتوانێت فڕۆكەی جۆری A320 تیایدا بنیشێت و تەنیا ترمیناڵە سەرەكەییەكەی سەرووی سێ دۆنم دەبێت كە پێشوازی لە میوانان دەكات.


شەقامی سەرەكیی ناوچەی ئازادی ماكۆ كە بەرەو سنووری بازرگان درێژ دەبێتەوە، لە ١١ مەترەوە بۆ ٢٥ مەتر بەرین دەكرێت و درێژیی ئەو شەقامانەش كە گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت، دەگاتە ١٠٠ كیلۆمەتر.


هەر لە ناوچەی بازرگانیی ئازادی ماكۆ، پێنج ناوچەی پیشەسازی دروست دەكرێن و هاوكات وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بە توانای ١٢٠ مێگاوات كارەبا بنیات دەنرێت بۆ ئەوەی وزەی پێویستی ناوچە پیشەسازییەكان و ناوچەی بازرگانیی ئازاد دابین بكات. 


ئیبراهیم جەلیلی جێگری ناوچەی ئازادی ماكۆ ئاماژەی بەوە كرد، ناوچەكە جگە لە پێگەی بازرگانی، دەوڵەمەندە بە كانزا بە نرخەكانی وەك زێڕ، تیتان و مەڕمەڕ و دەكرێت هەر لەو ناوچە پیشەسازییانە كانزاكان بۆ بەرهەمی جیاواز بگۆڕدرێن و بخرێنە بازاڕەوە.


لە لایەكی ترەوە هەر لەو ناوچەیە كارگەیەكی دروستكردنی كاغەز لە بەرد بنیات دەنرێت كە تەكنەلۆجیاكەی ئەڵمانییە و ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی لە بەرهەمهێنانی كاغەزدا كەمتر پشت بە بڕینی دار ببەسترێت. لە لایەن كۆمپانیاكانی چین، هیندستان، كەنەدا و توركیا لە ناوچەكە وەبەرهێنانی بیانی هەبووە .


ئێران لە بەرنامەیدایە لە داهاتوودا ئاستی قەبارەی بازرگانیی لەگەڵ توركیا بگەیەنێتە ٣٠ ملیار دۆلار و ئەوەش ئەو پێویستییە دەهێنێتە كایەوە تا دەروازە سنوورییەكەی بەرفراوانتر بكرێت.


پێویستە بگوترێت ماكۆ یەكێكە لەو شارانەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە هێشتا خەڵكێكی زۆر بە ئاژەڵداری خەریكن و گوندنشینان لە بەرزایی و چیاكان رەشماڵ هەڵدەدەن و رۆڵیان هەیە لە پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕ بە بەرهەمەكانی شیر.


لەو پڕۆژەیەی بۆ بازاڕی ئازادی ماكۆ لەبەرچاو گیراوە، ئەوەیە ناوچەكە بكرێت بە ناوچەیەكی گەشتیاری و گەشتیارانی بیانی لە نزیكەوە لەگەڵ ژیانی ئاژەڵداران ئاشنا ببن و چێژ لە سروشت و بەرهەمەكانیان وەربگرن.


بۆ نموونە گوندی كوروز شوربلاغ یەكێكە لە گوندەكانی ئەو ناوچەیە كە بەفر تیایدا تا یەك مەتر و نیو دەبارێت و خەڵكی گوندەكە تەنیا سێ مانگ لە ساڵدا دەتوانن ئاژەڵەكانیان بۆ ناوچەی تر بگوازنەوە.


رووبارێك بە ناو شاری ماكۆدا تێدەپەڕێت كە بۆ دوو بەشی باكور و باشوور دابەش دەكات. شارەكە بە شارێكی ستراتیجی هەژمار دەكرێت، چونكە سەرەكیترین رێگەی بازرگانییە لەگەڵ توركیا. ماكۆ بە زمانی ئەرمەنی بە واتای لەوەڕگە دێت و دەگوترێت بە هۆی ئەوەی لەوەڕگەی خۆشی هەیە، ئەرمەنەكان ئەو ناوەیان لێناوە و بۆچوونێكی تریش هەیە دەڵێت كاتی خۆی مادەكان لەم شوێنە دەسەڵاتیان هەبووە و بە مادكو یان كێوی مادەكان ناسراوە و دواتر گۆڕاوە بۆ ماكۆ.


ژمارەی دانیشتوانی شاری ماكۆ ٨١ هەزار و ٤٥٥ كەسە و هەزار و ١٨٢ مەتر لەسەر رووی دەریا بەرزە. شارەكە خاوەنی كۆمەڵێك شوێنەواری دێرینە كە تەمەنیان بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە.






 







وشە - سلێمان تاشان