ئێران سامانی ماسی هەرێمی كوردستانی لەناو بردووە

:: PM:03:47:26/07/2017 ‌

بەهۆی گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تایبەت لە سنوری گەرمیان و گەرمەسێر سامانی ماسی رووی لەكەمی و قڕبوون كردوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی تەمووز، حەسەن عەلی یەك لە ماسی فرۆشەکانی شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە "وشە" ی راگەیاند، ئاوی ئەڵوەن لە لایەن ئێرانەوە گیراوەتەوە و سیروانیش رووی لە كەمی كردوە، بەو هۆیەوە ماسی لە چەم و روبارەكانی گەرمیان رووی لە كەمبونەوە كردووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بۆ دەستكەوتنی ماسی بۆ فرشتن، ئێستا روومان لە حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی كردووە لە ناوچەكەمان و چیتر ناتوانین پشت بە ماسی روبار ببەستین.

هاوكار حەسەن كاری راوكردنی ماسیە لە رووباری سیروان بۆ"وشە" دەڵی، ماسی بە رادەیەک كەم بۆتەوە، رۆژانە ناتوانی لە چەند ماسییەک زیاتر بگریت.

"جاران ماسی سەرچاوەی بژێوی دەیان راوچی بوو، بەڵام ئێستە كەمكردنەوەی ئاوی روباری سیروان و ئەڵوەن بۆتە هۆكاری ئەوەی واز لە راوكردن بهێنین" هاوکار وای گوت.

سۆران حوسێن، بەرپرسی هۆبەی ماسی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان بە " وشە"ی راگەیاند، ماسی وەك بونەوەرێكی ئاوی و یەكێك لە پێویستیە خۆراكیەكانی مرۆڤ پێویستی بە ژینگەیەكی لەبارە بۆ ژیان و دەبێت ئاوی لێ كەم نەكرێتەوە چونكە بەو هۆیەوە ئۆكسیجنی نێو ئاو كەم دەبێتەوە، سروشتی گەرمیان وادەخوازێت ماسی لە قوڵایی ئاودا بێت بەهۆی تینی گەرماوە، كە ئاویش كەم بێتەوە كاریگەری زیاتری دەبێ لەسەر ماسی.

دووپاتی دەکاتەوە، سامانی ماسی بەهۆی كەمبونەوەی سەرچاوە ئاوییەكانی ناوچەكەوە كە لەئێرانەوە ئاو دەرژێتە ناوی، رووی لە كەمبونەوە كردوە و ئێستا خواردنگەكان و ماسی فرۆشان پەنا بۆ حەوزەكانی تایبەت بە بەخێوكردنی ماسی دەبەن كە ژمارەیان 36 حەوزە لە گەرمیان، ئەوەش لە كاتێكدایە ساڵانی پێشوو ناوچەكانی تری كوردستان و بگرە ناوەڕاستی عێراقیش بە لێشاو ماسی روبار و چەمەكانی گەرمیانیان بۆ رەوانە دەکرا.

ماوەی 10ساڵە ئێران دەستی كردوە بە كەمكردنەوە سەرچاوە ئاویەكانی سنوری گەرمیان كە كەلار و دەوروبەری لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ سەرچاوەكانی گەرمەسێر كە خانەقین و دەوروبەری دەگرێتەوە و ئەمساڵیش لەدوای دیاری کردنی وادەی ریفراندۆم بە یەکجارەکی سەرچاوە ئاوییەکانی زێی بچووک و ئەڵوەن و سیروانی وەک کارتێکی فشار بەڕووی باشووری کوردستاندا گرتەوە.

گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - هیدایه‌ت جان