پۆلیسی عێراق هاووڵاتییەك دەسووتێنن

:: PM:04:05:26/07/2017 ‌
لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی گرتەیەكی ڤیدیۆی پۆلیسی عێراق بڵاو كراوەتەوە كە ژمارەیەك پۆلیس بە توندی ئەشكەنجەی هاووڵاتییەكی سوودانی لە عێراق دەدەن و ئاگری تێبەر دەدەن، ئەمەش چالاكانی مافی مرۆڤی هێناوەتە دەنگ و بە توندی دژی ئەو كارە قێزەونەی هێزەكانی پۆلیس وەستاونەتەوە.

گرتە ڤیدیۆكە تەواوی پەیجەكانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی تەنیوە و تێیدا هاووڵاتییەكی سوودانی دەردەكەوێ، كە گرووپێك پۆلیسی عێراقی بە دەورییەوەن و ئازار و ئەشكەنجەی زۆری دەدەن و بە ئاگر ڕیش و ڕووخساری دەسووتێنن.

میدیاكانی سوودان بڵاویان كردووەتەوە كە هاووڵاتییە سوودانییەكە ناوی "موسا بەشیر"ە و لەوكاتەی لە نەخۆشخانە هاتووەتە دەرەوە و چارەسەری بۆ برینی پێیەكانی كردووە، كە بەهۆی شەڕی هۆزەكان و حكوومەت لە بەسرە بریندار بووە، لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە و بەو شێوازەی لە ڤیدیۆكە دەیبینن ئەشكەنجە دراوە.

وەزارەتی دەرەوەی سوودان هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی عێراقی لە شاری خەرتوومی پایتەختی سوودان بە پەلە بانگهێشت كردووە و ناڕەزایی فەرمی وڵاتەكەیان پێ داوە تا بە حكوومەتی وڵاتەكەی بگەیەنێت، لە بەرامبەر ئەو كارە دڕندانەیەی بەرامبەر بەو هاووڵاتییەی سوودان لەلایەن پۆلیسی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی دەرەوەی سوودان لە ڕاگەیەنراوێكدا كە پێگەی "سوودان تربیۆن" بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی داوە كە باڵوێزخانەی سوودان لە بەغدا چاودێری دۆخی ئەو هاووڵاتییەی وڵاتەكەی دەكات و بەرەو شوێنێكی ئارام گواستوویانەتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە تەناهییەكانی عێراق.

بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە لە كاتێكدایە عێراق لە ریزبەندی خراپترین وڵاتەكانی دنیا بۆ پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە، پێشتریش میلیشیاكانی حەشدی شەعبی خەڵكی سوننەیان لە پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار و فەلووجە و مووسڵ بە شێوەیەكی هەڕەمەكی و بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان ئەنجام دا بێ، گولەباران دەكرد و بە زیندوویی دەیانسووتاندن و دەیانخستنە نێو ئاوی ڕووبارەكان، ئەمەش ناڕەزایی توندی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە بواری مافی مرۆڤی لێ كەوتووەتەوە.

سەرچاوە/بغداد نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د