خێراترین مۆبایلی دنیا دەخرێتە بازاڕەوە

:: PM:04:17:26/07/2017 ‌

كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی مۆبایلی زیرەك لەسەر ئاستی دنیا بەردەوامن لە كێبەركێكردن لەسەر خستنەڕووی باشترین و پێشكەوتووترین مۆبایل لە دنیا، دوای ئەوەی گالاكسی ئێس8 و وەن پلەس5 پێشكەوتووترین تەكنەلۆجیایان لە مۆبایلەكانیان بەكار هێنا، ئەمساڵ ئایفۆن8 و پێكسل2 ش خێراترین مۆبایل دەبن كە دەخرێنە بازاڕەكانەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێك، مۆبایلی پێكس دوو یەكەم مۆبایلی زیرەك دەبێ كە پرۆسیسەری سناپ دراگۆن 836ی تێدا بەكار دەهێنرێ، كە ڤێرژنی پەرەپێدراوی پرۆسیسەری سناپ دراگۆن 835ە، ئەمەش دوای ئەوە دێ كە لە ساڵی ڕابردووەوە كۆمپانیای گووگڵ لەگەڵ كۆمپانیای كوالكۆم پەرەیان بە ڤێرژنی سانپ دراگۆن 820 دا كە لە مۆبایلی پێكسل بەكار هێنرابوو.

زانیاریییە بڵاوكراوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە مۆبایلی پێكسل2 بچووكترین پرۆسیسەری دەبێ و باشترین كوالێتی و تایبەتمەندی تێدا بەكار دەهێنرێت، بە بەكارهێنانی پرۆسیسەری سناپ دراگۆن 836 پێشبینی زیادكردنی خێرایی مۆبایلە زیرەكە بە ئاستێكی زۆر دەكرێ، بۆ شیكردنەوەی پرۆسەكانی ناو مۆبایلە لە كورتترین كاتدا.

بڕیارە كۆمپانیای گووگڵی ئەمەریكی لە مانگی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ئەمساڵ مۆبایلی "پێكسل2 و پێكسل ئێكس ئێل2" بخاتە بازاڕەكانەوە و خەڵكێكی زۆریش چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی مۆبایلە نوێكەی گووگڵ دەكەن.

سەرچاوە/RT.



وشە - باز ئه‌حمه‌د