تابڵێتێك بچووك دەكرێتەوە و دەبێتە مۆبایل

:: PM:04:35:26/07/2017 ‌

كۆمپانیای لینۆڤۆ ئاشكرای كرد، نموونەیەكی سەرەتایی تابڵێتێكی بە شاشەیەكی نەرم بەرهەم هێناوە، كە دەتوانرێ بچووك بكرێتەوە و قەبارەكەی هاوشێوەی قەبارەی مۆبایلێكی ئاسایی لێ بكرێت، ئەمەش هەوادارانی ئامێرە تەكنەلۆجییەكانی شۆك كردووە و هەمووان چاوەڕوانن لینۆڤۆ ئەو بەرهەمە بخاتە بازاڕەكانەوە

ئەو تابڵێتە نوێیەی "لینۆڤۆ" ناوی "ڤۆلیۆ"یە و تا ئێستە تەنیا یەك دانەی لێ بەرهەم هێنراوە، دەتوانرێ شاشەكەی بۆ قەبارەی 5.5 بۆسە بچووك بكرێتەوە و كاتێك وەك تابڵێتیش بەكار بهێنرێت، شاشەكەی قەبارەی دەگاتە 7.8 بۆسە.

ئەو ئامێرە نوێیە لە كۆنگرەی "تێك وۆرلد" لە شاری شەنگەهای وڵاتی چین لە 20 تەمووز/یۆلیۆ بۆ یەكەم جار نمایش كرا. كاتێك تابڵێتی "ڤۆلیۆ" درێژ دەكەیتەوە یان بچووكی دەكەیتەوە، بەهۆی تایبەتمەندی UI بەشێوەیەكی خۆكارانە قەبارەی وێنەگرتنی هاوشێوەی مۆبایل یان تابڵێتەكەی لێ دێت.

كوالێتی شاشەی ئەو ئامێرە 1920*1440 پێكسلە و بە پرۆسیسەری سناپ دراگۆن 800 بەرهەم هێنراوە و بە سیستەمی كارپێكردنی ئەندرۆید 7 نۆگا كار دەكات، تا ئێستە كۆمپانیای لینۆڤۆ هیچ زانیارییەكی لەسەر كاتی خستنەڕووی ئەو ئامێرە و نرخەكەی بڵاو نەكردووەتەوە.

سەرچاوە/RT.





وشە - باز ئه‌حمه‌د