به پێى پڕۆژه‌یه‌كى سه‌رۆكایه‌تیى شاره‌وانى هه‌ولێر و قایمقامیه‌تى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر جۆرێك له "كابینه‌ى مۆدێرن" كه وه‌ك ماركێتى بچووك ئه‌ژمار ده‌كرێت له به‌شێك له شه‌قامه‌كانى شارى هه‌ولێر داده‌نرێت.
كابینه‌كه به‌شێوه‌یه‌كه كه هاووڵاتییان ده‌توانن به‌كرێ بیگڕن و بۆ فرۆشتنى رۆژنامه یان هه‌ر پێویستییه‌كى تر به‌كارى بێنن، ئێسته ته‌نیا له چه‌ند شه‌قامێكى هه‌ولێر دانراوه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 26ى ته‌مووز، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر به وه‌كاله‌ت به "وشه"ى راگه‌یاند، پڕۆژه‌ى دانانى ئه‌و كابینه مۆدێرنانه له سه‌ره‌تادایه و ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌وه له زۆربه‌ى شه‌قامه‌كانى شارى هه‌ولێر داده‌نرێت.
زیاتر گوتى، پڕۆژه‌كه به‌و جۆره‌یه كه ئه‌و كابینه به‌كار ده‌هێنرێت بۆ فرۆشتنى كه‌لوپه‌لى رۆژانه‌ى هاووڵاتییان و رۆژنامه و گۆڤاره‌كان، چونكه پێشتر كابینه‌كان جوان نه‌بوون.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه تا ئێسته له شه‌قامه‌كانى شارى هه‌ولێر فرۆشیاران به‌بێ كابینه یان به هه‌ڵدانى چه‌ترى گه‌وره كه‌لوپه‌ل ده‌فرۆشن.