گرووپی شانۆی "هەوار" دەچێتە میسر بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵی شانۆیی نەتەوەیی میسری و بۆ نمایشكردنی شانۆی "خەون" تێیدا.
ئەمڕۆ چوارشەم نەژاد نەجم خاوەن بیرۆكە و دەرهێنەری ئەو بەرهەمە شانۆییە لە میسرەوە بە"وشە"ی راگەیاند، وەك گرووپی شانۆی "هەوار"، ماوەی چەند ڕۆژێكە گەیشتووینەتە ئێرە بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵی شانۆی نەتەوەیی میسری.
زیاتر گوتی، بەشداریكردنمان بە نمایشكردنی شانۆی "خەون"ە لە بیرۆكە و دەرهێنانی من و لە نواندنی ئالان ئاراز و هونەر شەوقی و دارا عزەدینە، ئەوەش دوای ئەوەی بانگهێشتنامەمان پێ گەیشت و ئێستەش لێرەین بۆ بەشداریكردن لەو فێستیڤاڵەدا.
روونی كردەوە، لە ئێستەدا لەو وڵاتە پڕۆڤە و ئامادەكاری تەواومان كردووە و بەیانی 27ی تەمووز ئەو شانۆیە نمایش دەكەین لەو فێستیڤاڵەدا و لە شەقامی معز لە شاری قاهیرە.
لای خۆیەوە هەوار نەژاد بەڕێوەبەری گرووپی شانۆكە بە"وشە"ی راگەیاند، ئەو فێستیڤاڵە 10یەم فێستیڤاڵی شانۆی نەتەوەیی میسرییە و لە 13ی ئەم مانگەدا دەستی بە نمایشكردنی چالاكییەكانی كردووە و تا 28ی مانگ بەردەوام دەبێت و ئێمە لە شاری كەركووكەوە وەك چەند شانۆكارێكی كورد بەشداریمان تێدا كردووە.
زیاتر گوتی، بۆ یەكەمجارە سێ تیپی هونەری دەرەوەی وڵات بانگهێشت بكرێت بۆ ئەو فێستیڤاڵە بۆ نمایشكردنی شانۆكانیان، ئەوانیش ئێمە لە شاری كەركووك و دوو گرووپی تریش یەكێكیان لە بابل و ئەوی تریشیان لە ئیمارات.
ئەو شانۆیەمان چیڕۆكەكەی باس لە كاری مرۆڤایەتی و كاریگەرییەكانی پاشماوەی دەنگ دەكات، بەشداریكردنمان خەونی ئێمە بوو، بۆیە ناومان لەو بەرهەمەمان ناوە شانۆی "خەون" ، تێیدا ئازاری ئێزیدی و ئاوارەكانی وڵاتەكەم و رووخاندنی مێژوو و كارەساتە گەورەكان بەستایلی ئاهەنگ و شێوازی نوێ دەگەیەنینە میسر و مێژوی فیرعەونەكان ، ئامانجمان ناساندنی كولتوور و ڕۆشنبیری نەتەوەكەمانە و لە ماوەی ڕۆژانی بەردەوامی ئەو فێستیڤاڵە زیاتر لە32 نمایش لەو فێستیڤاڵە نمایش دەكرێن.
هەولێر/ شاخەوان شێخانی