ئەمشەو چوارشەم خانمە گۆرانیبێژی ناسراوی كورد پەرواز حوسێن، وەك خانمە هونەرمەندیكی كورد لەگەڵ چەندین هونەرمەندی ناسراوی گۆرانی عەرەبی بەشداری فێستیڤاڵی "جەرش" لە ئوردن دەكات و گۆرانی تێدا پێشكەش دەكات.
گۆران ساڵح هاوسەری پەرواز ئەمڕۆ بە"وشە"ی راگەیاند، بۆ یەكەمجار ئەمڕۆ پەرواز وەك گۆرانیبێژێكی كورد بەشداری لە فێستیڤاڵی گەورەی "جەرش" دەكات كە یەكێكە لە گەورەترین فێستیڤاڵەكانی گۆرانی لە جیهانی عەرەبیدا و هونەرمەندانی ناسراوی عەرەبی و جیهان بەشداری تێدا دەكەن.
لەو بارەوە پەرواز بە"وشە"ی راگەیاند، دڵخۆشم بە بەشداریكردن لەو فێستیڤاڵە گەورەیە بۆ یەكەمجار و بەڵێن دەدەم شەوێك بێت لەتەمەن، لەگەڵ هونەرمەند و گۆرانیبێژی گەورە وەلید تۆفیق بەشداری تێدا دەكەم و گۆرانی تێدا پێشكەش دەكەین.
ئەو فێستیڤاڵە چەند ڕۆژێكە دەستی پێ كردووە و ئەمڕۆ چوارشەم ڕۆژی تایبەت بە خانمە گۆرانیبێژ پەڕوازە و لەگەڵ گۆرانیبێژ ولید تۆفیق سعات 8:30 خولەكی شەو بەشداری تێدا دەكات و گۆرانی دەڵێت.
لە راگەیاندن و بڵاوكراوەی تایبەتی ئەو فێستیڤاڵەدا هاتووە كە هەریەك لە گۆرانیبێژان وائیل كەفوری و نانسی عەجرەم و هانی شاكر و راغب عەلامە و دیانا كرازۆن و نەوال زوغبی و چەندان هونەرمەندی تری ناسراوی دنیای گۆرانی میوزیك و گۆرانی عەرەبی بەشداری تێدا دەكەن.
ئەو فێستیڤاڵە پێنجشەم 20ی تەمووز دەستی پێ كردووە و تاوەكو 30 تەمووز بەردەوام دەبێت، واتە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ.
فێستیڤاڵی "جەرەش" فێستیڤاڵێكی ساڵانەی هونەری و كولتوورییە لە شاری دێرینی جەرەش لە باكوری ئوردن ساز دەكرێت و لە 1983ەوە دەستی پێ كراوە و چەندان دیمەنی شایی و سەما و ئێوارە ئاهەنگ و شانۆ و ئۆپێرا بە بەشداری ئەستێرە و تیپی هونەری لەخۆی دەگرێت.
هەولێر/ شاخەوان شیخانی