"تۆ شاسواری ئەو جەنگە و پاڵەوانی ئەو خەونە نیت"

:: PM:11:12:26/07/2017 ‌

شاسوار عەبدولواحید خاوەنی كۆمپانیای نالیا لە سلێمانی خەریكی هەڵمەتێكە دژی سەربەخۆیی كوردستان و ڕۆژانە لە پەیجی تایبەتی خۆی و پەیجە فەرمی و نافەرمییەكانی ئێن ئاڕ تی، پەیامەكانی بڵاو دەكاتەوە و بە پارە سپۆنسەریان دەكات، ئەوەش ناڕەزایی زۆری لێ كەوتووەتەوە.

شەوی رابردوو شاسوار عەبدوڵواحید لە كەناڵەكەی خۆیەوە، دژایەتی بەرامبەر سەربەخۆیی كوردستان راگەیاند و گوتی، جووڵانەوەی دژە ریفراندۆم رادەگەیەنم، بۆ ئەم مەبەستەش بەتەمای دروستكردنی كەمپینێكە بە هاوكاریی كۆمپانیای بیانی كە بەكرێی گرتوون و ئەو كارە دەكات.

ناڕەزایی رۆشنبیر و چین و توێژەكانی كوردستان لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستە نەرێنی و ناوەختییەی شاسوار بەردەوامە، لەوانەش كەسایەتی ناسراوی كورد  پشكۆ نەجمەدین كە لە پەیامێكی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی:

من خوازیارم، سیستەمی نادروستی سیاسی و ئیداریی وڵاتەكەم، بگۆڕدرێت، بەڵام دڵنیام، كە بە تۆ ناكرێت!

من دەمەوێت دەستەڵات و فەرمانڕەوایی خێڵ و ئێڵ و بنەماڵەكان، ژێراوژوور ببن، بەڵام تۆ "شاسوار"ی ئەو جەنگە نیت!

من خەون بە دیموكراسی، یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتییەوە دەبینم، وەلێ تۆ پاڵەوانی ئەو خەونە نیت!

سەرمایەدارێكی مینا قارچك هەڵتۆقیوی بەر بارانی گەندەڵان و گەندەڵكاری، ئیمپراتۆریای موڵكداری و میدیاكاریت، لە نەبوونی سیستەم و دامودەسگادا، ڕۆ ناوە، كەچی هێشتا تێر نابیت و بەنیازیت، بزووتنەوەیەكی گەوجاندنی گەنجەكانی وڵات، بۆ بەدیهێنانی خەونی ڕیفۆرم و چاكسازی بخولقێنیت!

هەق وایە، ئێمە بزانین، تۆ گۆچانێكی ڕزیوی دەستی یاریكەرە بزێوە دەرەكییەكان و مقاشێكی دەستی ئەو كەس و هێزە ناوەكییە شكستخواردووانەیت، كە پشكۆیەكیان پێ نەخرایە نێو كوورەی ڕق و بێزاریی هەژارانی وڵاتەكەم. 

من دڵنیام، گڕكانی ئاخ و حەسرەتی گەنجەكانی ئەم وڵاتە، دەتەقێتەوە، بەڵام تۆ پزیسكێكی ئەو شاڵاوە گڕگرتووە نابیت!

ڕۆژان دێن و ئەوی تەمەن مەودای بدات، ئەزموونی گەوجاندنی تۆیش دەبینێت!






وشە - تایبه‌ت