جەعفەر ماملێ: هیچ گۆرانییەكی ماملێ‌ نەماوە بڵاو نەبووبێتەوە

:: AM:09:41:27/07/2017 ‌

جەعفەر ماملێ یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی هونەرمەندی گەورە (ماملێ)یە. لە ساڵی 1319 لە مەهاباد لە دایك بووە و بە هۆی دەنگخۆشیی بنەماڵەكەیان و گاڵەی گۆرانیگوتن لە ناو خۆیاندا ئەو ڕێگەیەیان گرتووەتە بەر، ئەو لە دیدارێكی "وشە"دا زۆر وردەكاری لەبارەی گۆرانییەكانی ماملێی براگەورە و بەشداری خۆیان لەو رووەوە باس دەكات.

لە چ كاتێكەوە بە شێوەی فەرمی پێت لە نێو دنیای هونەر ناوە؟
كاتێك كە كاك محەمەدی برام نەخۆش كەوت و نەیدەتوانی لە بۆنە و رێوڕەسمەكاندا گۆرانی بڵێت، لەسەر داواكاری و ئیزنی خۆی من دەچووم و ئێستەش هەر بەردەوامم.

هۆی چ بوو كە درەنگ و دوای كۆچی مامۆستا محەمەد ماملێ دەستت بە گۆرانیگوتن كرد؟
لە لایەكی نەك من، بەڵكو هەموو براكان بەهۆی ڕێز و حورمەتێك كە بۆ هونەرەكەی كاك محەمەد و خودی خۆی وەك برا گەورەیەك هەمان بوو، خۆمان لە قەرەی دنیای هونەر نەدا. لە لایەكی تریش بەهۆی ئەوەی كە پیشە‌ی سەرەكیم بازرگانی بوو و لە نێو بازاڕدا خەریكی مامەڵە بووم، نەمدەتوانی بەدوای كاری هونەر بكەوم.

لە كام شوێن و وڵات كاری هونەریت بەڕێوە بردووە؟
لە سوید لە گەڵ هونەرمەند "عەزیز شاروخ" كۆنسێرتم كردووە و لە دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد چەند گۆرانییەكەم تۆمار كردووە، هەروەها لە باشووری كوردستان بەشداری چەند بەرنامە بووم. لە مەهاباد و پیرانشاریش كۆنسێرتم بەڕێوە بردووە كە بە گشتی نزیكەی 50 ئاهەنگم تۆمار كردووە.

شیعری چ شاعیرانێكت بە گۆرانی گوتووەتەوە؟
شیعری مامۆستایانی وەك وەفایی، هێمن، هەژار، سەید كامیلی ئیمامی (ئاوات)، حەقیقی‌، گۆران و.. بە گۆرانی گوتووەتەوە.

ئایا لەگەڵ مامۆستا محەمەد ماملێ پێكەوە گۆرانیتان گوتووە؟
بەڵێ لە زۆر شوێنانی وەك (ماڵی خۆمان، لاجان، زمزیران) پێكەوە گۆرانیمان گوتووە. بەڵام تا بۆ خۆی پێی نەگوتبم و بانگی نەكردبایەم، هیچ كات نەمگوتووە. ئەگەر گۆرانیشمان پێكەوە گوتووە، قەت دەنگم بەسەر دەنگی كاك محەمەدی نەخستووە، چوون وەك گەورەیەك هەمیشە ڕێز و حورمەتی لە لای ئێمە هەبوو.

دەگوترێ مامۆستا محەمەد ماملێ چەند بەرهەمێكی تا ئێستە بڵاو نەبوونەتەوە، ئەوە تا چەند ڕاستە؟
لەگەڵ ڕێزمدا ئەو قسەیە كە دەڵێن كاك محەمەد ماملێ چەند گۆرانییەكی ماون كە بڵاو ببنەوە، ئەوە وا نییە و هەمووی بڵاو بوونەوە. ئەو گۆرانییانەی كە لە ماڵی حاجی عەزیز خاڵندی تۆمار كراون، بۆ خۆم لە سێ بەرناماندا لەگەڵ كاك محەمەدی هەم. بە ئەرخەیانییەوە ئەو گۆرانییەی كە كاك محەمەد لەوێ گوتوویەتی، لە زۆر شوێنی تر هەر ئەو گۆرانییەی گوتووەتەوە، رەنگە ئاهەنگێكی لەوێ زۆر گوتبێ و لە شوێنێكی تر كەمی گوتبێ. بەڵام هیچ ئاهەنگێكی ئەو نەماوە كە بڵاو نەبووبێتەوە.

لە بیرەوەرییەكانی خۆت لەگەڵ كاك محەمەد ماملێ، ئەگەر شتێك هەبێ باسی بكەیت؟
خۆشترین بیرەوەری من لەگەڵ كاك محەمەد ماملێ، زەماوەندی دێهاتێكی لای لاجانێ بوو كە كاكە حەسەنی براشم لەوێ بوو. كاتێك كە لە ماڵێكی دانیشتبووین كاك محەمەد "جانانەیەكی" شیعری مامۆستا وەفایی گوت و كاك حەسەن كە لەو دیوی تر دانیشتبوو و گوێی لە دەنگی كاك محەمەدی بوو، هەر بەو شیعرەی مامۆستا وەفایی بە گۆرانی وەڵامی دەداوە و ئەوە بۆ من خۆشترین بیرەوەری بوو كە دوو برا وا بە هاودەنگی و بە جوانی گۆرانی دەگوت.

هونەری گۆرانی لە بنەماڵەی ماملێ، بە تایبەتی قەتار لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
ئەو هونەرە بە تایبەتی "قەتار" لە بابم "سەعید ماملێ" سەرچاوە دەگرێ و كاك حوسێن و كاك محەمەدی برام هەر شاگردی بابم بوون و لەوێڕا فێر بوون. هەر گۆرانییەكیش كە دەگوترا دەسپێكەكەی شیعری وەفایی بوو، چون بابم زۆر هۆگری شیعری وەفایی بوو و ئێمە ئێستەشی لەگەڵ‌ بێ لە شیعری وەفایی كەڵك وەردەگرین.

چۆنە هونەری ئاواز و گۆرانی لە بنەماڵەی "ماملێ"دا لە سەر یەك شێوازە؟
ئەوە لە ناو بنەماڵەی "ماملێ"‌دا لە كۆنەوە تا ئێستە هەر وەك سونەتێك وا بووە كە خەت و شوێنەكەی لە بابم "سەعید ماملێ" ڕا دێت و ئێمەش هەر ڕێچكەی ئەومان گرتووەتە بەر و پێیدا دەڕۆین.

پێوەندی بنەماڵەی ماملێ و وەفایی لە كوێڕا سەرچاوە دەگرێت؟
ئەو پێوەندییە لە سەعید ماملێ ڕا سەرچاوە دەگرێ. بەهۆی ئەوەی كە هەر دوو بنەماڵە هاتوچۆیان بووە و بابم دەنگێكی خۆشی تایبەتی هەبوو و زۆربەی شیعرەكانی مامۆستا وەفایی بە گۆرانی دەگوتەوە. هەر لە سایە سەری ئەو پێوەندییە پتەوەی هەر دوو بنەماڵە، هەر كات باسی هونەری ماملێ دەكرێ، هەمیشە دەگوترێ "وەفایی و ماملێ".

داخوا هونەر لە بنەماڵەی "ماملێ"دا درێژەی دەبێ و نەوەی نوێ هەوڵ دەدەن بۆ پاراستن و پەرەپێدانی؟
بە دڵنیایییەوە ئەو جەوهەرەیان تێدایە ئەگەر بیانەوێ بیكەن. بەڵام دڵەكەی خۆم دەڵێ ناكرێ، چون دنیا بەرەو گۆرانی جۆراوجۆر هەنگاو دەنێ و بەرەو پێش دەڕوا، هەروەها قسەی ناحەز و تانە لێدان لە هونەرمەندان بووەتە هۆی ئەوەی كە لە بڕیاری هاتنە نێو دنیای گۆرانی گوتن پاشگەز بنەوە.

باسی شەو دانیشتنە هونەرییەكانی سەردەمی زوو و ئێستەمان بۆ بكەن؟
بەداخەوە شەو دانیشتنەكانی ئێستە تام و بۆنی ڕابردوویان نەماوە، چون ئەودەم خەڵك دڵی خۆشتر بوو، كار و كاسبی هەبوو، سەفا و گەرم و گوڕی لە هەمان كاتدا ڕێز و حوڕمەت گرتن، گەورەیی و بچووكی هەبوو، بەڵام ئێستە ئەوانە بەرەو كاڵ بوونەوە ڕۆیشتوون. لە لایەكی ترەوە لەبەر ژیانی ناخۆشی ئێستە و هەڵات هەڵاتی ڕۆژانە و ماندوویەتی و دڵ ناڕەحەتی خەڵك بووەتە هۆی ئەوەی كە هونەر تێداچێ و جێگەی جارانی نەمێنێ.

وشە/ ڕێبوار و هەرمان



وشە - تایبه‌ت