ئێران و رووسیا لەسەر کڕینی 12 فڕۆكەی سوخو رێككەوتن

:: AM:09:57:27/07/2017 ‌

وەزیری وزەی رووسیا ئاشكرای كرد، گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆكەی جۆری سوخو١٠٠ بە ئێران گەیشتووەتە قۆناخی كۆتا، ئەم فڕۆكەیە توانای هەیە ١٠٠ كەس هەڵبگرێت و بەشێك لە پارچەكانیشی لە لایەن كۆمپانیاكانی ئەمەریكاوە بەرهەم هاتووە.

لە دوای كۆمپانیاكانی ئەمەریكی و ئەوروپی، بوئینگ و ئەیرباس، كۆمپانیای سوخوی رووسیاش رەزامەندی دەربڕیوە تا كۆمەڵێك فڕۆكە رادەستی ئێران بكات. ئەو كۆمپانیایە پێشتر فڕۆكەی جەنگیی بە ئێران فرۆشتووە.

گرێبەستەكە لە میانەی پێشانگەی مەكس كراوە و ئەو پێشانگەیەش هەردوو ساڵ جارێك لە رووسیا بەڕێوە دەچێت. بڕیارە گرێبەستی كڕینی ٢٠ فڕۆكەی تر واژوو بكرێت.

دوای رێككەوتنی ناوكیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك، ئێران ئەو دەرفەتەی بۆ رەخساوە لە وڵاتانی تر فڕۆكە بكرێت و بەو هۆیەوە هێڵی ئاسمانیی خۆی نوێ بكاتەوە كە دەیان ساڵە كار دەكەن.

كۆمپانیاكانی ئێران تا ئێستە گرێبەستی كڕینی ٢٦٠ فڕۆكەیان لەگەڵ وڵاتانی دنیا واژوو كردووە. لە دەیەی رابردوودا حاڵەتەكانی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە لە ئێران زۆر بووە و هۆكاری سەرەكی ئەو رووداوانەش كۆنیی فڕۆكەكان بووە.

سەرچاوە/رادیۆفەردا



وشە - سلێمان تاشان