یاریزانێكی بەرشەلۆنە لە خولی توركیا نزیك دەبێتەوە

:: AM:10:08:27/07/2017 ‌

ئەردا تۆرانی ئەستێرەی توركی و یانەی بەرشەلۆنە تاڕادەیەكی زۆر لە پەیوەندیكردن بە خولی تۆپی پێی وڵاتەكەی نزیك بووەتەوە.

یانەی گەلەتەسەڕای توركی ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ ماوەی ساڵێك بەشێوەی خواستن گرێبەست لەگەڵ تۆران بكات و هەمان ئەو مووچەشی بداتێ كە لە یانەی بەرشەلۆنە وەری دەگرێ كە 4 ملیۆن یۆرۆیە.

رۆژنامەی (حورییەت)ی توركی بڵاوی كردەوە: یانەی گەلەتەسەڕای ئامادەیی خۆی پێشانداوە سەرجەم داخوازییەكانی یانەی بەرشەلۆنە جێبەجێ بكات بۆ خواستنی تۆران بۆ ماوەی ساڵێك.

دۆرسن ئۆزپێكی سەرۆكی یانەی گەلەتەسەڕای بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە كە تۆران دەگەڕێتەوە خولی تۆپی پێی وڵاتەكەی و لە یانەكەیاندا بۆ وەرزی داهاتوو نیشانەی كاپتن دەپۆشێ.

تۆران پێشتر بۆ ماوەی 5 وەرز لە ریزی یانەی گەلەتەسەڕای یاریی كردبوو و لەو ماوەیەشدا توانیبووی ناسناوەكانی خول و جامی سوپەری توركیا لەگەڵ یانەكەدا بباتەوە، دواتر لە ساڵی 2011 لە رێگەی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدەوە پەیوەندی بە خولی ئیسپانیاوە كرد.

ئەو یاریزانە پیشەگەرەی توركیا لە هاوینی 2015 پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كردووە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئاستێكی ناوازە پێشكەش بكات و شوێنی خۆی لە پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەدا بكاتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م