كۆنفرانسی "كوردستان هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریكا" لە واشنتن بەڕێوە دەچێت

:: AM:11:26:27/07/2017 ‌


سبەی كۆنفرانسی كوردستان، هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریكا لە واشنتن بەڕێوە دەچێت و بەرپرسانی سیاسیی كوردستان و ئەمەریكا تیایدا لەبارەی پێوەندی کوردستان و ئەمەریكا و پرسی ریفراندۆم گفتوگۆ دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 27ی تەمووز، كەناڵی ئاسمانی كوردستان 24 رای گەیاند، سبەی هەینی كۆنفرانسی "كوردستان، هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریكا" لە واشنتن دەست پێ دەكات و هەریەك لە "مەسروور بارزانی" راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، "نەجمەدین كەریم" ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارێزگاری كەركووك، "جۆ وێڵسن" ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكا كە نوێنەری كارۆلینای باشوور‌ سەر بە پارتی كۆماریی ئەمەریكا‌‌، "ترێنت فرانكس" ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكا لە ویلایەتی ئەریزۆنا لە پارتی كۆماریی ئەمەریكا، لەو كۆنفرانسەكەدا پانێلیان دەبێت و قسە دەكەن.

بڕیارە كۆنفرانسەكە سەعات 9:00ی بەیانی بەكاتی واشنتن "4:00"ی ئێوارە بە كاتی هەولێر دەست پێ بكات بۆ ماوەی یەك رۆژ بەردەوام بێت.

كوردستان 24 بە هاوبەشی رۆژنامەی واشنتن تایمز، ئەو كۆنفرانسەیان پێك هێناوە و بەپێی بەرنامەكانی ئەو كۆنفرانسە بڕیارە
چەندان نووسەر و تویژەر و جەنەراڵی سوپای ئەمەریكا بەشداری تیادا بكەن.

ئەو كۆنفرانسە لەكاتێكدایە باشووری كوردستان بڕیاری داوە 25ی سێپتێمبەری ئەمساڵ، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی یان مانەوە لە عێراق بەڕێوە ببات و بڕیارە بەرپرسانی كوردستان لە وتارەكانیاندا پرسی ریفراندۆم و ئامانجەكانی بۆ بەرپرسانی ئەمەریكا بخەنە روو و لەو رێگەیەوە لۆبی بۆ پشتیوانی لە مافی سەربەخۆیی كوردستان كۆ بكەنەوە.



وشە - هیدایه‌ت جان