هەولێر.. نەشتەرگەرییەكی گرنگ ئەنجام درا

:: AM:11:42:27/07/2017 ‌

لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نەشتەرگەرییەكی گرنگ بۆ گەنجێك ئەنجام درا كە تووشی فتقی ناوەوە بووبوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 27ـی تەمووز، كرمانج هاوشاری بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بە سەرپەرشتی دكتۆر هەرمان سابیر نانەكەلی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، دكتۆرە ئەزهار پسپۆڕی سڕكردن و دكتۆر گیب زێباری پ. ن. د. نەشتەرگەریی گشتی، توانرا ژیانی گەنجێك ڕزگار بكرێت كە تووشی فتقی ناوەوەی سك بووبوو.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵات دەڵێت، فتقی پەردەی ناوپەنچك كە لە ئەنجامدا پارچەیەك لە ڕیخۆڵە ئەستوورە و پەردەی چەوری ئۆمێنتەمی گەورە گیر بووبوو و تووشی گیران بووبوو.

هاوشاری دەڵێت، فتقی پەردەی ناوپەنچك چاك كرایەوە، پارچەیەك لە ڕیخۆڵە ئەستوورە كە  تووشی گیران بووبوو، لێ كرایەوە، ڕیخۆڵە ئەستوورە بە یەكەوە بەسترایەوە، ئۆمێنتەمی گەورە كە تووشی گیران بووبوو لێ كرایەوە، هەروەها نەشتەرگەرییەكە نزیكەی سێ سەعاتی پێ چوو، خۆشبەختانە نەخۆش ئێستە لە بارێكی تەندروستیی جێگیردایە.



وشە - رامیار جەواد