دەروازەیەكی بازرگانی لە نێوان كوردستان و توركیا دەكرێتەوە

:: PM:12:26:27/07/2017 ‌


دوو ساڵە بڕیاری كردنەوەی دەروازەی سەرزێڕ لە سنووری شارۆكەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری توركیا دراوە، بڕیار وایە ئەمڕۆ بەڕێوەبەرەكەی دەستبەكار بێت و دەست بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی سنووردار بكرێت.

سەربەست ئاكرەیی بەڕێوەبەری شارەدێی كانی ماسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەم بەڕێوەبەرێك بۆ دەروازەی سەرزێڕ لە سنووری شارەدێی كانی ماسی لە سنووری شارۆكەی ئامێدی دەستنیشان دەكرێت. هەر ئەمڕۆ دەست بە هاتوچۆ و بازرگانی سنووردار دەكرێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.

ئەو گوتی، ماوەی دوو ساڵە تەواوی كارەكانی ئەو دەروازەیە تەواو بوون و تەنیا بێ بەڕێوەبەر بوو و ئەمڕۆ هاووڵاتییان دەتوانن لە رێی ئۆتۆمبێلە تایبەت و بچووكەكان هاتوچۆ یان ئاڵوگۆڕی سنوورداری بازرگانی بكەن.

بەگوتەی بەڕێوەبەری شارەدێی كانی ماسی، عیرفان ئەحمەد كراوەتە بەڕێوەبەری دەروازەكە كە دەروازەیەكی گرنگە و پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا پەرە پێ دەدات.

دەروازەی سەرزێڕ دەكەوێتە گوندی سەرزێڕ لە سنووری شارەدێی كانی ماسی سەر بە شارۆكەی ئامێدی، دەبێتە دووەم دەروازەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.

ئامێدی /نەوزاد هلۆری:




وشە - سلێمان تاشان