سۆران: چوار هاووڵاتی بە پارەی ساختەوە گیران

:: PM:02:08:27/07/2017 ‌

 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناو شاری سۆران، چوار كەسیان لە سنووری حاجی ئۆمەران بە چەكێكی یەك ملیۆن دۆلاریی ساختەوە گرت. پۆلیسی سۆرانیش دەڵێت "لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو 37 كەس بە 22 دەفتەر دۆلاری ساختەوە گیراون". 

ئەمڕۆ 27ی تەمووز محەمەد مهاجیر، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوشاری سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، "چوار كەسمان لەسەر چەكێكی یەك ملیۆن دۆلاری بە ناوەكانی "ف-ئ" و "ئ- ح" گرتووە كە خەڵكی باكوری كوردستانن، لە رێی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان بۆ فرۆشتنەوەی ئەو چەكە ساختەیە".

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەو چەكە ساختەیە مۆڵەتی بانكی نێودەوڵەتییەكانیشی لەگەڵدایە و چەكەكە تەنیا لە لایەن بانكە جیهانییەكانەوە دەست دەكەوێت .

"ئەو دوو هاووڵاتییە خەڵكی وڵاتی توركیان و لە رێی دوو هاووڵاتیی دانیشتووی هەرێمی كوردستان كە خەڵكی هەولێرن بە ناوەكانی "م-ع-ر" كە خاوەنی نووسینگەی گۆڕینەوەی پارەیە و لە رێی هاووڵاتی " ئ-ع-ح " ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی ناسیوە بۆ ئەوەی چەكە ساختەكەی لێ بكڕنەوە". محەمەد مهاجیر وای گوت.

بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوشاری سۆران دووپاتی دەكاتەوە، بڕیار بوو ئەو چەكە ساختەیە بە بڕی 50 هەزار دۆلار لەو دوو هاووڵاتییە بیانییە بكڕن،  دوایی ئەوەی زانیاریی پێویستمان گەیشتە دەست، لە چەند رۆژی رابردوو توانیمان هەرچوار كەسەكە بگرین و دۆسیەمان بۆ دروست كردن و  رەوانەی دادگامان كردن .

هاوار ئەرگوشی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "وشە "ی راگەیاند، لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، 37 كەس لەسەر پارەی ساختە و رەشكراو گیراون و رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە .

ئاشكرای كرد، ژمارەیەك كەسمان گرتووە كە بە شێوەی باند كاری ساختەیان كردووە و لە ماوەی رابردوودا 220 هەزار دۆلاری ساختە و پارەی رەشكراومان دەست بەسەردا گرتووە .

سۆران/ مورشید برادۆستی 



وشە - هیدایه‌ت جان