نەوت گەیشتە سەرووی 51 دۆلار

:: PM:03:02:27/07/2017 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە هەڵكشاندایە و ئەمڕۆ بەرزترین نرخی لەم مانگەدا تۆمار كرد. ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە ٥١ دۆلار و ١٠ سەنت دەفرۆشرێت .

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسەوە نەوت رووی لە هەڵكشان كردووە و نزیكەی سێ دۆلار و نیو بۆ هەر بەرمیلێكی بەرز بووەتەوە.

بەگوێرەی  dailyfx رۆژی دووشەم نرخی نەوت ٤٧ دۆلار و ٧٠ سەنت بوو و ئەوەی هۆكار بوو لەوەی نرخەكەی روو لە بەرزبوونەوە بكات، كۆبوونەوەی سانپێترسبۆرگ بوو كە وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك بڕیاریان دا لەسەر بەڵێنەكەیان سوور بن و رێككەوتنەكەیان بە تەواوی جێبەجێ بكەن.

لە كۆبوونەوەكە سعوودیە بڕیاری دابوو ئاستی بەرهەمهێنانی نزم بكاتەوە و رێوشوێن بۆ هەردوو وڵاتی نێجیریا و لیبیاش دیاری كرا لەوەی سنوورێك بۆ بەرهەمهێنانیان دەستنیشان بكەن و هاوكار بن لەو هەنگاوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت ناویانە.

پێشبینی ناكرێت نرخی نەوت زۆر بەرز ببێتەوە، بەڵام هەر ئەوەی سنووری 50 دۆلاری تێپەڕاند، جێگەی خۆشحاڵی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە.







وشە - سلێمان تاشان