پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە
داعش بەچەكی قورس هێرشی كردە سەر سوپای عێراق

:: PM:03:03:27/07/2017 ‌


داعش لە سنووری شارەدێی قەرتەپەی خانەقین هێرشێكی بەرفروانی كردۆتەسەر سوپای عێراق و كوژرا و بریندار لەهەردوولا هەیە، فەرماندەیەكی پێشمەرگە دەڵێ داعش دەیەوێت بیسلەمینێ كەلەناوچەكە بوونی هەیە.

رەحیم عەزیز، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی قەرەتەپە، بە پشت بەستن بەو زانیارییانەی لە سوپای عێراقەوە پێیان دراوە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، چەكدارانی داعش لە خۆرئاوای فەرەتەپە بە ئاراستەی ئەو ناوچانەی دەكەونە سنووری سوپای عێراق لە ساری تەپە و لهێب، بەنیازی گرتنی چەند رەبیەیەكی سوپای عێراق هێرشیان كردۆتەسەر ئەو سوپایە، بەڵام تێك شكێنراون.

سەرۆکی شارەوانی قەرەتەپە دووپاتی دەکاتەوە، ئەوە یەکەمجارە داعش لەو ناوچەیە بە چەکی قورس هێرشێکی ئاوا بەرفراوان ئەنجام بدات، هاوکات سەرچاوەیەكی سوپای عێراق بۆ "وشە" ئاماژەیدا، دوای تیکشکانیان داعش بریندار و کوژراوەکانی خۆی کشاندووەتەوە.

لەبارەی زیانەكانی سوپای عێراقەوە ئەو سەرچاوەیەی سوپای عێراق ئاشکرای دەکات، تێچووە مرۆییەکانی سوپۆا لەچاو شەڕێکی ئاوا قورس کەم بووە و رەنگە پێنج کوژراو و برینداریان زیاتر نەبێت.

لیوا عوسمان، فەرماندەی لیوای 136ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ چەكدارانی داعش بەچەكی جۆراوجۆر هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق لە سنووری گوندی ساری تەپە و لهێب لە باكوری خۆرئاوای و داعش كوژرا و برینداری هەبوە لە گەڵ خۆیان بردویانە لەكاتی پاشەكشە، بەڵام ژمارەكەی نەزانراوە.

"لە سوپای عێراقیش كوژرا و بریندارێكی زۆر كەم هەیە، بەڵام ناوچەكە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە نیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە" لیوا عوسمان وای گوت.

ئەو فەرماندەیە دووپاتی دەکاتەوە، داعش لە سنووری نێوان شارەدێكانی خانەقین دەیەوێ زیاتر خۆی رێك بخاتەوە و بیسەلمێنێ هەیە، بۆیە پەلاماری سوپای عێراقیان داوە.

گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - هیدایه‌ت جان