ڕاوێژكارێكی ئۆباما: كوردستان بە ئەزموونی ئەمەریكا تێپەڕ دەبێ

:: PM:03:42:27/07/2017 ‌

یاساناس و ڕاوێژكاری پێشووی باراك ئۆباما لە وتارێكدا باس لە دیوە یاسایییەكەی ڕیفراندۆمی كوردستان دەكات و ئاماژەی داوە، كە كوردستان بە ئەزموونی سەرەتای سەربەخۆیی ئەمەریكا تێپەڕ دەبێ، لەوكاتەیش باوكانی دامەزرێنەری ئەمەریكا خەریكی بڕیاری سەربەخۆیی وڵاتەكە بوون، بیانووی یاسایی و تەنگژە و نەتوانینی خۆبەڕێوەبردن لەلایەن وڵاتان و بەشێك لە خەڵكی ناوخۆ دەمایەوە، بەڵام باوكانی ئەمەریكا بەسەر ئەو كۆسپانە زاڵ بوون و سەربەخۆیی ئەمەریكایان ڕاگەیاند، كوردستانیش دەتوانێ سەربەخۆ بێ و لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە هیچ گرفتێكی لە بەردەمدا نییە.

دێڤد تافووری یاساناس و ڕاوێژكاری پێشووی ئۆباما لە وتارێكدا لە ڕۆژنامەی "واشنتن تایمز"ی ئەمەریكی نووسیویەتی، بەر لە 244 ساڵ و لەم مانگەدا باوكانی دامەزرێنەری ئەمەریكا سەربەخۆیی ئەمەریكایان ڕاگەیاند، كاتێك گفتوگۆی بابەتەكەیان دەكرد، هیچ كات نەگەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی چی دەكەن ئەگەر داگیركەران مافی خۆبەڕێوەبەرییان پێ بدەن، یان ناكۆكییە ناوخۆیییەكانیان بەشێوەیەكی كۆتا بنەبڕ نەكرد و ئامادە بوون بەرگەی هەڕەشەی هێزی وڵاتانی بیانی بگرن، چونكە ئەوان دڵنیا بوون كە بنەمایەكی یاسایی و ئاكارییان لە پشتە كە وا دەكات لە بەریتانیای مەزن جیا ببنەوە، ڕیشەی ئەمە بە تەواوی ڕوونە و تۆماس جیفرسۆن نووسیویەتی، پێویستە حكوومەتەكان پشت بە دەسەڵاتی دادوەرانە ببەستن بە ڕەزامەندی ئەو خەڵكانەی حوكمیان دەكەن.

لە ڕۆژنی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی ئەمساڵ، كوردستانی عێراق پەیام و پلانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند لە ناوچە نیمچە سەربەخۆكەی، ڕیفراندۆم بەرهەمی خەباتی 100 ساڵی كوردەكانە لە عێراق لە ژێر سایەی حكوومەتەكانی عێراق كە زۆربەی كات توندوتیژی و سەركوتكردن و سووكایەتیكردنیان بە خەڵكی كورد گرتووەتە بەر، وەك چۆن داگیركەران بەرامبەر ئەمەریكییەكان ئەنجامیان دەدا، بەو هۆیەوە ئەمەریكییەكان گەیشتنە كۆتای و چیتر نەیانتوانی قبووڵی ستەمی بەریتانیای مەزن بكەن.

ریفراندۆم تەنیا هەنگاوی یەكەمە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، ئەگەر پێیدا نەڕۆیت، ناكرێ دەوڵەتێكی نوێ بەشێوەی هەڕەمەكی دروست بكەیت، ئەمە جێبەجێكردنی مافێكی گرنگی هەموو خەڵكی دنیایە كە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، ئەو مافەش بە جۆرێك بەدی دەهێنرێ كە كاری بوێرانەی بۆ بكەیت، باوكانی دامەزرێنەر و ئەمەریكییەكان لە 1776 لە دۆخی ئێستەی كوردەكانی عێراقدا بوون، ئەوان بە پشتبەستن بە یاسا و بوێرانە ئەو هەنگاوەیان گرتەبەر.

نووسەر دەڵێ، داوای هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بەشێوەیەكی كۆتا پێوەست نییە بە بابەتی وڵاتی داگیركەر، دەستووری عێراق لە 2005 بە ڕوونی دانی بە هەرێمی كوردستان ناوە وەك ناوچەیەكی نیمچە سەربەخۆ، بەڵام تا ئێستە بێدەنگە و پرۆسەی جیابوونەوە دەستی پێ نەكردووە، بۆیە پێویستە بڕوانینە یاسای نێودەوڵەتی، مافی چارەی خۆنووسین، بەگوێرەی یاسا و پەیماننەكان پرۆسەی مافی چارەی خۆنووسین وڵاتی یەكەم دیاری ناكات و شێواز و پێكهاتەی دەوڵەتە نوێكە ڕابگەیەنێت، بەڵكو ئەوە مافێكە بە هەموو گەلێك دراوە تا بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانی بڕیاری لێ بدرێ، بەگوێرەی ڕێككەوتننامەی مۆنتیڤیدۆی پایتەختی ئۆرگوای، لە مادەی یەكەمی  هاتووە، ئەو گەلانەی خەڵكی نیشتەجێی هەمیشەیی و هەرێمێكی دیاریكراو و حكوومەت و توانای چوونە نێو پێوەندییان لەگەڵ وڵاتانی تر هەیە، دەتوانن مافی چارەی خۆنووسین پێڕەو بكەن، لەمەدا هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991 لە عێراق جیا بووەتەوە و بە شێوەیەكی یاسایی وەك ناوچەیەكی نیمچە سەربەخۆ و دوور لە دەستی حكوومەتی عێراق گوزەراوە، دوای پەسەندكردنی دەستووری عێراقیش بەشێوەیەكی دەستووری وەك حكوومەت و ناوچەیەكی نیمچە سەربەخۆ دانی پێدا نراوە، بۆیە ئەو پێوەرانەی ئەم ڕێككەوتنە بە تەواوی دەیگرێتەوە.

جگەلەوەش هەرچەندە جووڵە و بزاوتی سەربەخۆیی كوردستان ناكۆكی و جیاوازی تێدا هەبووە، بەڵام كوردەكان لە عێراق خەڵكێكی نیشتەجێ هەمیشەیییان هەیە كە لە تەواوی خەڵكی ناوچەكانی تری عێراق جیان، ئەوان نەتەوەیەكی جیاواز و زمان و كولتووریان جیاوازە، هەر ئەمەش وای كردووە هەوڵی ڕیشەكێشكردن و سڕینەوەیان بدرێت، ناوچەكەیشیان كە دەكەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا زیاتر لە هەزار ساڵە نیشتمانی ئەوانە، بە هەموو شێوەیەك ناوچەكانی كوردستان لە ڕووی جیۆگرافیاوەش ڕوون و دیارە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی 17 ساڵە و لە جەنگی یەكەمی كەنداوەوە حكوومەتێكی خاوەن شەرعییەت و هەڵبژێردراوە، لقی سەربەخۆ و دەستەی دادوەری سەربەخۆ و پەرلەمانی تایبەت بە كوردستان و دامەزراوەی تر لە كوردستان بوونیان هەیە، تەنیا پێویستی بە شەفافی زیاترە، بەگشتی ئەوان تەواوی پێویستییەكانیان بۆ گەل لەكاتی سەربەخۆیی دابین كردووە، ناوچەیەكی تەواو ئارام و پڕ لێبوردەیییان دروست كردووە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر كە توندوتیژی تێدا پەرە دەسێنێت، كوردستان ژینگەیەكی لەبارەی ژیانە كە حكوومەتی ناوەند هەوڵی دژایەتی دەدات، لە ڕووی چوونە نێو پێوەندی دووقۆڵیش لەگەڵ وڵاتانی تری دنیا، ئەوا كوردستان لە پێوەندی و بواری دیپلۆماسیدا بە تەواوی پێشكەوتووە، 14 نوێنەرایەتی لە 14 وڵاتی دنیا هەیە و 35 وڵاتی بیانیش كونسوڵخانە و نووسینگەی باڵوێزخانەیان لە هەولێری پایتەختی كوردستان هەیە. بۆیە خەڵكی كوردستان بە سوود وەرگرتن لە مادەكانی ڕێككەوتننامەی "مۆنتیڤیدیۆ" دەتوانن داوای سەربەخۆیی بكەن و بە سەربەخۆیی بگەن، ئەم ڕێككەوتننامەیە وڵاتان ناچار دەكات دان بە سەربەخۆیی كوردستان بنێن و وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، ئێستەش بەشێك لە وڵاتان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە دان بە سەربەخۆیی كوردستان دەنێن، لەوانە سعوودیە و ئیمارات و هەنگاریا و ئیسرائیل، چەندان وڵاتی تری ئەوروپاش دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە پشتیوانی مافی چارەی خۆنووسینی كوردستان دەكەن، وڵاتانی دراوسێی كوردستانیش دژایەتی پرۆسەكە دەكەن، وەك ئێران و توركیا و سووریا، ئەگەر بۆچوونی ئەو وڵاتانە بەهەند وەربگرین وەك توێژەرانی یاسایی لەسەری دەدوێن، یاسای نێودەوڵەتی بیانوو و بۆچوونەكانیان بەهەند وەرناگرێ و هیچ كۆك نییە لەوەی بە ڕێگەی یاسایییەوە دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان بكەن، بەشێكی تر لە ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، كوردستان ئێستە ئامادە نییە بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێ و پێویستە لەناوخۆ خەباتی زیاتر بكرێ، چونكە ناتوانێ خۆی حوكمی خۆی بكات و تووشی تەنگژە دەبێ، ئەمەش ڕێك ئەو بیانووانەمان بیر دێنێتەوە كە بەشێك لە خەڵكی ئەمەریكا دژی هەوڵی باوكانی دامەزرێنەری ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ڕزگاری وڵاتەكە لە دەست داگیركاری ئینگلیز ڕووبەڕووی بوونەوە، بەڵام لە كۆتادا سەركەوتن و بەسەر هەموو ئەو كۆسپانە زاڵ بوون. لە كۆتادا ئەوە ئاشكرایە كە ڕیفراندۆمی كوردستانیش بە زۆرینەیەكی تەواو دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەهێنێت، گفتوگۆ و دانوستاندنی چڕ لە نێوان كوردستان و بەغدا دەمێننەوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر پرسی سنوور و داهاتووی هەردوو دەوڵەتەكە و دانانی نەخشەیەك بۆ كاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.

دێڤد تافووری پارێزەری نێودەوڵەتی و یاساناسا و ستراتیج داڕێژەری دیموكراتەكان و ڕاوێژكاری یاسایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی خولی دووەمی هەڵبژاردنەوەی باراك ئۆباما بۆ سەرۆكایەتیی ئەمەریكا.






وشە - باز ئه‌حمه‌د