كه‌سێكی نزیك له هاووڵاتییه‌كی عه‌ره‌بی ڕفێنراو به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ڕۆژی 17ی ئایار/مایۆی ئه‌مساڵ هاووڵاتییه‌كی عه‌ره‌ب به ناوی " قوسه‌ی عه‌بدوڵا ئیبراهیم" له گوندی "ئیدریس هه‌یاس"ی سه‌ر به شارۆكه‌ی دووبزی ڕۆژئاوای كه‌ركووك كه له خانه‌واده‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه ڕفێنراوه، دواتر كه‌سوكاری سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی ئاسایشی یه‌كێتییان له دووبز كردووه و به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌كه به‌ناوی "عه‌قید شه‌ماڵ محه‌مه‌د" پێی ڕاگه‌یاندوون كه "قوسه‌ی عه‌بدوڵا ئیبراهیم" لای ئه‌وان گیراوه و دوای لێكۆڵینه‌وه ئازادی ده‌كه‌ن.
ئه‌و كه‌سه ئاماده‌نه‌بوو ناوی بڵاو بكرێته‌وه زیاتر دوا و گوتی، دواتر له‌لایه‌ن ئاسایشی یه‌كێتی ڕه‌تی ئه‌وه كراوه‌ته‌وه "قوسه‌ی" لای ئه‌وان بوو بێ، دوێنێ 26ی ته‌مووز/یۆلیۆ ئاسایشی یه‌كێتی له میدیا فه‌رمییه‌كانی یه‌كێتی بڵاویان كرده‌وه كه له گوندی "كێف"ی سه‌ر به شارۆكه‌ی دووبز "قوسه‌ی عه‌بدوڵا ئیبراهیم"یان ئازاد كردووه.
ئه‌و كه‌سه ده‌ڵێ، له به‌رامبه‌ر ئازادكردنی پاره‌یه‌كی زۆریان له كه‌سوكاری ئه‌و ڕفێنراوه وه‌رگرتووه، ئه‌مه‌ش گومانی لای كه‌سوكاره‌كه‌ی دروست كردوه و ده‌پرسن بۆچی ئاسایشی یه‌كێتی له دووبز سه‌ره‌تا گوتیان كوڕه‌كه‌مان لای ئه‌وانه و ئازاد ده‌كرێ، بۆچی ئێسته هه‌ڵمه‌تیان بۆ كردووه و ڕزگاریان كردووه.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته "وشه" پێوه‌ندی كرد به عه‌مید سه‌رحه‌د قادر به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی شارۆكه و شاره‌دێكانی كه‌ركووك، ناوبراو ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی گوت، ئه‌و بابه‌ته لای ئاسایشی یه‌كێتییه و ئه‌وان ئاگه‌داری نین و زانیاری‌یان له‌باره‌وه نییه.
عه‌قید شه‌ماڵ محه‌مه‌د به‌كر به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی ئاسایشی یه‌كێتی له دووبز له‌وباره‌وه به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ڕۆژی 17 ئایار/مایۆ كه‌سێك به‌ناوی "باسل عه‌بدوڵا ئیبراهیم" هاته لام و باسی له دیارنه‌مانی برایه‌كی كرد، ئێمه‌ش ئیفادمان لێوه‌رگرت و زانیارییه‌كانمان ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی كه‌ركووك كرد (ئاسایشی یه‌كێتی) دواتر ئاگه‌داری ئه‌و پرسه نه‌بووین تا له ڕاگه‌یاندنه‌كان بیستمان ئازاد كراوه.