"خه‌ونی كورد" ده‌گاته‌ جیهان

:: PM:10:35:27/07/2017 ‌
دوای دوو ساڵ له‌ كاركردنی بێوچان فیلمی ده‌رهێنه‌رێكی كورد له‌ باره‌ی "خه‌ونی كورد"، فیلمه‌كه‌ ده‌گاته‌ جیهان و له‌جیهاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 27ی ته‌مووز، پڕۆدیسۆر و نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری ناوداری كورد "كه‌ی به‌هار" به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر كڵاودیۆ ڤۆن دوای دوو ساڵ بێوچان فیلمه‌ نوێیه‌كه‌مان كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ به‌ناوی "خه‌ونی كورد – جه‌نگ یا ئاشتی" و به‌جیهاندا بڵاومان كردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ كه‌ناڵه‌كانی "ئایتوونس و ئه‌مازۆن و یوتیوب و ڤی ئۆدی و ڤیمیۆ و جێرنیمان تیڤی"، له‌ژێر ناونیشانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هاوڕێمان نییه‌ جگه‌ له‌ چیاكان،.

زیاتر گوتی، نزیكه‌ی دوو مانگ پێش ڕیفراندۆم و ده‌نگدان به‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌ ئێسته‌دا بڵاو بووه‌ته‌وه‌، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ یه‌كه‌م فیلمی دۆكیۆمێنتارییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان ئه‌نجام دراوه‌، په‌یامی ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی گه‌لی كورد له‌خۆ ده‌گڕێت، بۆ گه‌یاندنی به‌ كۆمه‌ڵگای شارستانی جیهان، تاوه‌كو جه‌خت بكه‌ن له‌ حكوومه‌ته‌كانیان كه‌ پشتگیری بكه‌ن له‌ ڕیفراندۆم و به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان، تا ڕێگربن له‌ حه‌شدی شه‌عبی و دوژمنانی ناوچه‌كه‌ له‌ په‌لاماردان و سه‌رگه‌ردانكردنی كورد.

كه‌ی به‌هار ئاماژه‌ی كرد، له‌ فیلمه‌كه‌دا ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر نه‌توانم جیهان بێنمه‌ كوردستان ئه‌ركی منه‌ كوردستان بگه‌یه‌نمه‌ جیهان، ئه‌و ئه‌ركه‌ش گه‌لێ له‌ توانای من گه‌وره‌تره‌ وه‌ك تاكه‌ مڕۆڤێكی كوردستانی بێلایه‌ن و به‌بێ هاوكاری به‌شداری تۆ سه‌ركه‌وتوو نابێت.

ئه‌و ده‌ڵێ، به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان ئه‌ركی هه‌موو كوردێكی ڕه‌سه‌ن و كوردستانییه‌ و چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ هه‌موو كێشه‌كان، بۆیه‌ زۆر گرنگ ده‌بێت كه‌ بێیته‌ پێشه‌وه‌ و به‌شداربیت له‌ لۆبییه‌كه‌مان به‌ناونیشانی "كاتی كورده‌ كه‌ لۆبی ده‌كات له‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ بۆ په‌یداكردنی پشتگیری كۆمه‌ڵگای جیهانی و حكوومه‌ته‌كانیان بۆ ریفراندۆم و به‌ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان له‌ پاراستنی گه‌لی كورد له‌ جینۆسایدێكی تر"، ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌ره‌ به‌رز و بێهاوتایه‌ له‌ مێژووی كورد و كوردستان،  نا بێت هه‌رگیز له‌ یادمان بچێت ململانێی سیاسی نێوان حزبه‌كان كارێكی زۆرباشه‌ و بناغه‌ی دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی دیموكراسییه‌، به‌ڵام هه‌رگیز نابێت ئه‌و ملمڵانێ و ناكۆكییانه‌ ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان.

له‌ كۆتایدا روونی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و فیلمه‌ ماوه‌كه‌ی 86 خوله‌كه‌ و تیمی كوردستان كاریان له‌گه‌ڵمدا كردووه‌، وه‌ك میران دزه‌یی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌م و لاوێن محه‌مه‌د وه‌ك وه‌رگێڕ و یاریده‌ده‌ری پڕۆدیسۆر و بیلال شاكر وه‌ك كامێرامان یه‌ك و كرمانج هوشیار وه‌ك كامێرامان دوو، كاری گشتیی مۆنتاژ و پۆست و پڕۆده‌كشنی له‌وڵاتی به‌ڕیتانیا كراوه‌، ئه‌و فیلمه‌ بێ پاڵپشتی دارایی هیچ لایه‌ك هاتووه‌ته‌ به‌رهه‌م و زۆربه‌ی كاره‌كانمان به‌خۆبه‌خشی كردووه‌ و فیلمی كورد و كوردستانه‌. 

نموونه‌ی فلیمه‌كه‌ له‌ سایتی فه‌رمی/ amazon

شاخه‌وان شێخانی








وشە - محەمەد میران