كۆمپانیای MEIZUی چینی نوێترین مۆبایلی زیرەكی خۆی بەناوی Pro 7 ههفتهی داهاتوو دهخاته بازاڕهوه كە دوو شاشە و دوو كامێرای لە پشتەوەی مۆبایلەكە هەیە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی كۆمپانیاكە، ئەو مۆبایلە نوێیە بە دوو جۆر و تایبەتمەندی جیاواز دهخرێته بازاڕەوە، پرۆ حەوت و پرۆ حەوت پلەسە، هەردووكیان بە دوو شاشەی جۆری Super AMOLED و دوو كامێرای پشتەوە كە لەلایەن كۆمپانیای سۆنی ژاپۆنییەوە دروست كراون، بەرهەم هێنراوە. شاشەكانی پشتەوەی بە قەبارەی دوو بۆسەن و دەتوانرێ لە شاشەی پشتەوەیشی نامە و ئاماژە و ڕێكەوت و دۆخی كەشوهەوا و بینینی ڕووخسار لەوكاتەی وێنەی سێلفی دەگرن، بەكار بهێنرێت.
شاشەی پێشەوەی ئەو جۆرە مۆبایلە بە قەبارەی 5.2 بۆسەیە و كوالێتییەكەی ئێچ دییە و رامی بە قەبارەی چوار گێگابایت و توانای هەڵگرتنی 64 گێگابایتە و پرۆسیسەرەكەی Helio p25ە و پاترییەكەی توانای هەڵگرتنی سێ هەزار میلی ئەمپێری هەیە و تایبەتمەندی شەحنكردنەوەی خێرایشی هەیە.
هاوكات جۆری دووەمی مۆبایلەكە پرۆ حەوت پلەس قەبارەی شاشەكەی 5.7 بۆسەیە و ڕامەكەی شەش گێگابایتە و توانای هەڵگرتنی 128 گێگابایت و پرۆسیسەری Helio X30یە و توانای پاترییەكەی سێ هەزار و 500 ملیی ئەمپێرە و بە هەمان شێوە دەتوانرێ بە خێرایی شەحن بكرێتەوە.
بڕیارە ئەو دوو مۆبایلە بە سیستەمی ئەندرۆید حەوت كار بكەن و شەش ڕۆژی تر واتە پێنجی ئاب/ئۆگستس بە نرخی 430 دۆلار بۆ پرۆ حەوت و 530 دۆلار بۆ پرۆ حەوت پڵەس، بخرێتە بازاڕەكانەوە.