لەسنوری ئیدارەی گەرمیان ، کۆلیژێکی سەر بە زانکۆی گەرمیان رایگەیاند سبەی دەست بەدەوام کردن دەکەن ، رێکخراوەکانی قوتابیان هاتنەسەرخەت و هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆدەستپێکردنی دەوام ، کەس و کاری قوتابیان داواکارن ئەمساڵی خوێندنی رۆڵەکانیان بە فیڕۆ نەچێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سامان کەریم، گووتەبێژی کۆلیژی کشتوکاڵی سەر بە زانکۆی گەرمیان، بە " وشە"ی راگەیاند، سبەی 1 / 11 / 2016 بەشێوەیەکی فەرمی دەست بەدەوام دەکەینەوە، ئەوەش لەپێناوی بەرژەوەندی قوتابیاندا.
گووتیشی، ماوەی مانگێک دەبێ بایکۆتی دەواممان کردوە بەڵام بڕیارمانداوە ناڕەزایەتیەکانمان نەبێتەهۆکاری فەوتانی چارنوسی قوتابیەکانمان.
هاوکات لە سنوری ئیدارەی گەرمیان رێکخراوەکانی قوتابیانیش بۆ بەرژەوەندی چارنوسی قوتابیان هاتونەتە دەنگ.
پشتیوان محەمەد، بەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، وەک یەکێتی قوتابیانی کوردستان، هەوڵەکانمان چڕکردۆتەوە بۆئەوەی پرۆسەی خوێندن لەسنوری ئیدارەی گەرمیان دەست پێبکاتەوە و چیتر منداڵانی پێشمەرگە و منداڵی شەهید و تەواوی هاوڵاتیان ئەم ساڵی خوێندنیان بە فیڕۆ نەچێت.
گووتیشی، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، مامۆستا (دارا ئەحمەد) مان کردوە بۆئەوەی ئەویش وەک بەرێوەبەرێکی پەروەردە هەوڵەکانی بۆدەستپێکردنەوی پرۆسەی خوێندن دەست پێبکاتەوە، بەڵام نەیشاردوە دەوامکردنی مامۆستایان فشاری لایەنە سیاسیەکانی ناوچەکەشیان پێویستە.
بەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، راشیگەیاند، پێویستە دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرین و نەهێلێن پرۆسەی خوێندن بوەستێت بەهۆکاری ئەوەی هەرێمی کوردستان لەجەنگێکی نەخوازراودایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بوودجەی بڕاوە .
مامۆستا کاوە محەمەد وەک مامۆستایەک لەشارۆکەی کەلار بۆ "وشە" ئاماژەیدا کە بەشی زۆری مامۆستایان لەوە تێگەیشتون هەندێک مامۆستا بۆبەرژەوەندی حزبی یاخود بۆ ناو دەکردن بانگەشەی خۆپیشاندان و بایکۆت دەکات .
ئەو کە باوکی منداڵی قوتابیشە نەیشاردەوە کە حەز بەوە دەکەن دەوام دەستپێبکاتەوە بەڵام فشاری حزبی وای کردوە بایکۆت درێژەی پێبدرێ.
لای خۆشیەوە، شێروان محەمەد، بەرێوەبەری پەروەردەی کەلار لەبارەی ئەگەری بایکۆت و دەستپێکی دەوام لەگەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمەش لەوە دڵنیاین کەنابێ منداڵان باجی بایکۆتی دەوام بکەن بەڵام بەهۆی دۆخی تایبەتی کوردستانەوە کەخۆی لە قەیران و پێ نەدانی موچەدا دەبینێتەوە ناتوانین فشار بخەینەسەر مامۆستایان.
ئەمساڵ "وشە" وەک یەکەم میدیای کوردی ئاشکرایکرد بایکۆتی مامۆستایان وای کردوە لەماوەی خوێندنی ساڵی پار و ئەمساڵدا هەزار قوتابی واز لەخوێندن بهێنن .
گەرمیان، سەبری هۆرینی