هاوڕێکانی بۆ پیاوێكی زه‌نگین هەڵی دەخەڵەتێنن

:: PM:04:04:30/07/2017 ‌

کچێکی تەمەن 17 ساڵ لە دەڤەری ڕاپەڕین، لەلایەن هاوڕیکانییەوە بە پارە بۆ پیاوێکی خاوەن ژن ومنداڵ هەڵدەخەڵەتێنرێت، دوای ئەوەی دەبێت بە خۆشەویستی ئەو پیاوە دەزانێت خاوەن خێزانە بۆیە دەیەوێت لێی جیا ببێتەوە بەڵام ئەو پیاوە هەڕەشەی ئابڕووبردنی لێ دەکات.

سێلڤا، کچێکی ناسک و باڵا بەرز و باریکە، قژێکی درێژی ڕەش و روخسارێکی ڕێک و سەرنجڕاکێشی هەیە، ئەو کە هاوڕێکانی بۆپارە هەڵی دەخەڵەتێنن، ئەو کەئێستا هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەیدا نەماوە، دەڵێت نە باوەڕی بە هاوڕێ و نە بەخۆشەویستی نەماوە، چونکە ئەوەی لەلایەن ئەو دوانەوە بەرامبەری کراوە، هەرگیس پێشبینی نەکردووە. سێلڤا باسی چێرۆکی ژیانی بۆ "وشە" دەکات.

ئاهەنگی هاوسەرگیری نزیکترین هاوڕێم بوو، بۆ ئەوەی ئەرکی خۆم وەک هاوڕێیەک بەجێ بگەیەنم، بۆ هەموو شتێک لەگەڵیدا بووم و هەموو هاوکارییەکم پێشکەش کرد، "هەرێم" هاوڕێی زاوا بوو، کاتێک منی بینی، ئیتر کۆڵی لێ نەدام، من یەکەمجار ڕەتم کردەوە چونکە من قووتابی بووم و پلانی درێژەدان بەخوێندنم هەبوو، بەڵام لێی تێکدام.

هەرێم زۆر هەوڵ دەدات و سێلڤای بۆ ڕازی ناکرێت، دواتر هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوڕێکانییەوە ڕازی بکات، سێلڤا دەڵێت، ڕازی نەبوونی من تەنیا لەبەر ئەوە بوو، من کاتی هاوسەرگیرم نەبوو، دەمویست بخوێنم، بەڵام لەپشتی منەوە هاوڕێ نزیکەکانم بە پارە لەگەڵ هەرێمدا ڕێککەوتبوون، پارەیان لێ وەرگرتبوو، لەبەرامبەردا منیان بۆ ڕازی کرد.

هەمان ئەو هاوڕێیەی سێلڤا لە هاوسەرگیریەکەیدا هەرێم و خوشکەکەی ناسی، بڕی 800 دۆلاری لە هەرێم وەردەگرن و بە هەموو شیوەیەک هانی سێلڤا دەدەن تا ڕازی ببێت و پێوەندی لەگەڵ هەرێم دابنێت، دواتر لەهەوڵەکەیان سەرکەوتو دەبن، بەڵام نە هەرێم و نە هاوڕێکانی بە سێلڤایان نەگوتوە کە هەرێم ژنی هەیە و خاوەن منداڵکە.

سێلڤا و هەرێم دەبن بە خۆشەویست. وەک سێلڤا باسی دەکات، خۆشەویستیەکی پڕ لە جوانی، تا ئەو کاتەی سێلڤا بە هەرێم دەڵیت وەرە داخوازیم با گەشەی زیاتر بە پێوەندییەکەمان بدەین، ئیدی هەرێم ڕیگه‌ی نامێنێت و ڕاستییەکە بە سێلڤا دەڵێت. ئەو ڕاستیەی زۆرشت لەنێوانیاندا دەگۆڕێت.

سێلڤا ئاماژە بەوە دەکات، لەبەر ئەوەی خێزانی هەرێم لە دەرەوەی وڵات بووە، بۆیە هیچ کات هەستی بەوە نەکردووە کە خاوەن خێزانە، هاوڕێکانیشی هەر پێیان گوتوە  کوڕەو ژنی نیە، بۆیە زانینی ئەو ڕاستیە یەکەم جار هاوڕێکا نی دواتر هەرێمی لەبەرچاو سڕیوەتەوە، سێلڤا دوای زانینی ئەو بابەتە لە هەرێم جیا دەبێتەوە و ئیدی هاوڕێیەتی ئەو کچانەش ناکات کە ساڵانێک وەک خۆی دەڵێت وەکو خوشکی خۆشی ویستون، بەڵام هەرێم کۆڵی لێ نادات.

داوی ئەو بابەتە باری دەروونیی سێلڤا زۆر بەخراپی تێک چووە و ئێسته‌ش سەردانی پزیشکی دەرونی دەکات و دەرمان وەردەگرێت، بەتایبەت کە دوای وازهێنانی هەرێم هەڕەشەی لێدەکات وناچاری کردووە ئێستاش قسەی لەگەڵدا بکات، ئەگەرنا وێنەکانی بۆ باوک و براکەی دەنێرێت ولەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکانیش وێنەکانی بڵاو دەکاتەوە و ئابڕوی دەبات.

لەڕێگەی خوشکە گەورەکەیەوە، سێلڤا چەدان جار ماڵی باوکی هەرێم ئاگادارکراونەتەوە کە کوڕەکەیان چ کارێک بەرامبەر خوشکەکەی دەکات و بەردەوام هەڕەشەی لێ دەکات، بەڵام مالی باوکی هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە و گوتویانە باکچەکەتان خۆی چارەی بکات، هەرێم دەیەوێت سێلڤا بەدزی ژنەکەیەوە بکاتە هاوسەری خۆی و پێی گوتوە ئەو لە ئەوروپایە و تۆش لێرەدەبیت منیش ماوەیەک لە دەروە دەبم و ماوەیەکیش دێمەوە کوردستان بۆلای تۆ.

سێلڤا جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر هەرێم ئابڕووی بەرێت و بیشی کوژرێت، هێشتا ئاسانترە لەلای لەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا بکات، درۆی لەگەڵ هەستی کچیکی 17 ساڵ کردووە لەگەڵ ژن ومنداڵی خۆیدا، سێلڤا ئاماژە بەوەش دەکات ئەگەر ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ هەرێم بکات هیچ جیاوازیەکی نابێت لەگەڵ هەموو ئەو کەسە خراپانەی ماڵی خەڵکی وێران دەکەن، بۆیە دەڵێت با دڵی ئەو وێران ببێت به‌ڵام ماڵێ کەسی تر نا.

وشه‌/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان


وشە - وشه‌