ترس و دڵەڕاوكێ لە نێو ئاوارەكانی پارێزگای سەڵاحەدین بە تەواوی لە كەمپی دیبەگەی سەر بە شارۆكەی مەخمووری باشووری رۆژئاوای هەولێر بڵاو بووەتەوە، ئەوان دەڵێن، ئێمە ڕامان كرد لە ترسی داعش، ئێستە چۆن بچینەوە بەر دەستی میلیشیاكانی شیعە، لە كاتێكدا دڵنیاین ئەوان هەرچی بیانەوێ بەسەرماندا دەهێنن.
لە ڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە ئەو ئاوارانە فشارێكی زۆریان لەسەرە تا بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، كە بەهۆی جەنگ بە تەواوی وێران بووە.
سەرەڕای ترس و دڵەڕاوكێكان 200 خانەوادەی ئاوارە لەو كەمپە دەستیان بە گەڕانەوە كرد بۆ ناوچەكانیان لە پارێزگای سەڵاحەدین، هەرچەندە دوودڵ و نیگەران و خەمبار دەردەكەوتن، لەبەر ئەوەی دڵنیا بوون كە میلیشیاكان بە تەواوی دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەكانی ئەواندا گرتووە و لەكاتی رۆیشتنەوەشیان نازانرێ چی بەسەر چارەنووسیان دەهێنرێت.
لەوبارەوە موتەشەڕ سامەڕایی پەرلەمانتاری سونە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، ئێستە توندوتیژییەكی مەزەوی بوونی هەیە و سونەكان دەترسن لە گۆڕینی دیمۆگرافیانی ناوچەكانیان، بۆیە پێویستە واز لە ئاوارەكان بهێنن، ئەوان هیچ تاوانێكیان نییە و تەنیا تاوانیان ئەوەیە كە عێراقین.
جێی باسە لە ناوچەكانی تكریت و دەوروبەری حەویجە زیاتر لە 32 هەزار كەس ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون و ئێستە دوای ڕزگاركردنەوەی ناوچەكانیان، بە كاروانی جیاجیا ئاوارەكان دەگەڕێنرێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەوەی كەمپەكان بۆ ئاوارەكانی مووسڵ چۆڵ ببن.
سەرچاوە/ ئەلجەزیرە.