باشووری كوردستان له‌چاو زۆرێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له سه‌ده‌ی بیسته‌م بوون هێز و توانای به‌ڕێوه‌بردنی هه‌یه
مه‌حموود موباره‌كشاهی خوێندکاری دكتۆرای جیۆگرافیای سیاسی و به‌رپرسی گشتیی رێكخراوی "ڤه‌ژین" له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا بۆ "وشه" تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و فاكته‌رانه‌ی باشووری كوردستان كه وا ده‌كه‌ن بتوانێت ده‌وڵه‌تێكی سه‌ركه‌وتووی له‌سه‌ر بنیات بنرێت و دووپاتی ده‌كاته‌وه، "ئه‌گه‌ر باشووری كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت، بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی گه‌لی كورد ناوی ئه‌و گه‌له له هه‌موو دنیا ده‌نگ ده‌داته‌وه و ده‌بێت به خاوه‌ن كورسییه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا "ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی توانای به‌رگری و یارمه‌تیدانی كوردی به‌شه‌كانی تری ده‌بێت و وه‌ك لۆبییه‌ك له ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌موو كوردان ده‌گێڕێ".
25ی سێپتێمبه‌ر، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی یان مانه‌وه له عێراق له باشووری كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت، تا له‌و واده‌یه نزیكتر ده‌بینه‌وه، وڵاتانی دراوسێ تایبه‌ت ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی خاكی كوردستانیان داگیر كردووه، دژایه‌تییه‌كانیان زیاتر ده‌كه‌ن، پێت وایه ئه‌و دژایه‌تیكردنه هۆی چییه؟
كوردستانی عێراق به‌رهه‌می شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی و رێككه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆیه، بێگۆمان هه‌ر جۆره ده‌ستكارییه‌ك له سنووره‌كانی سایكس پیكۆ كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. كورد له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا یه‌ك جار چانسی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێ درا كه به‌داخه‌وه به هۆی نه‌بوونی رێبه‌رایه‌تی كارامه و چه‌ندبه‌ره‌كی له ناوخۆیدا نه‌یتوانی له ناوه‌ڕۆكی په‌یمانی سیڤه‌ر كه‌ڵك وه‌ربگریت، به‌ڵام توركی كه‌مالیست به‌هۆی یه‌كگرتوویی و گوتاری نه‌ته‌وه‌یییه‌وه، توانییان به باشی كه‌ڵك له ده‌رفه‌ته جیۆپۆڵه‌تیكییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌ربگرن و وڵاتانی ڕوژئاوایی له ترسی نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌تاتۆرك له رووسیا، په‌یمانی سیڤه‌ریان كرد به قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی جیۆپۆڵه‌تیكی خۆیان له په‌یمانی لۆزان.
ئێسته بۆ جارێكی تر كورد ده‌رفه‌تی بۆ ره‌خساوه بتوانێت ئامانجی مێژوویی خۆی بێنێته دی. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێسته له دۆخی دیفاكتۆیه و هه‌موو فاكته‌ره‌كانی بوون به ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه، ماوه‌ی 24 ساڵه به‌كرده‌وه له به‌غدا جیایه و وڵاتانی دراوسێیش ئه‌و ڕاستییه به باشی ده‌زانن، به‌ڵام ئێسته كه ئه‌م قه‌واره‌یه خه‌ریكه به‌ره‌و دووژووربوون ده‌چێ، ئه‌و وڵاتانه له دژی ده‌وه‌ستنه‌وه. ئه‌گه‌ر باشووری كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت، بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی گه‌لی كورددا ناوی ئه‌و گه‌له له هه‌موو دنیا ده‌نگ ده‌داته‌وه و ده‌بێته خاوه‌ن كورسییه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌وكات ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی توانای به‌رگری و یارمه‌تیدانی كوردی به‌شه‌كانی تری ده‌بێت و وه‌ك لۆبییه‌ك له ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌موو كوردان ده‌گێڕێ.
له ئاستی ناوخۆیی كوردستانیش هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی كه خاوه‌نی ئاڵا، ئابووری، دراو، وه‌رزش، زانكۆ، هونه‌ر و سنوورێكی دیاریكراو بێت، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كوردانی پارچه‌كانی تر وره و هێزێكی هیوابه‌خشیان پێ بدرێت و هیوابه‌خۆبوون و گه‌ڕانه‌وه‌ی شووناسی نه‌ته‌وه‌یی له ناویان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت، ئه‌م دۆخه ده‌بێته هۆی به‌رزبووه‌وه‌ی ئاستی داخوازه‌كانیان له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به‌شه‌كانی تری كوردستانیان خستووه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه.
* له‌ڕووی جیۆپۆڵه‌تیكه‌وه باشووری كوردستان قورسایی ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه بتوانێت وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به سه‌ركه‌وتوویی ئیداره‌ی خۆی بدات؟ ئه‌و فاكته‌ره به‌هێزانه چین كه باشووری كوردستان ده‌توانێ پشتیان پێ ببه‌ستێت بۆ سه‌ربه‌خۆبوون و دووركه‌وتنه‌وه له عێراق؟
- له پرۆسه‌ی به ده‌وڵه‌تبوونی قه‌واره‌یه‌كی سه‌رزه‌وینی به تایبه‌ت له سه‌ده‌ی بیسته‌م، هیچ كات هێز و توانای به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و وڵاتانه كه به‌هۆی جیاجیا بوون به ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕه‌چاو نه‌كراون. باشووری كوردستان له‌چاو زۆر له‌و ناوچانه‌ی له سه‌ده‌ی بیسته‌م بوون به ده‌وڵه‌ت، هێز و توانای به‌ڕێوه‌بردنی هه‌یه. باشوور كۆمه‌ڵێك توانای هه‌یه له بواری جیۆپۆڵه‌تیكی ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پێگه‌ی ئه‌و وڵاته له ناوچه‌دا. گرینگ‌ترین ئه‌و هۆكارانه‌ی ده‌بنه هۆی به‌هێزیی كوردستان بریتین له:
یه‌كه‌م هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافی، له بواری هه‌ڵكه‌وته‌وه، كوردستانی عێراق ده‌بێته پردی پێوه‌ندی نێوان عێراق و توركیا و له‌و ڕێگه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا، ئه‌گه‌ر توركیا بچێته ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه، ئه‌وه كوردستانی عێراق ده‌بێته پردی پێوه‌ندی وشكایی له نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپا.
دووه‌م فاكته‌ر هه‌ڵكه‌وتی هایدرۆپۆڵه‌تیكییه، به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره‌كان، كێشه‌ی داهاتووی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كێشه‌ی ئاو ده‌بێت. باشووری كوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ عێراق له بارودۆخێكی زۆر باشدایه. كوردستان ته‌نیا به‌شێك له عێراقه كه به‌هۆی بارودۆخی تۆپۆگرافی خۆی، توانای دابینكردنی ئاوی پێویستی خۆی هه‌یه و له داهاتوودا ده‌توانێت له به‌رامبه‌ر پاڵه‌په‌ستۆی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، ئاو وه‌ك كارتێك به‌كار بێنێت.
فاكته‌ری سێیه‌م، سه‌رچاوه‌ی ئاو و خاكه، كه‌شوهه‌وای له‌باری ناوچه‌یی، به‌فر و بارانی زۆر، هه‌بوونی چه‌ندان چه‌می گه‌وره و پڕئاو، ده‌شتی به پیت له باشووری كوردستان، فه‌زایه‌ك ده‌خوڵقێنێ له ئه‌گه‌ری بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی، نه‌ك باشووری كوردستان توانای ئاسایشی خۆراكی خۆی هه‌یه، به‌ڵكو ساڵانه ده‌توانێ به‌شێكی بودجه‌ی خۆی له ڕێی هه‌نارده‌ی به‌روبوومه كشتوكاڵییه‌كانه‌وه دابین بكات.
فاكته‌ری چواره‌م جیۆپۆڵه‌تیكی وزه‌یه، باشووری كوردستان به‌پێی سه‌رچاوه باوه‌ڕپێكراوه‌كان به‌پێی حه‌شیمه‌ته‌كه‌ی، یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی دنیا له بواری سه‌رچاوه‌كانی وزه‌یه. ئه‌و ناوچه‌یه پتر له پێنج له سه‌دی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت و گازی دنیای هه‌یه كه له ئه‌گه‌ری كه‌ڵك وه‌رگرتنی زانستییانه له‌م سه‌رچاوانه و به‌كارهێنانی داهاتی نه‌وت و گاز وه‌ك سه‌رمایه‌ی بنه‌ڕه‌تی، ئابووریی كوردستان له كورتخایه‌ندا ده‌بووژێته‌وه. ئه‌گه‌رچی نابێ نه‌وت و گاز وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی دابینكردنی بودجه‌ی فه‌رمانبه‌ران چاوی لێ بكرێت، به‌ڵكو ده‌بێ وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی نیشتمانی بۆ گه‌شه‌ی بنچینه‌یی ره‌چاو بكرێت.
فاكته‌ری پێنجه‌م كه‌رتی گه‌شتیارییه، كه‌رتی گه‌شتیاری یه‌كێك له باشترین سه‌رچاوه‌كانی داهاته له دنیادا. باشوور هه‌م له بواری سروشتی و هه‌م له بواری مێژوویی و فه‌رهه‌نگی توانای زۆرباشی هه‌یه بۆ ڕاكێشانی گه‌شتیار له وڵاتانی دراوسێ، ناوخۆی عێراق و وڵاتانی تر. ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ستراتیژێكی باشیان بۆ گه‌شتیاری ببێت، كوردستان ده‌توانێ ببێته یه‌كێك له وڵاته گه‌شتیارییه‌كانی ناوچه. ئه‌رمینیا یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه توانیویه‌تی له ڕێی گه‌شتیارییه‌وه ئابووریی وڵاته‌كه‌ی ببووژێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له تواناكانی گه‌شتیاری كوردستان بدرێته‌وه، له‌چاو زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه به‌هێزتره.
* زۆربه‌ی ره‌خنه‌گران و ته‌نانه‌ت پشتیوانانی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له كوردستان، دووپات له پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌نه‌وه، هه‌رچه‌ند پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه، به‌ڵام ده‌كرێ كورد له باشوور هه‌موو هێلكه‌كانی خۆی بخاته ئه‌و سه‌به‌ته‌یه و ته‌نیا پشت به پاڵپشتی یان دژایه‌تیكردنی وڵاتان ببه‌ستێت بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ؟
- بێگۆمان پشتیوانی نێودوڵه‌تی له پرۆسه‌ی پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ شوێندانه‌ر ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی پێكهاتنی ده‌وڵه‌ت، ئیراده‌ی گه‌له. هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆپۆڵه‌تیكی باشووری كوردستان به جۆرێكه وڵاتانی ناوچه‌كه و ده‌ره‌وه‌یش نایانه‌وێت ده‌ستپێشخه‌ری گۆڕانی سنووره‌كان بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی باشووری كوردستان له ڕۆژی ڕیفراندۆم به ڕێژه‌یه‌كی زۆر ده‌نگی "به‌ڵی" بده‌ن، بێگۆمان ئیراده‌ی گه‌ل ده‌توانێت به‌سه‌ر هه‌موو كایه جیۆپۆڵه‌تیكیه‌كان زاڵ بێت. بۆیه بۆ سه‌رخستنی ئیراده‌ی گه‌ل، ده‌بێت كاراكته‌ره سیاسییه‌كانی باشوور خۆیان له سه‌رجه‌م دووبه‌ره‌كییه‌كان بپارێزن و هه‌موو توانای خۆیان بۆ ئاراسته‌كردنی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌پێناو سه‌رخستنی ڕێفراندۆم به‌كار بێنن.
* به درێژایی مێژووی خه‌باتی سیاسیی له كوردستان و تایبه‌ت دوای دروستبوونی بلۆكی چه‌پ، كورد به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ناسیۆنالیست و چه‌پدا دابه‌ش بووه، ئێسته‌یش له گوتار و مامه‌ڵه‌كردنی لایه‌نه سیاسییه‌كان و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی رۆشنبیرانیش بۆ تێڕوانین له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم، ئه‌و دابه‌شبوونه به‌دی ده‌كرێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی زیاتر له دوو ده‌یه و كۆتای شه‌ڕی سارد به كردار كۆتای به بلۆكی چه‌پ هاتووه، ئێسته چه‌پی كوردی هه‌ڵگری چ به‌هایه‌كی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سۆنگه‌یه‌وه دژایه‌تی مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات؟
- ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له ڕه‌وتی چه‌پ بدرێته‌وه ئه‌وه‌ی له دنیا وه‌ك ته‌وژمی چه‌پ له ئاستی ناوچه‌یی و جیهانی ده‌نگدانه‌وه‌ی بووه دامه‌زراندنی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای بیرۆكه‌ی ماركسی-لینینی بوو. ئه‌و بیرۆكه‌یه له سه‌ره‌تادا بڕیاری چاره‌ی خۆنووسینی بۆ هه‌موو گه‌لانی بنده‌ست به فه‌رمی ناساند و هه‌ر ئه‌و دروشمه بریقه‌داره هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی به‌شێك له هه‌ڵسووڕاوانی مه‌ده‌نی و سیاسی كوردستان بوو له ده‌وری ئه‌و ته‌وژمه. ئێسته زۆربه‌ی ئه‌و پارت و لایه‌نانه‌ی كه ئاڵای سووریا‌ن له ده‌سته به‌رامبه‌ر ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی زۆر باشتر له جاران هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، جگه له هه‌ندێك لایه‌ن كه ئێسته له گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان شوێندانه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه، هه‌موو حزبه چه‌په‌كان دروشمی نه‌ته‌وه‌یی و باوه‌ڕ به چاره‌ی خۆنووسینیان له پێڕه‌و و پرۆگرامی حزبه‌كانیان گونجاندووه. له باشووری كوردستان ڕه‌وتێكی چه‌پی شوێندانه‌ر نییه دژایه‌تی ریفراندۆم بكات، به‌ڵكو حزبی شیوعی زۆر به رژدی به‌رگری له ڕیفراندۆمیش ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ی خۆیان به چه‌پ بزانن و دژایه‌تی ڕێفراندۆم بكه‌ن، ئه‌وه ڕێك به پێچه‌وانه‌ی بناغه‌دانه‌ری ره‌وتی چه‌پ واتا "لینین" ده‌جووڵێنه‌وه.