13 هاووڵاتی لە زێی گەورە خنكاون

:: PM:02:02:31/07/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی خەبات ئاشكرای دەكات، لە هەشت مانگی ڕابردوو لە زێی گەورەدا 13 هاووڵاتی خنكاون، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان ئاگەدار بن.

ئەمڕۆ دووشەم 31ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی خەبات لە ئامارێكیدا بڵاوی كردووەتەوە، لە هەشت مانگی ڕابردوودا 13 هاووڵاتی لە زێی گەورە خنكاون.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی ئاشكرای دەكات، ئەم ئامارەش بەپێی ئاماری بەشی تیمی ژێـرئاوی"غەواس"ـە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی خەبات، داوا لە هاووڵاتییان دەكـەین بەوریایییەوە ئاگەداری خۆیان بن ئەوانەی مەلەوانی نـازانن لە زێی گەورە نزیك نەبنەوە.

خنكانی هاووڵاتییان لە زێی گەورە بەردەوامی هەیە، ئەمەش بەهۆی ناشارەزایی و نەزانینی مەلەوانی هاووڵاتییان لە وەرزی گەرما بۆ خۆ فێنككردنەوە سەردانی دەكەن.

لە زێی كەڵەك تابلۆ هەڵواسراوە و تیایدا نووسراوە تكایە ئاگەدار بە لە مەلەكردن لەم شوێنە، چونكە ئاوەكە ڵێڵە و ڕووەكی سروشتی لە ژێر ئاودا هەیە.

شارۆكەی خەبات بەدووریی 36 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری شاری هەولێر و ڕێگەكەی ناوەندێكی نێوان هەرسێ‌ شاری هەولێر و دهۆك و مووسڵە.



وشە - رامیار جەواد